ئەگەر دیمەنە سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێستای هەرێم بخەینە پێش چاومان و لە سۆنگەی بەرپرسیاریەتییەوە دۆخی حوکمڕانی و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی کوردستان شەن و کەو بکەین.
بێگومان دەرئەنجامێکی نەرێنی مەترسیدارمان دەستدەکەوێت. بەجۆرێک لەژێر عەقڵییەتی ئەم دەسەڵاتە شکستخواردووەی هەرێمەوە شکۆ و گەورەی ڕاپەڕین لەکەدار و بێ بایەخکراوە.
دیارە لە ئاکامی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت و ستەمکاریی بەعسدا لە ٥ ی ئازاری ١٩٩١ دا لە دەروازی ڕاپەڕینەوە توڕەیی و بێزاری تەواو چینوتوێژەکان و تەنانەت ئەوچەکدارە کوردییانەی لەژێر ناوی (ئەفواج خەفیفە)دا لە سەنگەری دژ بەشۆڕشی کورددا شەڕییان دەکرد هاتنە بەرەی خەڵکەوە و بەگژ دەسەڵاتی ستەمکاری بەعسدا چوونەوە.
ئاشکرایە ڕاپەڕین لەپێناو گەڕانەوەی ئیرادە و ژیانی شکۆمەندی بوو بۆ کەسایەتی تاکی کورد، بەڵام کاتێک لە حکومڕانیی دوا ڕاپەڕین ورد دەبینەو مڕۆڤ بە چەشنێک شەرمەندە دەبێت کە توانای ئەوەی نەبێت بەدەنگێکی دلێرو شانازییەوە باسی بەرهەم ودەستکەوتەکانی ڕاپەڕین بکات. چونکە چۆن پێش ڕاپەڕین لەلایەن دەسەڵاتی دیکتاتۆریەتەوە بێ حورمەتی پێدەکرا و دەچەوسێنراییەوە. دەتوانین بڵێین هێشتا تاکی کورد لە شێوازی حوکومڕانی بێزار و نیگەرانە و هەستدەکات دەسەڵاتی کوردی هیچ ڕێز و بەهایەک بۆ خواست و ئیرادەی دانەنراوە و بەهەمان دیدگای سەردەمی پێش ڕاپەڕین مافەکانیان پێشل دەکرێت و برسی دەکرێن.
ساڵ بەساڵیش پەتی ستەمکاریی ئەستوور تر دەبێت و تادێت ژیانی هاوڵاتییان ڕیسوا و بێ بەها دەکرێت، ئێستاش سەرەڕای خراپی دۆخی سیاسی و لێکترازاو و شێواوی نێو ماڵی کورد و کەڵەکەبووی قەیرانی سیاسی و ئابوورییەکانی هەرێم . سەرباری ئەو دۆخەی هێمام بۆ کرد بەداخەوە جارێکی تر بە فیتی دەوڵەتانی داگیرکەری کورد زەنگێکی مەترسیداری هەڵگیرسانی شەڕی براکوژی لێدەدرێت. ئەمە ئاماژەی ڕوونن کە دەرهاویشتەکانی ڕاپەڕین لەسەرەتاوە چەند ئومێدبەخش بوون بۆ خەڵکی کوردستان، ئێستاش بارتاقای ئەوە ئەزموونی حکومداری ئەم هەرێمە جێگەی ڕەشینی وبێهواییە، چونکە نەگبەتی و میحنەتی میللەت لە نێوان دوو قوناغی پێش ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕین جیاوازی ئەوتۆ تێدا نەبیننەوە.
کەواتە دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە دوای ٢٥ ساڵ لە دەسەڵاتداریتی هەرێم مەهام و ئامانجە گەورەکانی ڕاپەڕین لە چوارچێوەی وەهەم و خەیاڵ ماوەتەوە.. بۆئەوەی یادی ڕاپەڕین هەمیشە بەساتەوەختی و وەچەرخان و گەشەدار بمێنێتەوە. زۆر گرنگە دەستەبژێری سیاسی و ڕووناکبیری کورد و ڕێکخڕاوەکان و ناوەندە ئەکادیمییەکان خەمی سەرەکییان ئەوەبێت شکۆ و هەیبەت بۆ گەورەیی و بایەخی ڕاپەڕین بگەڕێنەوە.
بێگومان ئەمەش دەبێت جەخت لەسەر چارەسەرکردنی قەیرانەکان و دەستکاریکردنی. بنچینەی کایەی سیاسەت و فۆڕمی حزبایەتی و ژیانی حوکمڕانی و بەنیشتمانیی کردنی پڕۆسەی سیاسی و سنوردانان بۆ عەقڵییەتی پاوانخوازی و تاکڕەوی تاکە کەس و تاقمێک بکرێتەوە.