سێکس فرۆشی دیاردەیەکی له مێژینه‌ی بازرگانییه که له‌سه‌ر بنه‌مای به‌کاڵاکردنی جەستەی سیکسی ژنه، ده‌بێ بوترێ پێگه‌ی ژێرده‌سته‌یی ژن له‌بواره جۆراوجۆره‌کانی ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و کلتووری گرینگ‌ترین پاڵنه‌ره‌کانی ئه‌م دیاردهیەن. واته هه‌ر چه‌شنه هه‌ڵسوکه‌وتێکی غه‌ریزی مرۆڤی ره‌گه‌زی نێر به که‌ڵک وه‌رگرتن له‌م نیزامه گه‌نده‌ڵه سه‌لمێنه‌ری دیارده‌ی سێکس فرۆشیه. له‌م رهفتارەدا مرۆڤی ژن ناچاره مل بۆ خواسته جنسیه‌کانی پیاو رابکێشی، واته دووره له‌هه‌ر چه‌شنه ئیراده‌یه‌ک که له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌یل و خواستی غه‌ریزی سیکسی خۆیه‌وه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ری بگرێ، هه‌روه‌ها ده‌ربڕینێکی غه‌ریزه‌ی سێکسی ره‌گه‌زی نێره‌و له به‌رامبه‌ردا و به‌هۆی ئه‌م په‌یوه‌ندیه سێکسیه یه‌ک لایه‌نه‌وه، ژن سودی مادی ده‌بینێ. لێره‌دا به‌و راستیه ده‌گه‌ین هۆکاری سه‌ره‌کی دیارده‌ی سێکس فرۆشی وقوربانی بوونی ژنان، ئابووریه. هه‌روه‌ک له‌سه‌ره‌تادا ئاماژه‌مان پێ‌کرد له‌بواری سایکۆلۆژییه‌وه تێک رووخانی که‌سایه‌تی و که‌رامەتی ئینسانی ژنه. له‌م په‌یوه‌ندیه ناعادلانه‌یه سێکسی ژن وه‌ک کاڵا ده‌کردرێ که خاوه‌نه‌که‌ی ره‌گه‌زی کڕیاری به‌رامبه‌ریه‌تی و ده‌توانین بڵێن ده‌ستدرێژیه‌کی به ئاشکرای پیاوه بۆسه‌ر ژن که به‌هۆی پاره‌وه ره‌وا ده‌کرێ.
دیارده‌ی سێکس فرۆشی دیارده‌یه‌کی لهمیژینهیه که به‌پانتایی مێژوو، عه‌قڵیه‌تی چه‌واشه‌ی پیاومه‌زنی له‌بره‌وپێدانی ڕۆڵی نه‌رێنی گێڕاوه. که‌ڵک وه‌رگرتنی به زۆره‌ملی ره‌گه‌زی نێر له سێکسی ژن بهپاڵنهره جۆراوجۆره‌کانی وه‌ک پاوانخوازی بواره‌کانی ژیانی ئابووری، کۆمه‌لایه‌تی، سیاسی و کلتووری به دریژایی مێژووی مرۆڤایه‌تی بوونی بووه. ئه‌م دیارده‌یه مێژووه‌که‌ی ئه‌وه‌نده کۆنه که ره‌نگبێ ته‌مه‌نی هه‌زاران ساڵه‌ی هه‌بێ که به‌داخه‌وه به‌هۆی تێپه‌ڕبوونی زه‌مه‌ن و باوه‌ره مرۆڤ ته‌وه‌ره‌کانیش ته‌نانه‌ت مرۆڤی پیشکهوتووش نه‌یتوانیوه ئه‌م دیارده دزێوه له ژیانی خۆی بسرێته‌وه. راستیه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گره که له‌بارودۆخی هه‌نووکه‌ییدا بازرگانه‌کانی سێکس فرۆشی به هۆی تاقم و بانده نێوده‌وڵه‌تیه‌کانه‌وه بۆ پڕکردنی گیرفانی سه‌رمایه‌داران په‌ره به دیارده‌ی سێکس فرۆشی ده‌ده‌ن که نموونه‌ی هه‌ره به‌رچاویان هه‌نارده‌و وهاورده‌ی ژنان و کچان له وڵاتانی جۆراوجۆر به تایبه‌ت رۆژهه‌ڵاتی ناڤینه به‌ره‌و