لاپەڕەی سەرەکی دۆسیەی تایبەت مینا، په‌ریی ده‌ریای سوری

مینا، په‌ریی ده‌ریای سوری

0 تێبینییەکان 19 بینینەکان

سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش:

ناوم مینایه‌، پێش دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر له‌ سوریاوه‌، له‌ حه‌مماوه‌ كه‌وتینه‌ڕێ. دایكم ناو به‌ ناو له‌ باوه‌شی ده‌گرتم. به‌درێژایی رێگا هیچ به‌جێینه‌هێشتم. هه‌ندێ به‌پێ ده‌ڕۆشتین، هه‌ندێ جار سه‌ر پاسی زۆر قه‌ره‌باڵغ و، بارهه‌ڵگری تۆزاوی ده‌بووین. رێگاكه‌ هه‌مووی چاڵوچۆڵ بوو، به‌ڵام دایكم هیچ به‌جێینه‌هێشتم. خه‌ڵكه‌ قه‌ره‌باڵغه‌كه‌ هه‌میشه‌ باسی شتێكیان ده‌كرد له‌ پاسه‌كه‌دا. هه‌ندێكیان زۆر گریان. له‌ راستیدا منیش گریام. باوكی منیان كوشت له‌ حه‌مما. نازانم له‌به‌رچی كوشتیان. ئه‌و كات دایكم زۆر گریا، منیش گریام.
رێگاكه‌مان زۆری خایاند. جارێكیان دوو منداڵ و پیاوێك گیانیان له‌ده‌ستدا. پیاوه‌كان ئه‌وانیان له‌ كه‌ناری رێگاكه‌ ناشت. مه‌زاری منداڵه‌كان بچووك بوون. دایكانیان توند باوه‌شیان به‌ مه‌زاره‌كانیاندا كرد، زۆر گریان و، نه‌یانده‌ویست بێن له‌گه‌ڵمان. به‌ڵام پیاوه‌كان ئه‌وانیان هێنایه‌وه‌.
هه‌ركات ده‌گه‌یشتینه‌ شوێنێك هه‌مووان كه‌مێك دڵخۆش ده‌بوون. هه‌ندێ له‌ پیاوان گوتیان هه‌ركات شه‌و داهات ده‌چینه‌ كه‌نار ده‌ریا و، سه‌ر كه‌شتی ده‌كه‌وین. به‌ دایكمیان گوت “ئێوه‌ ناتوانن بێن”. دایكم زۆر لێیان پاڕایه‌وه‌. پاشان سێ بازنه‌ی له‌ ده‌ستی دانا و دایه‌ ده‌ست پیاوه‌كان، ئه‌وانیش گوتیان “باشه‌ ئێوه‌ش وه‌رن”. داده‌ له‌یلا هه‌بوو. پێم گوت ده‌ریا چۆن شتێكه‌. ئه‌ویش گوتی “ئاوی زۆر زۆره‌. هه‌تا لێی بخۆیته‌وه‌ ته‌واو نابێت، ئه‌گه‌ر هه‌موو گونده‌كه‌ بیخۆنه‌وه‌ ته‌واونابێت”. له‌ گونده‌كه‌ی ئێمه‌ ده‌ریا نه‌بوو. من له‌ ژیانمدا ده‌ریام نه‌بینیبوو. دایكیشم نه‌یدیبوو. كاتێ به‌ تاریكی چووینه‌ كه‌نار ده‌ریا، هه‌ر نه‌مانبینی. پیاوه‌كان ئێمه‌یان سه‌رخسته‌ سه‌ر شتێ، وابزانم كه‌شتیی بوو. زۆر قه‌ره‌باڵغبووین. دایكم منی له‌ ئامێزگرت، هیچ جێینه‌هێشتم. پیاوه‌كان گوتیان به‌توندی ده‌ست بگرن. دایكم زیاتر منی له‌ ئامێزی خۆی گرت، منیش گوتم دایكه‌ ئه‌گه‌ر توند ده‌ست نه‌گرین چی ده‌بێت؟ دایكم هیچ شتێكی نه‌گوت. داده‌ له‌یلا گوتی “ده‌كه‌ویته‌ ده‌ریاوه‌، ده‌بیته‌ په‌ری ده‌ریا”. په‌ری ده‌ریا هه‌م كچه‌، هه‌میش ماسیه‌. ده‌ریاكه‌ هه‌ر شه‌پۆلی ده‌دا. له‌به‌رئه‌وه‌ی شه‌و زۆر تاریك بوو نه‌متوانی ده‌ریا ببینم. به‌ڵام ئاوی زۆر به‌ر ده‌موچاوم كه‌وت. به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئاوه‌كه‌ی خوێیاوی بوو من رشامه‌وه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ گونده‌كه‌ماندا ده‌ریا نه‌بوو هیچمان نه‌ده‌زانی له‌باره‌یه‌وه‌. ژنه‌ به‌ته‌مه‌نه‌كان زۆر نزایان كرد، دایكیشم هه‌روه‌ها. دایكم به‌منی گوت هیچ مه‌ترسه‌، زۆر كه‌می ماوه‌، كه‌مێكی دیكه‌ ده‌گه‌ین. من هیچ نه‌ترسام. به‌هۆی خوێیه‌كه‌وه‌ فرمێسك به‌چاوانمدا هاته‌خواره‌وه‌ و، كه‌مێكیش گریام. پیاوه‌كان گوتیان ده‌ریا شه‌پۆلی زۆره‌. هه‌ر هاواریان ده‌كرد و ده‌یانگوت ده‌ستان توند بگرن، دوایی ئه‌و شته‌ هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه‌.
له‌ گونده‌كه‌ی ئێمه‌دا ده‌ریا نه‌بوو، رووبارێكی بچووكمان هه‌بوو. له‌ناویدا ماسیه‌كان زۆر به‌خێرایی مه‌له‌یان ده‌كرد. له‌ راستیدا رووباره‌كه‌مان زۆر بچووكیش نه‌بوو، كه‌مێك گه‌وره‌بوو. له‌ كه‌ناری رووباره‌كه‌دا دره‌ختمان هه‌بوو. جارێكیان باوكم جۆلانه‌ی به‌سه‌ر ئه‌و دره‌ختانه‌وه‌ بۆ دروستكردم. ماڵمان له‌ كه‌ناری ئه‌و رووباره‌ بوو. دایكیشم له‌ گۆره‌ویه‌ كۆنه‌كان بووكه‌ڵه‌یه‌كی بۆ دروستكردبووم، من له‌ رێگادا له‌ ناو پاسه‌كه‌دا له‌بیرمكرد. ماڵه‌كه‌مان زۆر جوان بوو.
ئێمه‌ هه‌موومان كه‌وتینه‌ ناو ده‌ریاوه‌. دایكم زۆر به‌ توندی له‌ ئامێزی گرتم. له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ گونده‌كه‌ماندا ده‌ریا نه‌بوو نه‌مانزانی له‌ناویدا راوه‌ستین. دایكیشم نه‌یده‌زانی. له‌گه‌ڵ دایكمدا چووینه‌ ژێر ئاوه‌كه‌. پاشان كه‌مێك هاتینه‌ سه‌ره‌وه‌. به‌ڵام به‌هۆی قه‌ره‌باڵغی پیاوه‌كانه‌وه‌ هه‌میشه‌ ده‌كه‌وتینه‌ ژێر پێیه‌كانیانه‌وه‌، دووباره‌ كه‌وتینه‌وه‌ ژێر ئاوه‌كه‌، له‌وێشدا دایكم هیچ جێینه‌هێشتم، توند توند له‌ ئامێزی گرتم. به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئاوه‌كه‌ خوێیاوی بوو قوڕگم سوتایه‌وه‌. دایكم هه‌ر له‌ ئامێزی ده‌گرتم، منیش له‌ ناخمدا ده‌مگوت دایكه‌ مه‌ترسه‌، ته‌نها ده‌مویست كه‌مێك بگریم. دایكیشم هیچ نه‌ترسا، هه‌ر ته‌ماشای ناو چاوی ده‌كردم. ئیدی نه‌مانتوانی له‌ ژێر ئاوه‌كه‌ بێینه‌ ده‌ره‌وه‌.
من ناوم مینایه‌، ته‌مه‌نم پێنج ساڵه‌، پێش دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر له‌ حه‌ماوه‌ كه‌وتینه‌ رێ. ئێمه‌ له‌ ژیانماندا ده‌ریامان له‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌دیوه‌. ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك له‌ ناو ده‌ریاداین، ئیدی من په‌ری ده‌ریام. وابزانم نه‌بووینه‌ته‌ ماسی. وه‌ك ماسییه‌كان به‌ خێرایی ناچین بۆ هیچ شوێنێك. دایكم توند توند له‌ ئامێزی گرتم، هیچ جێمناهێڵێت. دایكان هه‌موو كچه‌كانیان زۆر خۆشده‌وێت.
گرتووخانه‌ی ئه‌دیرنه‌/28 ی نیسان
0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە