هه‌ندێك ساته‌وه‌خت له مێژوودا هه‌ن كۆمه‌ڵگا تیایاندا ده‌رقه‌تی حوكمڕانه‌كانی نایه‌ت، خه‌ڵك ناتوانن ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێت و به‌ڕاستی ده‌زانن به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتداراندا بیسه‌پێنن.
ئه‌مه‌ش، وه‌ك زۆرانێك پێیانوایه، له «بێده‌ربه‌ستیی» و «گه‌مژه‌یی» و «گاگه‌لیی» كۆمه‌ڵگاوه نایه‌ت، له‌وه‌شه‌وه نایه‌ت كۆمه‌ڵگا حه‌زی به كۆیلا‌یه‌تی بێت و چێژ له ئیهانه‌كردن وه‌ربگرێت.
به‌ڵكو زۆربه‌ی جار له دڕنده‌یی و نابه‌رپرسیارێتیی و به‌دره‌وشتیی ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه دێت، له وه‌گه‌ڕخستنی هه‌موو شتێكه‌وه دێت كه بتوانێت مرۆڤ زیاتر و زیاتر بترسێنێت و ئه‌وه‌ی تێدا بچێنێت كه بوونه‌وه‌رێكی بچووك و بێ‌نرخ و بێمانایه.
له دونیادا شێوازێك له حوكمڕانان هه‌ن سه‌ره‌تا هێڵێك له نێوان خۆیا‌ن و دونیادا ده‌كێشن، دوای ئه‌وه باكیان به‌وه نییه بۆ پاراستنی خۆیا‌ن دونیا وێرانبكه‌ن.
وێنه‌ی ئه‌و ئافره‌ته ئازا و نه‌ترس و ئازایانه‌یه كه دوای شۆڕشی ئێرانی ساڵی ١٩٧٩، به‌و ژماره گه‌وره‌یه، چوونه سه‌ر شه‌قامه‌كان و بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زاییا خۆیا‌ن دژ به سیاسه‌تی سه‌پاندنی حیجاب و سیاسه‌ته دژه-ژنه‌كانی تری كۆماری ئیسلامیی.
ڕۆژانی دوای ئه‌و ناڕه‌زایى ده‌ربڕینه ڕۆژانی جه‌نگی ده‌سته‌ویه‌خه‌ی نه‌وان ئه‌و ژنانه‌ن و كۆماری ئیسلامیی بوو.
به‌داخه‌وه ژنانی ئێران ئه‌و جه‌گه‌یان دۆراند و ئاخونده دینییه حوكمڕانه‌كانی ئه‌و وڵاته ئه‌وه‌ی ویستیان به‌سه‌ر ژنان و كۆمه‌ڵگای ئێرانی‌دا سه‌پاندنیان.
ئه‌م وێنه‌یه یه‌كێكه له‌و وێنه ده‌گمه‌نانه‌ی كه هێما بۆ خه‌بات و به‌رگرییه‌كی دۆڕاو ده‌كه‌ن له‌و ناوچه‌یه‌ی ئێمه‌دا. ئه‌وه‌ی گرنگه بیزانین ئه‌وه‌یه كه ڕاسته كۆمه‌ڵگا ده‌شێت نه‌ك جه‌نگێك به‌ڵكو چه‌نده‌ها جه‌نگ بدۆڕێنێت، به‌ڵام هاوكات ئه‌و جه‌نگانه ده‌بن به به‌شێك له «یادەوه‌ریی به‌رگریی» و «ڕه‌مزیی ته‌سلیمنه‌بوون» به‌وه‌ی كه هه‌یه و دروستكراوه، هه‌روه‌ها یادەوه‌ریی و ڕه‌مزانه به‌رده‌وام بۆ ناو واقیع و ساته‌وه‌خه‌ته مێژووییه جیاوازه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
له‌مه‌شدا نه‌ك ته‌نها قورساییه‌كی ئه‌خلاقیی و ویژدانی گه‌وره‌ش له‌سه‌ر نه‌وه تازه‌كان و كه‌سه زیندوه‌كان به‌جێده‌هێڵن، به‌ڵكو وزه‌ی به‌رگرییكردنیش به‌هێزترده‌كه‌ن و درز و شه‌به‌قی پڕ ئومێد به‌سه‌ر دونیایه‌كی تازه‌دا ده‌كه‌نه‌وه.
مێژووی به‌رگریكردن له ڕابردوودا به‌رده‌وام به‌شێكه له كرده‌ی به‌رگریكردن له ئێستادا، ده‌شێت سه‌دان هۆكاری به‌هێز له ئارادابێت بۆئه‌وه‌ی مرۆڤ نا‌ئومێد بێت، به‌ڵام نیوهۆكار بۆ ئومێد به‌سه بۆئه‌وه‌ی ده‌سبه‌رداریی جاوه‌ڕوانیكردنی دونیایه‌كی باشترنه‌بین، بۆئه‌وه‌ی باوه‌ڕ به ئاینده له ده‌ستنه‌ده‌ین.
مەریوان وریا قانع