لاپەڕەی سەرەکی دۆسیەی تایبەت رێكخراوی ماڵی ئازادی: لە 2016دا عێراق خوێناویترین وڵات بوە بۆ رۆژنامەنوسان

رێكخراوی ماڵی ئازادی: لە 2016دا عێراق خوێناویترین وڵات بوە بۆ رۆژنامەنوسان

0 تێبینییەکان 14 بینینەکان

رێكخراوی ماڵی ئازادی بۆ داكۆكیكردن لەئازادی رۆژنامەگەریی رایدەگەیەنێت “لە 2016دا عێراق خوێناویترین وڵات بوە بۆ رۆژنامەنوسان”.
رێكخراوی ماڵی ئازادی (فریدم هاوس) كە رێكخراوێكی نێودەوڵەتیە بۆ داكۆكیكردن لەئازادی رۆژنامەگەریی راپۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاوكردەوە‌و تیایدا ئەو وڵاتانەی دیاری كرد كە بۆ كاری رۆژنامەنوسان مەترسیدار بون.
لەراپۆرتەكەی ماڵی ئازادیدا هاتوە “بەهۆی هەڕەشەی بێ پێشینە‌ لەرۆژنامەنوسان و كەناڵەكانی راگەیاندن لە‌وڵاتانی مەزنی دیموكراسی و سەركوتكردنی چڕی دەوڵەتە دیكتاتۆرییەكان و هەنگاوەكانی چین و روسیا بۆ زیاتركردنی كاریگەریی لەدەرەوەی سنوری خۆیان، ئازادی رۆژنامەگەریی لەساڵی 2016دا بۆ خراپترین ئاستی لەماوەی 13 ساڵی رابردودا دابەزیوە”.
بەپێی راپۆرتەكە “جێنیفەر دونهام، بەڕێوەبەری لێكۆڵینەوە لەرێكخراوەكە وتویەتی “سەركردە سیاسییەكان و هێزە سیاسییەكانی دیكە لە‌ژمارەیەكی زۆر لەوڵاتانی‌ دیموكراسی وەكو ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا، پۆڵەندا، فلیپین، ئەفریقای باشور، هێرشیان كردوەتە ‌سەر دەسەڵاتی میدیای ئازاد و رۆژنامەگەریی بنیاتنراو لەسەر ڕاستی و رۆڵی ئەو دەسەڵاتەیان لەكۆمەڵگا ئازادەكاندا رەتكردوەتەوە”.
بەپێی راپۆرتەكە هەریەك لەوڵاتەكانی پۆڵەندا‌و توركیا‌و بۆرنۆدی‌و هەنگاریا‌و بۆلیڤیا‌و سربیا بەراورد بەساڵانی رابردو ئاستی ئازادییان بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە‌و پاشەكشەی كردوە.
هەروەها لەراپۆرتەكەدا هاتوە “شەڕە بەردەوامەكان لەعێراق و سوریا و یەمەن وایكردوە ئەو وڵاتانە سێ خوێناویترین وڵات بن بۆ رۆژنامەنوسان لەساڵی 2016 دا”.
رێكخراوی ماڵی ئازادی (فریدم هاوس) رێكخراوێكی ناحكومییە‌و بارەگاكەی لەوڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە‌و توێژینەوە لەبواری دیموكراتی‌و ئازادی سیاسی‌و مافەكانی مرۆڤ ئەنجام دەدات‌و پاڵپشتی لێدەكات. لەمانگی تشرینی یەكەمی 1941 دامەزراوە‌و دروشمی سەرەكی رێكخراوەكە بریتییە (دەنگی بێگەردی دیموكراتی‌و ئازادییە لەسەرتاسەری جیهان”.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە