هۆکارەکانی نائافراندنی شاکاری ئەدەبی و سینەمایی لەمەڕ تاوانێکی گەورەی وەک ئەنفال مایەی تێڕامانێکی قوڵە، ئامانجی ئەم وتارە ئەوەیە بەتەنیشت لێکۆڵینەوەی زانستییەوە بۆ ئەم تراژیدیایە، هونەریش ڕۆڵی خۆی ببینێت و وەک تاوان و تراژیدیاکانی تری هاوشێوەکانی مرۆڤایەتی بۆ نمونە تاوانی هۆڵۆکۆست و جینۆسایدی ئەرمەنەکان بەراورد بکرێت و داهێنانی ئەدەبی و هونەری لەبارەیەوە بکرێت .
دوای ٢٩ ساڵ لە تێپەڕینی تاوانی ئەنفال و ٢٥ ساڵی بەناو (ئازادی) و دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەرێتی هێشتا ئەنفال نەبووەتە خەم و پرسێکی نەتەوەیی چ جای ئەوەی بکرێتە پرسێکی نێودەوڵەتی! ئەم پرسە بۆ هەموو تاکێکی کورد؟ وەک یەکە هەموومان لێی بەرپرسیارین، بەداخەوە هەتا ئەمڕۆ گوتاری ئێمە دەربارەی ئەنفال ناچێتە خانەی چالاکبوونمانەوە، ئەگەر چالاکی وەک پرۆسەیەکی ڕۆشنبیری باس بکەین نەک وەک جوڵەیەکی ئەبستراکت، ئەگەر لە ساڵانی ڕابردوودا، کەمە کارێک کرابێ ئەوا هێندەی گێڕانەوەیەکی کرچ وکاڵ و بێ دیقەت بووە (لەزمانی قوربانیەوە) هێندە کارێک نەبووە نەک دەرەوەی خۆمان بەڵکو خۆشمان ڕاچڵەکێنێ. تەنانەت ڕێگەمان نەداوە قوربانیەکان وەک خۆیان بدوێن بەڵکو هەوڵمانداوە بەخواست وبۆ خواستی ئێمە بدوێن !
هەر لە سۆنگەی ئەو بێ دەربەستیەوەیە، کە ئێمە نەک نەبووینە خاوەنی یادەوەری بگرە نەبووینە خاوەنی ڕۆژێکیش بۆ یادەوەری، ڕاستە هەموو ساڵێک لەهەڵەبجە یادی ١٦/٣ دەکرێتەوە، بەڵام خۆ ئەو یادەوەرییە نەیتوانیوە بەلای کەمەوە بەرپرسانی هەڵەبجە لە ڕۆتینات دابماڵێ و بیانکات بەکەسانێکی نمونەیی! تەنانەت هەڵەبجەی نەکردووەتە شاری ئاشتی بەڵکو تابلۆیەکی بۆ دروستکراوە بەناوی پایتەختی ئاشتی، ١٤ی نیسان هێشتا نەبووەتە یادەوەری سەراسەری، بۆیە لە مانگی ئازارو نیساندا هەر ڕۆژەی لە شوێنێک یادی ئەنفال دەکرێتەوە.
