موژگان عەباسلوو
و: شەماڵ وەلی
پێم بڵێ کە ڕۆیشتم خۆڕاگر بە
پێم مەڵێ کە ڕۆیشتم خۆڕاگر بە؛
بە کەسێک کە مەلە نازانێت
ناڵێن لە نوقمبووندا پەلە مەکە!
بێدەنگ بڕۆ و دەرگاکە لە پشت سەرت دابخە
بۆ ئەوەی من دەنگی ئەو باڵندەیە نەبیستم
کە نازانێت کەسێک بە ڕۆیشتنی
دەتوانێت شارێک لە دانیشتووان بەتاڵ بکات
تا تۆ بگەیتە وێستگەکە
ئەم ماڵە لە بێدەنگیدا نوقم بووە
تەکنیک
بەهێزترین پیاوی جیهان
ئەو پۆستەچییانەن کە نازانن
چ بارستایییەکی مەزنیان لە دەرد و خەفەت
لەگەڵ خۆیاندا هەڵگرتووە
لەوان بەهێزتر تۆیت
کە دەتوانیت بە تەنیا چەند وشەیەک
کەمەری من بشکێنیت
سبەی
ئێستا کە هاتوویت
لە ڕابردوو مەپرسە
لە ڕۆژی خۆرەتاودا
لە بەفری قورسی شەوی پێشوو
چی دەمێنێتەوە؟
بیرەوەری
باڵندەکان
کە دەگەنە یەک
هێلانە دروست دەکەن
من و تۆ
بیرەوەری
نابیرەوەری
چەندە چای
کە نەمخواردنەوە
لەو کافێیانەی
کە لەگەڵ تۆدا بۆیان نەچووم و
چەندە ئەو کورسییانەی
کە منیان لە تەنیشت تۆوە
نەدیتوو
لە بیر کرد