ولاتانی رۆژئاوایی و سه‌رمایه‌داری. کۆمه‌ڵناسان و شاره‌زایانی بواری زانستیی کۆمه‌ڵناسی به تایبه‌تی کۆمه‌ڵناسانی پرسه‌کانی ژنان هۆکاره‌کانی سێکس فرۆشی به‌زۆر بابه‌ت و بواری کۆمه‌لایه‌تی ژیانی مرۆڤه‌وه گرێ ده‌ده‌ن ،به‌ڵام ده‌بێ بلێن که گرینگ‌ترین هۆکار و پاڵنه‌ری سێکس فرۆشی پرسی ئابووری و مه‌ودای به‌رینی چینایه‌تی و سه‌ربه‌خۆ نه‌بوونی ژنان و به‌شداری نه‌کردنیان له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانه که دیسان به‌و ئاکامه ده‌گه‌ین سیستمه گه‌نده‌ڵ و سه‌رمایه‌داره‌کان به ئامانجه‌وه په‌ره به دیارده‌ی سێکس فرۆشی ده‌ده‌ن. هۆکاری هه‌ژاری که په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به بواری ئابووری مرۆڤه‌وه هه‌یه و ژێرخانی هه‌موو پرسه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانه، گرینگ‌ترین هۆکار و پاڵنه‌ری دیارده‌ی سیکسفرۆشی ژنانه هه‌روه‌ها ناتوانین نکۆڵی له‌وه‌ش بکه‌ین که جیاوازییه به‌رچاوه‌کانی چینایه‌تی په‌ره‌پێده‌ری دیارده‌ی سێکسفرۆشین. له‌ناو کۆمه‌ڵگە دواکه‌وتوو و نه‌ریتی و ئایینسالارهکان سێکس فرۆشی به چاوێکی سووک سه‌یری ده‌کرێ و که‌سی سێکس فرؤش ده‌که‌وێته په‌راوێزی کۆمه‌ڵگەوه و که‌سایه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی لێ زه‌وت ده‌کرێ. له ناو ئه‌م جۆره کۆمه‌ڵگەیانه‌دا هه‌رگیز به شوێن هۆکاردا ناگه‌رێن، به‌ڵکوو له سه‌رکوتکردنی قوربانی به هه‌ر شێوه‌یه‌ک که بۆیان لوابێ دریغی ناکه‌ن. که‌سانی سێکس فرۆش که ناچارن سێکس فرۆشی بکه‌ن هه‌رده‌م ده‌که‌ونه په‌راوێزه‌وه ئه‌وه له حالێکدایه که کڕیارانی سێکسی ژنان به‌و روانگه‌وه سه‌یریان ناکرێ. له ناو کۆمه‌ڵگە رۆژئاواییه‌کان زۆر جار وه‌ک پیشه سه‌یری ئه‌م دیارده‌یه ده‌که‌ن، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه ئامانجی سه‌رمایه‌دارانی له پشته‌و دواتر به وردی ده‌یده‌ینه به‌ر باس و لێکدانه‌وه. له‌ناو ئه‌م کۆمهڵگەیانهشدا که‌سایه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی قوربانیان هه‌رچه‌ند وه‌ک کۆمه‌ڵگە نه‌ریتیه‌کان تێک نارۆخێندرێ، به‌ڵام به جۆرێکی دیکه روانینه‌کان هه‌ر ئه‌و روانینه‌یه و سیستم بۆ خاشه‌بڕکردنی ئه‌م دیارده‌یه هه‌نگاو هه‌ڵناگرێ. که‌سانی سێکس فرۆش له‌ناو کۆمه‌ڵگە رۆژئاواییه‌کان بۆ پڕکردنی گیرفانی سه‌رمایه‌داران له ژێر ناوی ئازادی تاکه‌کان وه‌ک کۆیله‌داری جنسی به ئاشکرا له‌ناوه‌نده تیجاریه‌کانی سێکسفرۆشی کڕین و فرۆشیان پێده‌کرێ و به‌م پیشه‌وه مژوڵن.
