
له‌و راپۆرته‌ی كه ماڵپه‌ڕی (گڵۆباڵ ئینته‌گره‌یشتن) بڵاوی كردوەته‌وه هاتوه، دوبه‌ی له هه‌مو شارێك پڕ جموجۆڵتره، به رێگه‌كانی گواستنه‌وه‌ی به جیهانه‌وه‌و، به نوێترین داهێنراویان له هێڵه ئاسمانیه‌كان و، ئابوری و، جۆراوجۆری دانیشتوانه‌كه‌ی له روی ره‌گه‌زیه‌وه.
“كیڤن هول”ی ئاماده‌كاری راپۆرته‌كه‌ش ده‌ڵێت؛ دوبه‌ی خاوه‌نی سه‌رمایه‌ی نه‌وت نیه كه جێی باس بێت، به‌ڵام ستراتیجه‌كه‌ی به‌ڕوی جیهاندا كردویه‌تیه‌وه، و بنیاتنان و سه‌رنجڕاكێشی ژێرخانه ئابوریه‌كه‌ی ته‌واوبوه.
ئه‌وه‌ی سه‌رنجی راكێشام ئه‌و چاوپێكه‌وتنه رۆژنامه‌وانیه‌بو له‌گه‌ڵ ئه‌ندازیار (شێخ محه‌مه‌د بن را‌شد) ئه‌نجامدرابو، كاتێك رۆژنامه‌نوسه‌كه پرسیاری لێده‌كات؛ ده‌مه‌وێت له باره‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌وه پرسیار بكه‌م، كه پێشتر بیستمان، ئه‌ویش چیرۆكی دروستكردنی شارێكی هاوشێوه‌ی دوبه‌ی بو له لیبیای سه‌رده‌می قه‌زافی، له‌ڕوی ژێرخان و هاوكات سه‌نته‌رێكی دارایی بێت، بۆچی پرۆژه‌كه راگیرا؟!
شێخ محه‌مه‌د وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێت؛ له راستیدا قه‌زافی په‌یوه‌ندی پێوه‌كردم و وتی، ئه‌ی محه‌مه‌د، ده‌مه‌وێت شارێكی هاوشێوه‌ی دوبه‌ی له لیبیا دروستبكه‌ین، به سروشتیش نه من و نه براكانیشم ناتوانین بڵێین نه‌خێر، بۆ هه‌ر وڵاتێكی عه‌ره‌بی كه داواكاریه‌كی هه‌بێت، ئێمه وه‌فدێكی پسپۆرمان نارد، له ره‌شماڵه‌كه‌ی قه‌زافی دید و پرۆژه‌ی خۆیان بۆ خسته‌ڕو، به‌ڵام روبه‌ڕوی گه‌نده‌ڵیه‌كی به‌ربڵاو و ناله‌بار بوینه‌وه، به نمونه گه‌ر پرۆژه‌یه‌ك (100) دۆلار تێچوه‌كه‌ی بوبێت، ئه‌وان به (1000) دۆلار دایانناوه، واته 100 دۆلار بۆ به‌ڵێنده‌ر و 900 دۆلاریش بۆ لێپرسراوه‌كان، بینیمان پرۆسه‌كه له راده‌به‌ده‌ره، به‌و هۆیه‌وه كشاینه‌وه‌و، له دڵی خۆمدا وتم چی ده‌بێت با ببێت.
له راستیدا ئه‌و په‌تایه‌ی وڵاتانی گرتوەته‌وه‌و خۆشیان به وڵاتێكی كۆن ده‌زانن “حوكمی سه‌ربازی”و كوده‌تاچیه‌كانه، كه رۆژێك له رۆژان سه‌ركه‌وتو نه‌بون، نه له شه‌ڕه وێرانكاریه‌كانیان و نه له هه‌نگاوه شارستانیه‌كانیشیان.
به نمونه له سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا له سوریا و عێراق و میسر و سودان، خوێندنگه‌و زانكۆ و ئۆتۆمبێل و فڕۆكه‌و شه‌مه‌نده‌فه‌ر و رادیۆ و رۆژنامه‌و نه‌خۆشخانه‌و سینه‌ماو شانۆ هه‌بون، له هه‌مو ئه‌مانه‌ش گرنگتر حیزب و ژیانی په‌رله‌مانی بو، له كاتێكدا ته‌نها گڵۆپێك له كه‌نداو نه‌بو روناكی بكاته‌وه.
وڵاتانی كه‌نداو ئاگاداری ئه‌و هه‌مو پێدراو و ده‌سكه‌وتانه‌ش نه‌بون و ته‌نانه‌ت به كۆچه‌ری ناوده‌بران، یاخود “په‌ترۆل” شه‌ش ده‌یه پێش وڵاتانی كه‌نداو له لایه‌ن ئه‌و وڵاته كۆنانه‌وه به‌كارخرا.
ئه‌گه‌ر بمه‌وێت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بنوسم هه‌مو په‌ڕه‌كانی ئه‌م رۆژنامه‌یه به‌ش ناكات، به‌ڵام “خیر الكلام ما قل و دل”.
راسته كه وتراوه (نه‌زان دوژمنی خۆیه‌تی)
مشعل السدیری
له عه‌ره‌بیه‌وه/ سه‌ریاس سه‌مین
سه‌رچاوه/ الشرق الاوسط