( سەبارەت بە خنکانی دوو گەنجیتر لە کۆیە)
بەشدار عوسمان:
ئەم رۆژانە جارێکیتر، بۆنی وشک بونەوەی جەستەی دوو گەنجی کۆیە گەیشتە کەشکەڵانی فەلەک،سەدان و هەزاران ویژدان زیندوو سەریان کرد بەپرسەی دوو گەنجیتری بێ ئومێد و سەرەخۆشیان لەدایک و باوکێکی تری جەرگ سوتاو کرد، دوو گەنجی خۆر لە خۆنەدیوی مەملەکەتی قەزا و قەدەر لەکڵاورۆژنەیەکى مانگى شەشدا ،ویستیان دوور لە بێ ئاوی و بێ کارەبای و جەنجاڵی شار لەمەرگی شێنەیی دوورکەونەوە،بەڵام مەرگی یەکجاری لەوێ ئامادە بو ! بەداخەوە ئەو هەفتەیەش بیریان هێناینەوە مەرگ لەهەمو شوێنێک ئامادەیی هەیە هەتا لە سەیرانەکانیش،دەسەڵاتی ئیداری تا ئێستا نەیتوانیوە کەمترین مەترسی لەسەر گیانی هاوڵاتیان کەمبکاتەوە مەرگ لەهەمو کات و شوێنێک ئامادەیی هەیە،رێگاوبانەکان جەبهەیەکن و رۆژانە دەیان مرۆڤ لەسەر شەقامەکان سارد دەکەنەوە ،نەخۆشی و نەبونی پێداویستیە تەندورستیەکان دەیان و سەدان خۆزگە و خولیا بەخاک دەسپێرێت، نائەمەنی شوێنی کار دەیان مناڵ هەمیشە لە چاوەروانی باوکیان دەهێڵێتەوە ئیتر بۆ ئەبەد باوکیان ناگەرێتەوە تا شیر و خۆراکیان بۆ بهێنێت . لەلایەکدا سەدان ملیۆن دۆلاریان لە گرد و تۆپۆڵکەکان خەرج کردوە و کۆشک و ڤێلایان لێ قور کردۆتەوە بۆ شوێنی حەوانە و رابوردنی خۆیان ،لەم لاشەوە بچوکترین شوین وسەرەتاترین ئەمنیەتیان بۆ پشودان و حەوانەوەی خەڵک نەهێشتۆتەوە و شانی خۆیان لەهەمو بەرپرسیاریەتیەک خاڵی کردۆتەوە و خهڵکیان به قهدهر سپاردوه !
ژیان و گیانی مرۆڤەکان هێڵی سورە و بێ نرخکردنی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە باجی گەورەی بەدواوەیە،هەموان مافی ژیان و خۆشی و رەفاهیەتمان هەیە،ئەگەر سامانێک هەیە دەبێت بۆ هەموان بێت چونکە هەموان خاوەنی ئەو وڵاتەن،دەبێت هەموان لەمافە مەدەنی و ئازادییەکان بەهرەمەند بن چونکە هەموان قوربانیاندا لەپێناوی، ئەوانەی پێچەوانەی ئەمە مامەڵەیان کرد خەڵکی برسی و تینوی ئازادی ولاتەکەیان لەنێو زێراب و کونەکان بەردبارانیان کردن .
دەبێ ئەوانەی تەمەنی گەنجیان بۆ ئازادی ئەو مەملەکەتە بەخشی،ئێستا بێنە مەیدان و بەدەسەڵاتدارانی شار بڵێن، ئێمە قوربانیمان بە شیرینترین ساتەکانی ژیانمان کە گەنجییە نەدا، تا وڵات ببێتە جەهەنەم و بۆ نەوەکانمان و هەمو شوێنێکی شار لە خەڵک ببێتە مەرگ و تیاچون و هەر لەحزەیەک چاوەڕیی مەرگی دۆست و ئازیزانمان بکەین . دەبێت پێیان بڵێن ئێمە ماڵ و مناڵ و خێزانەکانمان سەرگەردان نەکرد تا ئێستا مناڵەکانی ئێوە وەک مناڵی فیرعەونەکان بژین و رابوێرن و هەمو شوێنە خۆشەکان لەسەر خۆتان تاپۆ بکەن ومناڵانی ئێمەش لەنائەمەنی شوینەکان لاشەکانیان سارد ببێتەوە ..!
١٤-٦-٢٠١٥