دوان لە هێرشبەرەکانی تیمی بەرانبەر زۆر بەتواناو لێهاتووبوون، ڕاهێنەر پلانی داڕشت و بەرگریکارانی هاندا کە چۆن ڕایان بگرن و دەرفەتی گۆڵکردنیان پێنەدەن، بەڵام لە بیست خولەکی تایمی یەکەمدا ڕێک پێچەوانەی ئەوە ڕوویدا کە ڕاهێنەر لێیدەترساو حەمەی بەرگریکاری لای چەپ بە هەڵە دوو گۆڵی لە خۆیان کرد، ڕاهێنەر بەهەموو هێزی هاواری لە بەرگریکارانی تیمەکەی دەکرد و دەیووت:” واز لە هێرشبەرەکانی ئەوان بێنن، حەمە بگرن حەمە”.
ئێستا ئەوەی لەنێو کایەی ڕۆژنامەنووسیدا دەگوزەرێت ڕێک لە چیرۆکی تیپەکەی حەمە دەچێت، کایەکە پڕ پڕە لەو ” حەمە”یانەی کە مەیدانی ڕۆژنامەگەرییان داغان و وێرانکردووەو ئەوەی دەسەڵات نەیتوانیوە بەرانبەر بە وشەو قەڵەم و میدیا بیکات ئەوان کردویانە.
ئیتیک کە جەوهەرو کۆڵەکەی کاری ڕۆژنامەگەرییە تا ئاستێکی زۆر لە کایەکەدا بزربووەو ئەو تاڵە مووەی کە لەنێوان کاری ڕۆژنامەنووسی و جاسووسیدا هەیە بە تەواوی خەریکە دەپسێت.
با نەخوێندەواری و ناهۆشیاری و بێسەلیقەیی ڕۆژنامەنووسانیش لەولاوە بوەستێت کە پاشاگەردانییەکی گەورەیان خولقاندووە.
مێژووی سی و سێ ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتی کوردی لێوان لێوە لە خراپەو تاوان بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان و لەو ڕووەوە هاو وێنەی دەسەڵاتە خراپەکانی دونیایە لەئاست ئازادی و ڕۆژنامەگەری و ڕۆژنامەنووسان.
خراپەکاریی و ڕوویەکی دیکەی هەرە ناشیرینی دوو هێزی دەسەڵات و حکومڕانانی هەرێم بەرانبەر کایەی ڕۆژنامەگەری کوردی، دروستکردنی سەدان زڕە ڕۆژنامەنووس و دەیان میدیای سێبەر و ساختەیە، ئەم پرۆسە ناشیرینەیان لە سەردەمی میدیای نووسراوەوە خستەگەڕو ئێستا لەسەردەمی میدیای ئەلیکترۆنیدا لە ترۆپکدایە.
بە بڕوای من دۆخی ئێستای ڕۆژنامەنووسی و ئەو پاشاگەردانییەی کە بەناو ڕۆژنامەنووسان و بەناو میدیاکان لە سێبەری میدیای ئەلیکترۆنیدا خولقاندووێانە، تەواو مەترسیدارەو مەترسیییەکەی هاوتای خراپەو مەترسییەکانی دەسەڵاتە بۆسەر کایەی ڕۆژنامەگەری و ئەو تاوانانەشی کە دەسەڵات و بازرگانە سیاسییەکان بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان ئەنجامی دەدەن، بەشێکی زۆری بەرهەمی شێواوی و پاشاگەردانی و درزەکانی ناو کایەی ڕۆژنامەنوسی خۆیەتی.
لە دروستکردنی پاشاگەردانی و باری لاری دونیای ڕۆژنامەگەری کوردیدا، نابێت ڕۆڵی ” حەمە زلەکان”ی ناو کایەکە نادیدە بگرین کە بەفرۆشتنی قەڵەمەکانیان و دەڵاڵیکردن لە بازاڕی کڕین و فرۆشتنەکەدا، تاوانێکیان کرد کە دە هێندەی خراپییەکانی دەسەڵات بەرانبەر کایەی ڕۆژنامەگەری سەختە، لەو زلە ڕۆژنامەنووس و قەڵەم بەدەستانە هەیە، ” بەناو” ڕێکخراو و سەنتەری هەیە بۆ بەرگریکردن لە ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندنکاران، کەچی بەڕۆژ لە تەلاری بەرپرسێکی دزو گەندەڵدا پاڵی لێداوەتەوەو بەشەویش لەگەڵ فەرخە گەندەڵێکدا سەری گەرم دەکات.
سالار مەحمود