(فەزیلەتی تەواو ئەوەیە، کارێک لەگەڵ بەرانبەرەکەتدا مەکە، کە حەزناکەیت لەگەڵ خۆتدا بکرێت/کۆنفۆشیۆس)
جەعفەر عەلی:
ڕۆژانە و لەسەر زاری ئینسانی جیا جیا لە تەمەن، هۆشیاری، پێگەی کۆمەڵایەتی و دینی، هەڵگری بڕوانامەی باڵا، گوێبیستی وشەی (شەرەف) و پارێزگاری لە داب و نەریت دەبین.
ڕۆژانە لەسەر زاری خوێندەوار و نەخوێندەوار، گەنج و پیر، بەر دەیان وشەی زبر و بریندارکەر دەکەوین. یەکێک لە ژێر تایتڵی پارێزگاری لە داب و نەریتی کوردەواری نمایشی خۆی پێشکەش دەکات، یەکێکی دی بە کۆڵێک بڕوانامەی زانستییەوە دەبێتە جادووگەرێکی ڕاسپۆتینی و دۆزەرەوەی بۆمبی ناو جانتای کچانی زانکۆ، یەکێکی دی بە ڕیشێکی درێژ و ناوچەوانێکی گرژەوە تەنیا لەبەرئەوەی کچەکانمان لچک ناکەن و مرۆڤی ئازادن، چی ژەهری کۆنەپەرستی و ئایدیۆلۆژیای تاریک هەیە لە ڕێی تیڤییە بێ مۆڕاڵ و میدیا ناشیرینەکانەوە بە زمانی خوێن و شمشێر دەیگوازنەوە بۆ سەر سفرەی ماڵەکانمان.
خۆی بە عەلمانی دەزانێت و ئیعلانی حەرب لەگەڵ ئازادی ئینسان و مەدەنییەتدا دەکات، بانگخواز و ئیسلامییە و خۆی بە پارێزەری داب و نەریتی کۆمەڵگە دەزانێت، بەڵام بە زمانێکی شڕی بێ مۆڕاڵ چی نەریت و عورفی ئینسانی، ژیان و ئازادی و کەرامەتی مرۆڤ هەیە دەیخاتە بەردەم پەلاماری ئاستێکی نزم و شەق و شڕی زمانەوە.
دەسەڵات شەق دەوەشێنێ، شەق لە مامۆستا، لە خۆپێشاندەری مەدەنی، لە خوێندکاری زانکۆ! گەنجیش وەک گورگی برسی هەموو هێزی خۆی و بوونی چەپێنراوی لە کچێکی گەنجی شاردا بەتاڵ دەکاتەوە. دەسەڵات ئەوی لە هەموو بوونێکی مرۆڤێکی ئاسایی بەتاڵ کردۆتەوە، ئەویش بە هەموو بەتاڵی خۆیەوە لەبری پیرۆزبایی و جەژنانەی ساڵی نوێ، شەق و جوێن و سوکایەتی بەسەر جەستەی کچێکی گەنجدا دەبەشێتەوە.
توندوتیژی و بێڕێزی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هەمووی لە دونیای دینەوە نەهاتووە، هەمووی پەیوەندی بە دونیای دینەوە نییە، لانیکەم ئەم بێڕێزییەی دوێنێی هوانە لە سلێمانی ڕەنگە هەمووی پەیوەندی بە ئایدیۆلۆژیا و ڕیشەی دینییەوە نەبێت، بە بڕوای من بەشێکی گەورەی شەقوەشێن و شەقاوە سەرخاڵییەکانی دوێنێ، گەنجی مولتەزیمی دینی و کوڕانی ناو دونیای ئایدیۆلۆژیای دینی نین، بەڵکو نەوەی دەسەڵاتێکن، کە بە بەرچاویانەوە خودی دەسەڵات و کوڕانی دەسەڵاتدارانی سیاسی و حیزبی، نە تەنیا شەق، بەڵکو لە ڕێی فیشەکی دەمانچە و تفەنگەکانیانەوە ژیانیش لە مرۆڤ دەسێننەوە، هێزێکی قانونیش نییە ملکەچی سوڵحە عەشایەرییەکان نەبێت و سزای دادپەروەرانە و قانونیان بدات، ئیدی گۆڕەپانەکە ئاوەڵایە و سەرەنجام ڕووداو و دیمەنەکان بەم جۆرە بەردەوام دەبن:
دەسەڵات شەق لە مامۆستا و خوێندکاری زانکۆ دەدات، مامۆستای زانکۆ و مەلای دینی سوکایەتی بە ئازادی و کەرامەتی ئینسانەوە دەکەن، کوڕ و کچی بەرپرسانی حیزبی لەبری شەق و وشەی زبر، گوللەی حیزب لە جەستە و سەری گەنجانی گیرفان بەتاڵ، بەتاڵ دەکەنەوە، ئیدی لێرەوە تێدەگەین بۆچی ماتۆڕسوارەکانی هوانەش هەرچی بێ مۆڕاڵی و هێزی چەپێنراوی خۆیان هەیە لە پەلاماردانی جەستەی کچێکی گەنجدا خاڵی دەکەنەوە.
بەشبەحاڵی خۆم گرفتەکە هەمووی لەو دین و ئەو عەقڵیەتە کۆنزەرڤاتیڤەدا نابینم، کە بە هەموو هێزی تاریکی خۆیەوە پەلاماری ئازادی دەدات و خەریکە دەبێتە گوتارێکی ترسناکی پەلاماردەر لە کۆمەڵگەدا، بەڵکو دەبێ لەو مامەڵەیەشدا بۆی بگەڕێین، کە خەڵکانێکی زۆر درۆزنانە لە ژێر ناوی عەلمانییەت، مەدەنییەت، دیموکراسی و مافی مرۆڤەوە، لە ئاستی کۆمەڵایەتی و زانستی جیاوازدا، تەغزیەی زیندووهێشتنەوەی میتۆدی سوکایەتی و شەق، درێژکردنەوەی ڕۆح و تەمەنی کۆنەپەرستی لە کۆمەڵگەدا پێدەکەن.
ئەو دەسەڵاتەی شەق دەوەشێنێت دەبێ بزانێت، دەمێکە شەرەفی سیاسی تکاوە، ئەو پیاوە دینییەی بە ناوی دین و خوداوە سوکایەتی بە توێژە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان دەکات، دەبێ بزانێت کێشی وەک چڵەپوشێک وایە، ئەو مامۆستایەی زانکۆ، کە دەبێ بە جادووگەر و سەری پڕ لە جادووی دەخاتە ناو جانتای کچانەوە، دەبێ بزانێت خەریکی هەموو شتێکە، جگە لە زانست، مەعریفەی زانستی و پەروەردەیی، ئەو ڕەوە گەنجە ماتۆڕسوارانەی دوێنێش، کە جەستەی کچێکی گەنجیان کردە تاقیگەی مەشقی بەتاڵی زمانی سوکایەتی و شەقەکانیان، کوڕی ئەو دەسەڵات و بانگخوازە پەلاماردەر و مامۆستایەی زانکۆن، کە لەبری زانست، خەریکی خورافەی شەرەف و سوکایەتی بە ئازادی و مرۆڤبوونی خوێندکارەکانییەتی.