ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ڕاپۆرتێکی لەبارەی دۆخی دەستگیرکراوەکانی سێ گرتووخانەی گەیارە و حەمام عەلیلی سنوری پارێزگای نەینەوا کردووە کە دەستگیرکراوەکان بە تۆمەتی پەیوەندیان بە داعشەوە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی عێراقەوە دەستگیرکراون.
ڕێکخراوەکە دەربارەی گرتووخانەیەکی گەیارە ڕایگەیاندووە ژوورێکی گرتووخانەکە کە ڕووبەرەکەی چوار بە شەش مەترە ١١٤ پیاوی تیادا دەستگیرکراوە، هەروەها ژوورێکی دیکەی هەمان گرتوخانە کە ڕوبەری سێ بە چوار مەترە ٣٨تۆمەتباری تیادا دەستگیرکراوە و هەر ژوورەش یەک تەوالێتی هەیە و هیچ کام لەو سێ گرتووخانەیەش شوێنی خۆشتنی نیە و دەستگیرکراوەکان لە ژوورەکانیاندا ناندەخۆن.
ڕێکخراوەکە نوسیویەتی، ژوورەکانی دەستگیرکراوەکان هیچ کەلوپەل و دۆشەکێکی تێدانیە هەر دەستگیرکراوێکیش ڕوبەرێکی زۆر کەمی بۆ خەوتن بەردەکەوێت، هاوکات ژوورەکانی دیکەی گرتوخانەکە بچوکترە.
ڕێکخراوەکە باسی لە گرتووخانەیەکی دیکەی شارۆچکەی گەیارە کردووە کە ٢٧٠ تۆمەتباری داعشی لێدەستگیرکراوە، ئەو کاتەی ناوچەکە لە ژێر دەستی داعشدابووە گرتووخانەکە بەر موشەکی چەدارانی داعشکەوتووە و زیان بەر سەقفی ڕاڕەوەکەی کەوتووە، ستافی گرتوخانەکەش بە ڕێکخراوەکەیان وتووە، بینای گرتووخانەکە هەموو ساتێک مەترسی ڕوخانی لەسەرە.
ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە، گرتووخانەکان لە ژێر دەسەڵاتی دەزگای هەواڵگری سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق و وەزارەتی دادی عێراقدایە ، دەستگیرکراوەکان پێش دادگاییکردنیان بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەی پێویست لەسەریان لەلایەن دەزگای هەواڵگریەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت کە بتوانن بە پێی یاسای ژمارە ١٣ ی ساڵی ٢٠٠٥ی دژە تیرۆر مامەڵەیان لەگەڵدابکەن.
دواتر دادگا بڕیاری ئازادکردنیان بۆ دەردەکات یاخود دەگوازرێنەوە بۆ گرتوخانەکانی بەغدا و لەوێ سزادەدرێن.
ڕێکخراوەکە ڕاشیگەیاندووە بەشێک لە دەستگیرکراوەکان بۆ ماوەی چەندین مانگ دەستگیرکراون بە بێ ئەوەی دادگایی بکرێن و هەرچەندە ستافی گرتوخانەیەکی گەیارە بە ڕێکخراوەکەیان وتووە تۆمەتبارەکان تا چوار مانگ دەستگیردەکرێن و دواتر چارەنوسیان یەکلادەکرێتەوە بەڵام بە گوێرەی بەدواداچونەکانی ڕێکخراوەکە تۆمەتبار هەبووە کە ماوەی ٦ مانگ دەستگیرکراوە.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بە کەمی پێداویستی تەندروستی لە گرتوخانەکانیش کردووە و ڕاشیگەیاندووە چوار دەستگیرکراو بەهۆی نەبوونی پێداویستی تەندروستیەوە مردوون و دوو تۆمەتباری دیکەش برینەکانی قاچیان چارەسەرنەکراوە تا گەیشتووەتە ئەوەی قاچیان ببڕێتەوە.
هیومان ڕایتس وۆچ ڕەخنەی ئەوەی لە بەرپرسانی گرتووخانەکان گرتووە کە لە نێو دەستگیرکراوەکاندا مێردمنداڵی تەمەن ١٣ هەبووە و تێکەڵ بە دەستگیرکراوەکانی دیکە کراون.