هێشتا زیندوویت پیرێژنەکەم
منیش زیندووم
سڵاو .. سڵاو
دەبا ڕەنگی ئێوارانێ
کە ناتوانرێ ئەفسوونەکەی وەسف بکرێ
بە سەر خانووە دارینەکەتا دابارێ
*
بۆم دەنووسن:
دڵت لامە .. بۆم پەرۆشیت
زۆر جارانیش سەڵتە دڕاو و کۆنەکەت دەپۆشیت و
بە سەر خۆڵی ڕێگەکەدا
دێیت و دەچیت
*
لە بوولێڵەی کۆتایی ڕۆژێکی شیندا
تەنها شتێ لێکدا لێکدا لە بەرچاوتە
کەسێ لە مەیخانەیەکدا
نەشتەرە فینلەندییەکەی
ڕۆ بردووە بە دڵم دا
*
دایکە تشتی وەها نییە
ئەوە واهیمە و خەیاڵی خەوزڕان و
ماندووییە
من ئەو بەدمەستە ونە نیم
بمرم و دیسان نەتبینم
*
دەی کەواتە چاوەڕێم کە
تا ئەوکاتەی پەلک و لقی باخچەکەمان
لە بەهاردا دەبێتە ڕەشماڵێ سپیی
بەڵام دایکە،
هەروەک هەشت ساڵێک لەمەوبەر
نەکەیت بەیانیان شەبەقی
بەر لەوەی ڕۆژ بووبێتەوە
بێیت و خەبەرم کەیتەوە!
*
بۆم مەپاڕێوە بێ سوودە
گەڕانەوە بۆ ڕابردوو
نابێ، ناکرێ
بە تەنها تۆ هانا و دڵنیایی منیت
دایکە تۆ ئەو ڕووناکییەی
کە ناتوانرێ ئەفسوونەکەی وەسف بکرێ
*
دەی کەواتە واز لەو دڵەڕاوکێیە بهێنە
خەم داتنەگرێ .. خەفەت مەخۆ
دایکە ئیدی بۆ لەمەولا
سەڵتە دڕاو و کۆنەکەت
لەبەر مەکە و
بە سەر خۆڵی ڕێگەکەدا مەیە و مەچۆ!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
و. لە عەرەبییەوە: دلاوەر قەرەداغی