رێكخراوی ئەمنستی ئینەرناشناڵ لەراپۆرتی ساڵانەی خۆیدا رایگەیاند، هیچ پێشكەوتنێك سەبارەت بە لێكۆڵینەوەكان لە كوشتنی رۆژنامەنووسان و ڕەخنەگران و نەیارانی دەسەڵاتدارانی كورد لەساڵانی ڕابردوودا بەدینەهاتووە.
هەروەها سەبارەت بە شەڕی دژی داعش و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان جەختیكردووەتەوە هێزەكانی سوپا و میلیشیاكانی عیراق و چەكدارانی داعش تاوانی جەنگ و چەندین پێشێلكاری دیكەیان لەدژی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و پێشێلكاری زۆریان لەدژی مافەكانی مرۆڤ ئەنجامداوە.
رۆژنامەنوسان
رێكخراوی ئەمنستی ئینەرناشناڵ ئەمرۆ لە راپۆرتی 2016-2017ی خۆیدا رایگەیاندووە، هیچ پێشكەوتنێك سەبارەت بە لێكۆڵینەوەكان لە كوشتنی رۆژنامەنووسان و ڕەخنەگران و نەیارانی دەسەڵاتدارانی كورد لەساڵانی ڕابردوودا بەدینەهاتووە.
سەبارەت بە كەیسی تیرۆركردنی رۆژنامەنووس ویداد حوسێن عەلی، لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە “رۆژنامەنووس ویداد كە بۆ بڵاوكراوەیەك كاری دەكرد كە وەكو لایەنگری پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK) سەیردەكرێت، لە 13ی ئابدا تەرمەكەی ڕادەستی كەسوكارەكەی كرایەوە”.
رۆژنامەنووس ویداد حوسێن بۆ ئاژانسی هەواڵی رۆژنیوزی نزیك لەپارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە كاری دەكرد، 13ی ئابی ساڵی ڕابردوو، لەشاری دهۆك لەلایەن چەند چەكدارێكەوە ڕفێنراو دوای ئەشكەنجەدانێكی زۆر لەكەنار شەقامێك بەبێ هۆشی فڕێ دراو پاش چەند كاتژمێرێك لەنەخۆشخانە گیانیلەدەستدا.
“تەرمەكەی ئاسەواری برینداری پێوەدیاربووە كە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەشكەنجەدراوە لەوانەش چەندین زامی قووڵ لەسەریدا. چەند شایەتحاڵێك ڕایانگەیاندوە كە ئەو رۆژە پێشتر بە زیندوویی لەگوندێكی رۆژئاوای دهۆك دۆزراوەتەوە دوای ئەوەی چەند چەكدارێكی نەناسراو لە شەقامێكی شارەكە رفاندویانە. كەسوكارەكەی و هاوكارانی ڕایانگەیاندووە پێشتر ویداد لەلایەن ئاسایشی دهۆكەوە لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا كراوە و هەڕەشەی كوشتنی لێكراوە”، بەپێی راپۆرتەكە.
هەر بەپێی راپۆرتەكە، دەسەڵاتداران دوای دوو رۆژ لە مردنی ویداد لێكۆڵینەوەیەكیان لەسەر كوشتنەكەی دەستپێكردووە و هەتا كۆتایی ساڵەكەش هیچ ئەنجامێكیان ئاشكرانەكردوە.
لە ڕاپۆرتەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو كە” ئاسایش و هێزە ئەمنییەكانی دیكەی كورد بە هەزاران گومانلێكراوی تیرۆریزمیان دەستبەسەر كردووە و كە زۆربەیان لە پیاوان و منداڵانی عەرەبی سوننەن و ئەوەش لەكاتێكدایە كە دوای ماوەیەكی زۆر ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری و داگا ناكرێن و سەردانی كەسوكاریانە قەدەغەكراوە.”
حكومەتی هەرێمی كوردستان تائێستا چەند جارێك زۆربەی زۆری ئەو تۆمەتانەی رەتكردووەتەوە كە لەلایەن ئەمنستی و رێكخراوە نێودوڵەتییەكانی دیكەوە دەخرێتە پاڵی بەوەی پێشلكاری كردووە بەرانبەر مافەكانی مرۆڤ لەناویاندا مافی رۆژنامەنوسان و زیندانیان.
