رێژهی جیابونهوه ساڵ بهساڵ لهبهرزبونهوهدایه، لهسلێمانی ساڵی 2016 رێژهی جیابونهوه بهراورد بهساڵی 2015، نزیكهی 800 حاڵهتی جیابونهوه زیادی كردوه، دادوهرێك دهڵێت “ئێستا جیابونەوەو تهڵاق بووەتە وشەیەکی زۆر ئاسانو سەرزارهكی”.
ئا: تەرزە تەها
جوان “ناوێكی خوازراوه”، یەکێکه لەو خانمانەی هاتوه بۆ دادگا بهمهبهستی جیابوونەوە لەهاوسەرەکەی، ههرچهنده ماوەی ٢٠ ساڵە هاوسەرگیریان کردوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هاوسهرهكهی وهك خۆی ئاماژهی پێدهكات “ناپاکی لێدەکاتو لەگەڵ ئافرەت دەچێتە دەرەوەو هیچ خەرجیان ناکێشێت، خواردنەوە کهولیەکان بەکاردەهێنێت”، دهیهوێت لێی جیابێتهوه، ئەو وتی “پارەمان ناداتێ، بەس بۆ مەشروب هەیەتی، بۆ ئافرەت هەیەتی”.
وتیشی “کابرا ئاوابێت لەگەڵما ژیان چۆن ئەڕوات؟ کەس هەیە ژیان لەگەڵ شتی وا بکات؟!”.
جوان نمونهیهكه لهسهدان ئهو ژنانهی بههۆكاری جیاواز ساڵانه لهیهكتر جیادهبنهوهو خێزانهكانیان ههڵدهوهشێتهوه، بهپێی ئامارێكی فهرمی كه دهست ئاوێنه كهوتوه ساڵی ڕابردو مانگانە لەسلێمانی نزیکی ٤٠٠ خێزان لێکجیا بونهتهوە، كه ٤٦٧٤ حاڵهتی جیانوونەوە تۆمار کراوە، ئەمەش بەراورد بەساڵی ٢٠١٥ نزیکەی ٨٠٠ حاڵەت زیادی کردوە، لەهەمان کاتیشدا ڕێژەی هاوسەرگیری کەمی کردووە، لەساڵی ٢٠١٥دا ١٤٢٣٢ هاوسەرگیری کراوە، بهڵام لەساڵی ٢٠١٦دا کەم بووەتەوە بۆ ١٠٩٣٧، ئەمەس واتە نزیکەی ٣٣٠٠ هاوسەرگیری کەمی کردووە.
هۆکارەکانی جیابوونەوەی خێزانەکانن زۆرن بەڵام ئەوەی کە دیارترینیانە تەکنەلۆژیاو تۆرەلۆمەڵایەتییەکان، تێکەڵ بوونی کەسی سێیەم بۆ نا خێزانەکان، كێشهی داراییو ناپاکی هاوسەرو چاولێکەرییە.
تەکنەلۆژیاو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەئێستادا زۆر پێشکەوتوەو بووتە بەشێک لەژیانی زۆربەی کەسەکان، لایەنی باشو لایەنی خراپیشی هەیە، خراپ بەکارهێنانیشی کێشەی زۆری بۆ خێزانەکان دروستکردووە.
کامەران حهسهن فهرهج کە دادوەری پلە یەکی دادگای سلێمانیە، دەربارەی كاریگهری تهكنهلۆژیاو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لهسهر ههڵوهشاندنهوهی خێزان، ئاماژه بهوه دهكات كه یەکێک لەهۆکارهكانی تێكچونی شیرازهی خێزانهكان، زۆر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیایە بەشێوەیەکی خراپ، كه زۆر جار ناپاکی هاوسەری لێكهوتوهتهوه.
بهبڕوای ئهم دادوهره یەکێکی تر لە هۆکارەکان دەستخستنە ناو ژیانی تایبەتی هاوسەرەکانە لەلایەن کەسی سێیەم جا چ دایک، باوک، برا ،خوشک بێت لە هەر یەک لە لایەنەکان، ئهو وتی “هەموو ژنو مێردەکان کێشەیان هەیە، زۆرجار کێشەکەیان بچوکە، بەڵام بەخۆهەڵقورتاندنە ناو ژیانیان لەلایەن کەسی سێیەمەوە کێشەکان گەورە دەبن”.
یەکێک لەو دیاردانەی کە ئێستا لە زۆربەی کەناڵە کوردیەکان هەیە، پەخشکردنی دراما وەرگێڕدراوەکانی وڵاتانی ترە بهتایبهتی دراما توركییهكان، کە کلتورێکی جیاواز لەکلتوری کوردی نیشانی خهڵك دهدهن، ئهگهر خهڵك هوشیار نهبن، بهم درامایانه فریودهخۆنو ژیانی كۆمهلایهتییان لێتێكدهچێت.
جوان حامد کە داواکاری گشتیە لەدادگای باری کەسێتی سلێمانی، دەربارەی دراماکان باس لهوه دهكات كه کاریگەری خراپیان هەیە لەسەر کۆمەڵگەو لەبەرئەوەی ریكلام بۆ دابونەریتێک دهكهن کە لای ئێمە نیە، کێشە دەکەوێتە نێوان نەوەکان، ئهو وتی “هاوسەر هەبووە لاسایی یەکێک لەئەکتەرەکانی کردوەتەوە، هاوسەرەکەی ڕازی نەبوە بەم کارەو بوەتە هۆی لێکجیابوونەوەیان”.