به‌داخه‌وه ئێمه شایه‌تی ئه‌وه‌ین که رۆژانه کۆیله‌داری نوێ واته قاچاخی ئینسان به پاڵپشتی ولاتانی سه‌رمایه‌داری و ده‌زگا ناوه‌نده‌کانیان به‌رێوه ده‌چێ. زیاتر له 80 له سه‌دی قوربانیان، ژنان و کچانی وڵاتانی دواکه‌وتوون که به واده‌و به‌لێن و درۆ ده‌رفێندرێن و بۆ وڵاتانی رۆژئاوایی راده‌گوازرێن، هه‌روه‌ها دواتر له‌ناو ئه‌م بازنه‌دا کڕین و فرۆشیان پێ ده‌کرێ. زۆر جاریش بینراوه بنه‌ماڵه که‌م داهاته‌کان به هۆی هه‌ژاری له‌راده‌به‌ده‌ر راسته‌وخۆ کچانی خۆیان ده‌فرۆشن. جیاواز له دوو هۆکاری هه‌ژاری و مه‌ودای چینایه‌تی له‌ناو کۆمه‌ڵگە ئیسلامیه‌کاندا ئه‌گه‌ر هۆکاری کلتووریشی لێ زیاد بکرێ ده‌بینین که رێژه‌یه‌کی به‌رچاو له قوربانیانی دیارده‌ی سێکس فرۆشی له‌ناو ئه‌م ولاتانه‌دا بوونیان هه‌یه و وه‌ک هه‌نارده‌ش بۆ رۆژئاوا به‌رێ ده‌کرێن. کلتووری چه‌قبه‌ستووی ئایینی، جیاواز له هه‌موو هۆکاره‌کانی ئاماژه پێکراو، به‌ربه‌ست بوونی ئازادی ژنان له بواره‌کانی ئازادی تاکهکهسیانهوه و ره‌چاوکردنی کۆمه‌ڵێک نه‌ریتی ئایینی وه‌ک ماره‌بڕان و به‌سترانه‌وه‌ی به زۆره‌ملێ ژن و پیاو به ژیانی هاوسه‌رێتی به شێوه‌یه‌کی نافه‌رمی و شاراوه دیارده‌ی سێکس فرۆشی په‌ره‌ی سه‌ندووه. یاساگه‌لی پیاوسالاری ئیسلامی وه‌ک مافی ته‌ڵاق که به‌ته‌نیا بۆ پیاو ره‌وا زانراوه ژن ناچار ده‌کا به کۆمه‌ڵێک به‌ربه‌ستی ئایینی و کلتوریش که بنه‌مای له هه‌مان ئایینه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ مل بۆ ژیانی زۆره ملی له‌گه‌ڵ ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ری بدات، که یاساکان به سه‌ریدا ده‌سه‌پێنن. له ئاکامی ئه‌م زۆرداریهش هه‌رچه‌نده به شێوه‌ی فه‌رمی ره‌وایی به په‌یوه‌ندی هاوسه‌رێتی ده‌درێ به‌ڵام له راستیدا ده‌ستدرێژی به ئاشکرای ره‌گه‌زی پیاوه بۆ سه‌ر ژن. له کۆتاییدا ده‌بێ بڵێن، هۆکار و پاڵنه‌ره‌کانی وه‌ک هه‌ژاری، بێ‌کاری، نه‌بوونی پشتیوانی کۆمهڵکە له ژنان، نه‌بوونی پشتیوانی سیستم، روانگه‌ی پیاومه‌زنی و مه‌ودای چینایه‌تی له‌په‌ره‌پێدانی دیارده‌ی سێکس فرۆشی ڕۆڵی نه‌رێنی ده‌گێڕن و نه‌مانی ئه‌م دیارده‌یه ته‌نیاوته‌نیا به نه‌مانی سیستمی سه‌رمایه‌داری مسۆگه‌ر ده‌بێ.