لەدوای دروستبونی دەوڵەتی عێراق تاوەكو ئێستا، سەركردە سیاسییەكانی كورد لەبڕیارەكانی ناوەند بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان ناڕازین، بەڵام هەمیشە دەستپێشخەربون لەبەشداریكردن لەپێكهێنانی پێكهاتەی سیاسیی لەعێراقدا، لەسەر كەموكورتی و شێوەی بەڕێوەچونی كاروبارەكانی كورد لەبەغداد ئەمان هەرگلەیی لەبەغداد دەكەن.
بەڵام سیاسییەكی وەكو (عەبدولكەریم ئەزەری) كە خۆی ئەندامی پەرلەمان بوە لەساڵانی چلەكان لەپەرلەمانی عێراقدا، لەیاداشتەكانیدا بەپێچەوانەوە ئەم راستییە دەگێرێتەوە، باس لە دانیتشنێكی مەجلیسی نەواب دەكات، ئەو دانیشتنە لەسەر شۆڕشەكانی بارزان بوە. ئەزەری دەڵێت: كوردەكان عێراقیانە بەرگرییان لە عێراق دەكرد و پاشان باسی كێشەی كوردیان دەكرد، بۆیە من هەستام بەرگریم لەكورد كرد.
ئەزەری دەگێڕێتەوە: لەهەمو كۆبونەوەكانی عێراقدا، شیعەكان بەرگرییان لەشیعە دەكردو سوننەكانیش بەرگرییان لەسوننە دەكرد، هەندێك پەرلەمانتاریش كە دەیانویست خۆیان لە مۆركی تایفیی دوردەخستەوە، بەڵام دواجار قسەكانیان هەر بەرگیركردن بوە لە عەرەب.
ئەزەری باسی ساڵانی چلەكانی سەدەی رابردو دەكات. ئێستاش عێراق، عێراقی چلەكانەو نوێنەرانی كوردیش هەروەكو ئەو نوێنەرانەن كە ئەزەری عەرەب لێیان ناڕازییەو بەكەمتەرخەم باسیان دەكات، لەبەرئەوەی نەمانبینی كاریگەریان لەسەر رەوشی سیاسی هەبێت. ئایا نوێنەرەكان دەكرێت دەست و پەنجە بخەنەسەر یەكێك لەو بابەتانەی كە چارەسەركراون بۆ میللەتی كورد؟ ئایا گشت حزبەكان كە بەشداری لە پێكهێنانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەن، چۆن دەڕواننە كاری نوێنەرەكانیان؟ ئایا كام حزب توانی لێپێچینەوە یان بەدواداچون بۆ كاری فراكسیۆنەكەی بكات؟ كام فراكسیۆن خزمەتی نەتەوەكەی زیاتركردوە، ئەگەر بڕیارە عیراقچێتی بكەین دەبێت نوێنەرەكانمان قسەی گەورەی نەتەوایەتی نەكەن. ئەگەر بڕیاریشە هەرئاوا چاوەڕێ بین دەبێت حزبەكان سنور بۆ بەشداری ئەم پشكە وەهمییە لەعێراقدا دیاری بكەن، یان پێداچونەوە بە هەیمەنەی وەهمی خۆیان و نوێنەرەكانیاندا بكەن. ئەگەر بپرسین كێ ئەتوانێت جیاوازی بكات لەكاری فراكسیۆنە كوردیەكان لەبەغداد ئەوا وەڵامەكەی لای هاوڵاتیان ئاشكرایە .