دادوەر کامەرانیش جهعت لهسهر ههمان شت دهكاتهوه، ئهو وتی “بەڵێ کێشەمان زۆر هەیە کە لەسەر ئەم درامایانە جیا ئەبنەوە، لەدراماکان مێردی هەیەو پەیوەندیشی لەگەڵ کەسێکی تر ههیهو پێشیان ئاساییە، بەڵام ئایا لای ئێمە ڕێگە پێدراوە چ لەڕووی کلتور یان شەرع و دینەوە؟!”.
وتیشی “یەکێکی تر لەهۆکارەکان ناپاکی هاوسەرییە، نامەگۆڕینەوەی ناشەرعیە لەڕێی ئینتەرنێتەوە، کە لایەنی بەرامبەر دەزانێت دڵی لێپیس دەکات، زۆرجار ئەبێ بەناپاکی”.
قەیرانی دارایی وەک هەموولایەنەکانی تر کاریگەریی کردووەتە سەر خێزانەکان، جوان حامد پێیوابوو کە دوای قەیرانی دارایی جیابوونەوەش زیادی کردووە، کێشە داراییەکان لەبونی قەیرانی داراییەوە دەبێت، ئهو وتی “لەهەموو بارودۆخەکاندا کێشەی دارایی هۆکارێکی سەرەکییەو کێشە ئەخاتە ناو خێزانەکان لەدابینکردنی پێداویستیەکانی ژیان یاخود حەزو ئارەزووەکان”.
یەکێک لەوانەی کە زۆر دەچنە دادگاکان بۆ جیابوونەوە، ئەوانەن کە بەمنداڵی هاوسەرگیریان کردووە، دادوەر کامەران وتی “زۆربەی ئەو کەسانەی ئێستا هاوسەرگیریی دەکەن لهدایكبوی ٢٠٠٠کانن، كێشەی زۆربەشیان زۆر سەرەتاییە”.
جوان حامد ئەوەی ڕوونکردەوە کە ئەوانە کە دەچنە دادگاکان سكاڵایانه لهوهی هاوسهرهكانیان خەرجیان ناکێشن، هەمیشە خەریکی مۆبایلن، ڕێزی بەرامبەرەکەیان ناگرنت، مافی بەرامبەرەکەیان نادهنو وەک هاوسەر یان تا درەنگانی شەو نایەنەوەو چەندانی تریش، بەڵام ئەگەر بچیتە سەر ڕاستی بابەتەکە “ئەمانە کاتێک هاوسەرگیریان کردووە تەنیا بیریان لەئاهەنگێک کردوەتەوە یان ماڵێکیان دەبێت، بیرێکی قوڵیان بۆ هاوسەرگیری نییە”، ئهو وتی “١٦ ساڵ هاتووە قسەی لەگەڵ بکەمو ئیزنی هاوسەرگیری بدەم، کە هاتووە بۆ لام ئەقڵی نەبووە سهلامێ بکات، ئەڵێم باوکە ئەگەر ناتوانی سەلامێ بکەی، سبەینێ چۆن خێزان بەڕێوەدەبەیتو دڵی میوان ڕائەگریتو مافی پیاوەکەت دەدەیت؟!”.
وتیشی “کێشەی سەرەکی گەنجەکانمان بێ لە داراییەکە،تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، لەبەرئەوەی لای ئێمە بە دروستی بەکارنایەت، بەڵام کێشەی ئەو کەسانەی کە ساڵانێکە هاوسەرگیریان کردووە جیاوازە وەک لێدان ،سوکایەتی پێکردن، جنێو دڵپیسی و چەندانی تریش، لەهەژارەکانیشدا زیاترە تا دەوڵەمەندەکان کە ئەویش بۆ باری دارایی دەگەڕێتەوە”.
جیابونەوە و گەڵاق کاریگەری زۆری هەیە لەسەر کۆمەڵگا و هەردوو لایەنەکە و بە پلەی یەکیش لەسەر مناڵەکان، بە پێی یاساکان مناڵ هی دایکە، ئەگەر نەیویست ئەدرێت بە باوک، ئەگەر ئەویش بەخێوی نەکرد ئەدرێت بەخزمو کەسەکان، ئەگەر هەر کەس نەبو ئەدرێ بەخانەی بێ سەرپەرشتان، دادوەر کامەران دەربارەی مناڵەکان وتی “مناڵەکان زەرەرمەندی یەکەمن لەڕووی دەرونیو پێشکەوتنو خوێندن، واتە لە هەموو ڕوویەکەوە زۆر زۆر زەرەرمەندن، كه دواتریان ژیانیان بێنازیی پێوە دیارە”.
پێی یاساکانی باری کەسێتی چەندین جۆر شێواز و هۆکاری جیابوونەوە هەیە، هەر یەک لە ژن و پیاو مافی داوای جیابوونەوەیان هەیە، پێویستە دادەرەکانیش وریا و هۆشیار بن هەروەک دادوەر کامەران دەڵێت”حاکم، ئەبێ حاکم بێت و حەکیم بێت”،ڕۆشنبیری گشتی و سەرجەم جۆرەکانی ڕۆشنبیری ڕۆڵی خۆی هەیە،ئەبێ کەسەکان لە نرخ و پیرۆزی هاوسەرگیری تێبگەیەنرێت، دادوەر کامەران وتیشی” ئێستا جیابونەوە بووەتە وشەیەکی زۆر ئاسان و سەرزاری، ئەوەی هیچ نەبێ لایان گەڵاقە”،باسی لەوەش کرد کە “هاوسەرگیری یەکێکە لەوانەی ئەبێ بە ئەقڵ بیری لێبکرێتەوە نەک بەسۆزداری ، بەس ئێستا زۆربەی زۆری لایەنی سۆزداریە، بیر لەوە ناکەنەوە دوای چی ڕوودەدات،بەڵام کاریگەریەکانی دوای هاوسەگیری دەردەکەون”.