ئەمە جاری یەکەم نیە شاخی گۆیژە دەسوتێت و، بەبێ میکانیزم و سنوردارکردنی چالاکییە مرۆییەکان، دواجاریش نابێت. شاخەکە، لە بری ئەوەی ئێستا سەوزتر بوایە، عەمبارێکی گەورەی دوەم ئۆکسیدی کاربون بوایە بۆ سلێمانی، هەمو هاوینێک دەبێتە کورەیەکی بەرهەمهێنی کاربۆن، ئەویش بەهۆی سوتانی ئەو ژمارە زۆرەی دارو بڵاوبونەوەی دوکەڵ بەسەر ناوچەکەدا. هەڵبەتە دوکەڵەکە لە سنوری سلێمانیدا نامێنێتەوەو بەهەمو شوێنێکدا بڵاودەبێتەوە، بەڵام سلێمانی دەکاتە شارێک، سییەکانی بریندار و سست دەبن، توانای هەناسەدانی کەم دەبێتەوە.
هەر دارێک دەسوتێت، دەیان ساڵ لە تەمەنی ژینگەیی شاخ و شارەکە کەمدەکاتەوە، بەتایبەتی دارە بەتەمەنەکان، چونکە ئەوان، بەتایبەتی پیرەدارەکان، نەک تەنها توانای عەمبارکردنی کاربۆنیان زیاترە، بەڵکو دارە بچوکەکانیش بەپشت و پەنای ئەوانەوە گەورە دەبن. بەکورتیەکەی داری بچوک بەبێ داری بە تەمەن و دارستان، وەک مناڵی بێ باوک و دایک وایە، گەورەش بێت بەلاوازیی گەورە دەبێت. ئەمە جگە لەوەی توانای هەڵمژین و عەمبارکردنی دوەم ئۆکسیدی کاربۆنی کەمترە لە پیرەدارەکان.
لێرەدا، بەبێ ئەنجامدانی پشکنینی وردو پەڕاوی پۆلیس و کاری مەیدانیی، کارێکی ئاسان نیە بەرپرسیارێتی کەوتنەوەی ئاگرەکانی بناری گۆیژە دیاری بکرێت، بەڵام ئەوەی لەبەر چاوی هەموان ئاشکرایە؛ چالاکییەکی زۆری خەڵکە لەسەر ئەم شاخەو زنجیرەی ئەزمەڕو زۆر شاخ و چیای تر لە کوردستاندا. ئەوەی جێگەی سەرنجە هیچ یاساییەک نیە ئەم چالاکیانە، کە لە دانیشتن و گۆشت برژاندن و بەسەربردنی کات و خواردنەوەو تەنانەت مانەوەی شەوانیش بەدەردەکەون، ڕێکبخات و چوارچێوەیەکیان بۆ دابنێت.
حکومەتی لۆکاڵیی سلێمانی، وەک هاووڵاتیان گلەیی لە خەڵکی نابەرپرس دەکات لە کەوتنەوەی ئاگرەکان، لە کاتێکدا ئەرکی حکومەتە، چارەسەرێکی درێژخایەن بۆ ئەم گرفتە بدۆزێتەوە کە هەمو ساڵێک بەرۆکی سلێمانی و زۆر شوێنی تر دەگرێت.
میدیای کوردستان، هچ ڕۆڵێکی نەبینوە لە پشکنین و بەدواداچونی هۆکارەکانی گرفتەکەو ئەرکی خۆی لەوەدا کۆکردوەتەوە هەواڵێک لەسەر ڕوداوەکە بکات و هەندێ لێدوانی بەرپرسان وەربگرێت. لەمڕۆش بەدواوە ئیتر کەس باسی گۆیژە ناکات و وەک هیچ ڕوای نەدابێت.
لێرەدا مەبەستم لە بەراوردکردن نیە، بەڵام کۆمەڵێ میکانیزمی وڵاتانی تر هەن بۆ پاراستانی سروشت و دارستانەکان، دەکرێ بۆ کوردستانیش سودیان لێ وەربگیرێت و ببنە بنەما بۆ پاراستنی سروشتی وڵاتەکە، لەناویاندا چیای گۆیژە، بەو پێوەیەی نزیکە لە سەنتەری شارو چالاکیی مرۆییەوە. لە هەرێمی کێبێک لە کەنەدا، چالاکیی ناو دارستان و پێگە سروشتیەکان دیاری دەکرێن و میکانیزمی تایبەت بۆ پاراستنی شوێنەکان بەکاردەهێنن. لێرەدا هەندێ لەو میکانیزمانە وەک پێشنیار دەخەمەڕو کە دەکرێ لەلایەن ئیدارەی سلێمانییەوە بەکار بهێنرێن و ببنە پەرژینێک بۆ پاراستنی سلێمانی و گۆیژە:

دوەم: هەر لە ڕوانگەی خاڵی یەکەمەوە، پێویستە چونە سەر گۆیژەو ئەزمەر بە ئۆتۆمبێل قەدەغە بکرێت، جگە لە بەکارهێنانی جادە سەرەکییەکان بۆ گەیشتن بەشوێن و شارەکانی تر، جگە لەوە نابێت هیچ چالاکییەکی تر بە ئۆتۆمبێلەوە لە بنارو سەرچیاکە هەبێت.
سێیەم: پێویستە هەمو جۆرێک لە گۆشت برژداندن (باربیکیو) و خواردنەوە لەبنارو سەرچیاکە قەدەغە بکرێت. تەنها ڕێگە بدرێت بە خواردنی ئامادەکرا کە ئاگردنەوەو گەرمکردنەوەی پێویست نەبێت. بەڵێ لە زۆربەی دارستانەکانی کێبێکدا ئەم میکانیزمە کار دەکات و سروشتی وڵات ناکەنە قوربانی ئارەزوی تاکە کەسێک یان گروپێک، ئەوەی حەزی لە خواردنەوەو بەسەربردنی کاتێکی خۆشە، شوێن و ڕیستۆرانتی تایبەت هەن.
چوارەم: دەبێت بەهەمو شێوەیەک مانەوەی شەوان لەسەر شاخە قەدەغە بکرێت، بەڵکو کاتێکی دیاریکراو هەبێت بۆ چۆڵکردنی. بۆ نمونە کاتژمێر (١٠) شەو دواکات بێت بۆ مانەوە لەسەر شاخەکە.
پێنجەم: قەدەغەکردنی ئاگرکردنەوە بەهەمو شێوەیەک بەبێ دانانی میکانیزمێکی لەم شێوەیە، گۆیژەو شوێنەکانی تر، بەردەوام لەبەردەم هەڕەشەی ئاگرو سوتاندان.