لەڕاپۆرتەكەدا هاتووە “رۆژنامەنووسان و چالاكوانان و ئەو سیاسیانەی ڕەخنەیان لە پارتی دیموكرانی فەرمانرەوا گرتووە تووشی هەراسانكردن و هەڕەشە بونەتەوە و هەندێكیان لە پارێزگای هەولێر دەركراون. “
سەبارەت بە كەیسی بەسیمە دەروێش، كچە رزگاربوویەكی ئێزدی لە دەستی داعش، لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە كە “لەو كاتەی لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2014 دا لە شارۆچكەی زووممار دەستگیركراوە، بەبێ دادگاییكردن لە هەولێر ماوەتەوە. دەسەڵاتداران ئەو تۆمەتبار دەكەن بەوەی هاوكاری داعشی كردووە لە كوشتنی سێ پێشمەرگەدا، بەڵام مافی ئەوەی پێنەدراوە بە ویستی خۆی پارێزەرێك هەڵبژێرێت بۆ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی سەربەخۆ لەو بانگەشانەی كە لە دوای دەستگیركردنی لەلایەن بەرپرسانی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی دهۆكەوە ئەشكەنجە دراوە.”
ئەوەلەكاتێكدایە ئەمڕۆ لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، دادگا بڕیاری ئازادكردنی باسیمە دەروێشی داوە، بەڵام بڕیارەكە هێشتا پلەی كۆتایی وەرنەگرتووەو تا دادگای تەمیز بڕیاری كۆتایی دەدات لە بنكەی چاكسازی دەمێنێتەوە.
سەپاندنی سزای سێدارە
لەبەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەدا هاتووە كە دادگاكانی هەرێمی كوردستانی عیراق بەردەوامبوون لە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان سەبارەت بە تۆمەتەكانی تایبەت بە تیرۆر، بەڵام هیچ سزایەكی لەسێدارەدان ئەنجامنەدراوە.
هەر بەپێی راپۆرتەكەی ئەمنستی “لەكاتی دەستبەسەركردندا بەشێوەیەكی فراوان ئەشكەنجەدان هەیە و پرۆسەی دادگایی كردنەكان دادپەروەریی تێدا نییە و دادگاكان بەشێوەیەكی نادادپەروەرانە گومانلێكراوانی تیرۆریزمیان سزاداوە بە سزای مەرگ و جێبەجێكردنی لەسێدارەدان بەشێوەیەكی فراوان لەعیراقدا بەردەوامە”.
لە راپۆرتەكەدا میلیشیا عیراقییەكان تۆمەتباركراون بەوەی “بەبێ دادگاییكردن خەڵكی سڤیلیان كوشتووەو بەزۆر لەماڵ و حاڵی خۆیان دەربەدەریان كردوون و ئەشكەنجەیان داون و ماڵەكانیان ڕووخاندووە و بە هەزاران كەس بەبێ دادگایی كردن بەگومانی پەیوەندی بوون بە داعشەوە دەستبەسەركراون”.
تاوانەكانی داعش
لە ڕاپۆرتەكەدا هەروەها تیشك خراوەتەسەر تاوانەكانی چەكدارانی داعش لە ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی خۆیان.
“چەكدارانی داعش نەیارانی خۆیان و ئەو هاوڵاتیانەی لە ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی ئەوانەوە هەڵدێن لەسێدارەداوە و دەستدرێژی سێكسیان كردۆتەسەر دەستگیركراوەكان و هاوڵاتیانی مەدەنیان وەكو قەڵغانی مرۆیی بەكارهێناوە و منداڵانیان بەسەرباز كردووە”، بەپێی راپۆرتەكە.
خەندان لەرێگەی تەلەفۆن و نامەوە پەیوەندی كرد بە مەحمود محەمەد وتەبێژی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ وەرگرتنی وەڵامی ئەوان لەبارەی راپۆرتەكەوە، بەڵام وەڵامی پەیوەندیەكانی نەدایەوە.