هێندەی تێبینیم کردووە خاڵێک زۆر جێگەی تێڕامانمە، هەتا ئێستا تاوانی ئەنفال برینێکە بە جەستەو ڕۆحی کوردەوە نەک بە جەستەی مرۆڤایەتیەوە؟! نازانم بۆ وایە ئایا ئەمە کەمکاریی خۆمانە یان خوێنساردی ئەوانی دی، زۆر جار لەخۆم دەپرسم مەگەر ئێمە بەشێک نین لەمرۆڤایەتی؟! پرسیارەکەم سیاسی نییە هێندەی ئینسانیە ئەگەرچی دۆسێی ئەنفال بۆخۆی وەک (جینۆساید و تاوانی نێودەوڵەتی) کێشەیەکی سیاسی یاخود دەرئەنجامی ململانێی سیاسییە، کەچی ئەفسوس لەسەر ئاستی کوردستانی گەورەش نابێتە کێشەیەکی نەتەوەیی! ئەوەیان کەمتەرخەمییەکە و سەرباری ڕێگرییەکان و لێکدابڕانیش ڕاستەوخۆ یەخەی ڕۆشنبیرانی کورد دەگرێت، بەتایبەتی هونەری سینەما یاخود سینەماکاران، ئەرکیانە لە ڕێگەی فیلمەکانیانەوە کارێک بکەن بەلای کەمەوە هەموو کوردێك ئەوەندەی پێویستە زانیاری دەربارەی ئەنفال بدەنێ. من زۆر دەترسم ئەم بێباکییە ببێتە نەخۆشییەک و وەک دەردەدارێک ساڵانێکی درێژ هەتا مردن پێمانەوە بێ و لەگەڵیدا ڕابێین و لەگەڵ ئازارەکانیدا هەڵبکەین.
بەهیوام کردنەوەی بەشی فیلم سازی لە کۆلێژی هونەری زانکۆی سلێمانی، بەردێک بۆ بناغەی ئاپارتمانی ئەو خەونە ئینسانی و نەتەوەییە دابنێ، چونکە سینەما دەتوانێ زیاتر لە کۆی هونەرەکانی تر ببێتەزمانی قوربانیەکانی ئەنفال، ئەو گرێیانەی لە نێوچیرۆکی قوربانیەکانداهەن، هەڵگری توخمی ژیانێکی تەواو جیاوازن لە ئێستا، ئەو ڕەگەزە گرنگانەی هەوێنی لێبوردەیی و پێکەوە ژیانن، سینەماکار دەتوانێ وەک سامانێکی بەهادار بەهی خۆی بزانێ، ئایدیا و چیرۆکی گەورەیان لێهەڵبهێنجێ، ئەگەر هەتا ئێستا سینەماکاری کورد بەهۆی کەم ئەزموونیەوە تەنها ئازارەکانی پیشاندابین ئەوا لەمەودوا دەتوانێ قارەمانەکانمان بۆ بدۆزێتەوە، دەتوانێت (کوبرای حەمید پور و کەریمەی ئال ئعێشم) بکاتە هەوێنی پێکەوە ژیانی نەتەوەکان، ڕەنگە لێم بپرسن ئەم دوو مرۆڤە کێن وچ کارە بوون؟ با پێتان بڵێم ئەو مرۆڤانە کێ بوون (کەریمە فالح) ژنە مامۆستایەکی لەچک بەسەرە ئێستاش لە پارێزگای سەماوە دەژی، ئەو ژنەیە کە بە (قاموس) فەرهەنگێکی کوردی عەرەبی خەریک بوو، تەیموری منداڵی فێری زمانی عەرەبی دەکرد، کاتێک تەیمور لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ ڕزگاری ببوو، گەیشتبووە بن دەواری ماڵە مەڕدارێکی عەرەب، ئەوماڵە دەوارنشینە ماڵی ساڵح ئال ئعێشم بوو، واتا ماڵی مامی کەریمە فالح، بەڵام لە چیرۆکی ڕزگاربوونی تەیموردا هێندەی بەشان و باڵی پیاوەکانیاندا هەڵگوت سەد هێندە ڕۆڵی ژنە ئازاکانیان فەرامۆشکرد. قەڵەمەکانی کورد هێندەی نێرانە باسی تەیموریان کرد هێندە پەیامە ئینسانیەکانیان فەرامۆش کرد، خۆزگە تەیمور هەر کەریمە پەروەردەی کردبا نەک لێرە ببێتە ڕاوچی و تفەنگ چی، کوبرای حەمیدپور ئەو ژنە قارەمانە بوو، کە لە شاری مەشهەدی وڵاتی ئێران (زمناکۆ هەڵەبجەیی) پەروەردەکرد و ماوەی ١٩ ساڵ وەک دایکێکی میهرەبان ئامێزی بۆ گرتەوە. خۆزگە هەموو کەس وەک من زمناکۆی دەناسی ئاشنای دیدە ئینسانیەکەی دەبوو، وەنەبێ ئەم ئازایەتی ومیهرەبانیە هەر لەوانیدی وەشابێتەوە و کوردەکان کە ببوونە نێچیری ئەنفال و گازی خەردەل لەو ئازایەتی و میهرەبانییە خاڵی بن، نا نەخێر من شاهیدی زۆر قارەمانی کوردم، بەڵام لێرەدا تەنها ئاماژە بەیەکێکیان دەدەم بۆ هەوێنی ئاشتی و لێبوردەیی، ئەویش چیرۆکی حاجی ڕەحمانی نارنجەڵە و سەربازێکی عێراقیە بەناوی (خالد عەبدولکەریم عەلوان نەجەفی).
کاتێک لە ١٦ی ئازاری ساڵی ١٩٨٨ هەلەبجە کیمیابارانکرا ماڵی حاجی ڕەحمان هەموویان برینداری گازی کیمیایی بوون و زۆربەی ئەندامانی خانەوادەکەیان بەهۆی کیمیابارانەوە بیناییان لە دەستدا بوو. لەو کاتەدا کە سوپای عێراق شکابوو خالد عەبدولکەریم عەلوان چەکەکەی فرێدابوو، وەک سەربازێکی هەڵاتوو لەجەنگ بە (خاتراللە خاترللە ساعدونی) خۆی بە حەوشەی ماڵی حاجی ڕەحماندا کردبوو، حاجی ڕەحمان بەوپەری میهرەبانیەوە لەبریی تۆڵە ئامێزی بۆکردەوە و دەستێک جلی کوردی دایە و وەک کوڕێکی خۆی لەگەڵ ماڵ ومنداڵەکەی خۆیدا بردی بۆ بیارە و لەوێشەوە بۆ کەمپی ئاوارەکانی ئێران، لەوێ کاتێک کەوتە بەر سوسەی سیخوڕەکانی ئیتلاعات، حاجی ڕەحمان دیسانەوە فریای کەوتبوو، گوتبووی (ئەم کوڕەم هەرلەمنداڵییەوە سکماک بێ زمانە و ناتوانێ قسە بکات) چیرۆکەکە درێژە و لێرە دەیبڕێنمەوە بەڵام دەمەوێ سەرنجی ڕۆشنبیر و سینەماکاری کورد ڕابکێشم چونکە ئەگەر بخوازێ دەتوانێ بەفریا بکەوێ و هەتا (خالید عەبدولکەریم) لە ژیانداماوە و وەک حاجی ڕەحمان دنیای بەجێنەهێشتووە هەوێنی فیلمێکی جوان و بایەخدارە بۆ ئاشتی و لێبوردەیی.
بە هیوام لە داهاتوودا بەشی فیلمسازی زانکۆی سلێمانی داهێنەری باش بەرهەمبهێنێ و بتوانێ پێشەنگایەتی بکات لەو تراژیدیایەدا و بەدیقەتەوە ڕەگەزەکانی ئازایەتی و ئینسانیەت بدۆزێتەوە، چونکە ترژیدیای ئەنفال بەتایبەتی و ئەوانیدی بەگشتی دەتوانن هەوێنی هەزاران شاکار بن، بۆیە چاوم لە سینەماکارە چونکە وای بۆدەچم هیچ کام لە بەشەکانی تری هونەرو ئەدەب لەسەردەمی جیهانگیریدا ناتوانن وەک سینەما سنوورەکان ببڕن، ئەگەر چیرۆکەکان کاریگەرییان بەسەر ئەدەبی کوردیشەوە هەبێت، ئەوا ناتوانن سنووری ناو ماڵی کوردی ببەزێنن بەلای کەمەوە ناتوانن سنووری کوردستانی گەورە تێپەڕێنن، بەڵام سینەما بەئاسانی دەتوانێ بچێتە بەردیدەی ئەوانی دی .
عومەر محەمەد: