چه‌ندین ناوچه‌ی كوردستان هه‌یه كه خێڵه‌كان ده‌ستیان بهنهریتهكانی خۆیانه‌وه گرتووه‌و له‌كۆندا رێگه‌یان بهكچهكانیان نه‌داوه هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ كوڕانی ده‌ره‌وه‌ی تیره‌و هۆزه‌كانی خۆیاندا بكه‌ن، به‌ڵكو ته‌نیا كچه‌كانیان داوه به‌و كوڕانه‌ی كه له‌هه‌مان بازنه‌ی هۆزو خێڵه‌كه‌ی خۆیاندابوون، ئێستاش ئه‌م نه‌ریتانه له‌چه‌ند جێیه‌ك ماون، ناوچه‌ی “گه‌رمیان” یه‌كێكه له‌و شوێنانه. (گه‌رمیان، ناوچەیەکی بەرفراوانە دەکەوێتە باشوور‌و باشووری رۆژھەڵاتی ھەرێمی کوردستان له‌لای خه‌ڵكی كوردستان شارەکانی کەرکووک، کەلار، کفری، چەمچەماڵ، دووزخورماتوو، خانەقین، جەلەولا به‌ناوچه‌ی گه‌رمیان ناسراون).
عه‌شیره‌تی شێخ كه له‌تیره‌كانی به‌رزنجه‌و سۆڵه‌و قه‌ڵایی پێكهاتووه‌و نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌كه له‌ناوچه‌ی گه‌رمیاندا نیشته‌جێن، وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌ستورێكی نوسراویان هه‌بێت له‌دێر زه‌مانه‌وه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌نه‌بوون كچه‌كانیان شو به‌و كوڕانه بكه‌ن كه سه‌ر به‌یه‌كێك له‌تیره‌كانی عه‌شیره‌تی شێخ نه‌بن.
ئه‌وان پێیانوابووه كه شێخ‌و شێخزادهكان چینێكی باڵاتری كۆمهڵگهنو نابێت له‌رێگه‌ی ژن‌و ژنخوازییه‌وه تێكه‌ڵی خێل‌و بنه‌ماڵه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شێخ بن زۆرجار به “مسكێن” ناوی كه‌سانی ده‌ره‌وه‌ی شێخیان بردووه.
عه‌تا حه‌مه‌ساڵح، سه‌ر به‌یه‌كێك له‌تیره‌كانی شێخه له‌گه‌رمیان، ئه‌و بۆ “نیقاش” باسی له‌وه‌كرد ئه‌و بۆچوونه‌ی لای شێخه‌كان هه‌بووه كه به‌رزترین چینی كۆمه‌ڵگه‌ن، پهرژینو دیوارێكی له‌نێوان شێخ‌و ده‌ره‌وه‌ی شێخ دروستكردووه كه ناكرێت بڕوخێنرێت.
ده‌ڵێت “ئێستا‌و دوای تێپه‌ڕینی ده‌یان ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و تێڕوانینه كۆمه‌ڵایه‌تییه، نیوه‌ی شێخه‌كان هێشتا له‌سه‌ر بیرۆكه دێرینه‌كه‌یان ماون‌و كچه‌كانی خۆیان به‌كوڕانی ده‌ره‌وه‌ی شێخ ناده‌ن”.
به‌پێی ئه‌و ده‌ستوره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی كه هه‌یانه، كوڕانی شێخ به‌پێچه‌وانه‌ی كچانه‌وه بۆیان هه‌یه له‌هه‌ر تیره‌و عه‌شیره‌تێكی ده‌ره‌وه‌ی شێخ، هاوسه‌ری ژیانیان هه‌ڵبژێرن.
بۆیه پێده‌چێت زه‌ره‌رمه‌ندی یهكهمو كۆتایی له‌ئه‌نجامنه‌دانی هاوسه‌رگیری نێوان كچه شێخ‌و “كوڕه مسكێن” خودی كچانی شێخ بن، چونكه وه‌ك عه‌تا حه‌مه‌ساڵح ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات به‌شێك له‌كچه‌كانیان هه‌رچه‌نده ته‌مه‌نیان هه‌ڵكشاوه، به‌ڵام تائێستا نه‌چوونه‌ته ناو پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیرییه‌وه.
ڤیان محه‌مه‌د كچه شێخه‌و ته‌مه‌نی زیاتر له 30 ساڵه، ئاشكرایكرد چه‌ندین كوڕ ده‌ستپێشخه‌رییان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵدا ئه‌نجامبده‌ن، به‌ڵام وه‌ك خۆی ده‌ڵێت “ده‌مزانی باوكم ره‌زامه‌ند نییه، بۆیه ده‌ستم ناوه به‌رووی هه‌موویانه‌وه”.
زۆرێك له‌هاوڕێكانی ڤیان هاوسه‌رگیرییان كردووه‌و ئێستا لهماڵو حاڵی خۆیانن، وتیشی “ژماره‌یه‌كی زۆر گه‌وره كچ له‌نێو عهشیرهتهكهماندا ماون‌و به‌شێكیشیان هه‌ر به‌كچی پیربوون‌و گیانیان له‌ده‌ستداوه”.
به‌وته‌ی به‌شێك لهشێخهكان له‌ئێستادا ئه‌و دیارده‌یه تاڕاده‌یه‌ك كاڵبووهتهوهو زیاتر له‌نیوه‌یان ده‌ستبه‌رداری ئه‌و نه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تییه بوون‌و هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی عه‌شیره‌ته‌كه‌یان ده‌كه‌ن.
عه‌تا حه‌مه‌ساڵح، ره‌خنه‌ی له‌و روانگه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی باوباپیرانی گرت كه له‌رابردوودا پیادهیانكردووهو به‌دیارده‌یه‌كی ناپه‌سه‌نده‌ی زانی‌و ده‌یوت “شێخم به‌رامبه‌ر به‌كه‌سێك خۆی به مسكێن بزانێت، مر‌ۆڤم به‌رامبه‌ر به‌كه‌سێك خۆی به هاوتام بزانێت”.
له‌نێو عه‌شیره‌تی جافیشدا تیره‌ی به‌گزاده‌ی جاف هاوشێوه‌ی شێخ، له‌رابردوودا به‌هۆی ئه‌وه‌ی خۆیان به‌چینێكی باڵاتری كۆمه‌ڵگه ده‌زانی، ئاماده‌نه‌بوون كچانیان شو به‌غه‌یره به‌گزاده بكه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كوڕانی به‌گزاده‌ش بۆیان نه‌بوو له‌گه‌ڵ كچانی ده‌ره‌وه‌ی تیرهكهیاندا هاوسه‌رگیری ئه‌نجامبده‌ن.
ئه‌و تێڕوانینه‌ی به‌گزاده‌ی جاف كاریگه‌ری نێگه‌تیڤی لێكه‌وته‌وه‌و ژماره‌یه‌ك له‌كچه‌كانیان پیر بوون‌و له‌ته‌مه‌نی حه‌فتاو هه‌شتا ساڵیدا هه‌ر به‌كچی مردن، دوابه‌دوای ئه‌و حاڵه‌تانه‌ش ناچارنبوون ده‌ستهه‌ڵبگرن له‌و تێڕوانینه.
ئه‌حمه‌د سه‌رتیپ، له‌به‌گزاده‌ی جافه بۆ “نیقاش” وتی “ئێستا به‌ته‌واوی ئه‌و بۆچوونه گۆڕاوه‌و كچان‌و كوڕانی به‌گزاده هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ هه‌موو عهشیرهتو خێڵه‌كانی ناوچه‌كه ئه‌نجامده‌ده‌ن”.
له‌رابردوودا مارهبڕینو پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری له‌سه‌ر ده‌ستی مه‌لاكان به‌ڕێوه‌چووه‌و دادگاكان رۆڵێكی ئه‌وتۆیان تیا نه‌بینیوه، مه‌گه‌ر كاریان به‌ره‌سمی ناساندنی هاوسه‌رگیرییه‌كه بووبێت، به‌ڵام ئێستا یاسا كارپێكراوه‌كانی هه‌رێم ئه‌وه‌یان گۆڕیوه‌و دادگا بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌دات، كه‌چی دادگاش نه‌یتوانیوه به‌ر به‌و نه‌ریتانه بگرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كۆت‌و به‌نده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وایكردووه كچانی شێخ‌و به‌گزاده رێوشوێنی یاسای نه‌گرنه به‌ر كاتێك كه‌سوكاریان رازی نه‌بێت له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان هاوسه‌رگیری بكه‌ن.
پیاوانی ئاینی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی رایده‌گه‌یه‌نن كه ئه‌م جۆره كۆت‌و به‌ند دروستكردنه پێچه‌وانه‌ی بنه‌مای ئاینه‌كانه، به‌ڵام ئه‌مه‌ش نه‌بووه‌ته رێگر.
كاروان ره‌شید پیاوێكی ئاینی ناوچه‌ی گه‌رمیانه، پێی وایه ئه‌و دیارده‌یه پێچه‌وانه‌ی بنه‌ماكانی ئاینی ئیسلامه‌و ئاماژه به‌چه‌ند ئایه‌تێكی قورئان ده‌كات كه چۆن باس لهپێكهوهژیانو نه‌هێشتنی جیاوازی چینایه‌تی كردووه.
له‌مڕووه‌وه به”نیقاش”ی راگه‌یاند “خوای گه‌وره لهقورئاندا داوا له‌خه‌ڵك ده‌كات هیچ نه‌ته‌وه‌و گه‌لێك به‌چاوی نزمتر ته‌ماشای به‌رامبه‌ره‌كه‌ی نه‌كات”.
قه‌تیسكردنی پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری له‌نێو هه‌ندێك لهخێلو عه‌شیره‌ته‌كاندا، بۆته جێگای ره‌خنه‌و نیگه‌رانی پسپۆڕانی كۆمه‌ڵاتی، به‌بۆچوونی توێژه‌ران ئه‌و پۆلێنكردنه كۆمه‌ڵایه‌تییه دژی پرنسیپه گشتییه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگایه.
عه‌باس مه‌حمود توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی به “نیقاش”ی وت “ته‌ماشاكردنی كه‌سانی ده‌ره‌وه‌ی خێل‌و بنه‌ماڵه‌ی خۆت به‌هاوڵاتی پله دوو، زۆرجار تێكه‌ڵ به‌په‌روه‌رده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و كه‌سانه بووه، به‌جۆرێك هه‌ر له‌منداڵییه‌وه ئه‌و خود جیاكردنه‌وه‌یه ده‌كرێته به‌شێك له‌په‌روه‌رده‌ی ئه‌و خێزانانه”.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و فشاره جۆربه‌جۆرانه‌ی له‌لایه‌ن پیاوانی ئاینی‌و چالاكوانانی مه‌ده‌نییه‌وه دروست بووه بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه، به‌ڵام ئێستاش زۆر هۆزو خێڵ هه‌ن ئاماده‌نین شان بخه‌نه به‌ر باری گۆڕانكارییهكانو ئه‌وان پێیان وایه ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌ن ده‌ستگرتنه به‌نه‌ریتی باو‌و باپیرانهوهو ئه‌گه‌ر لێی لابده‌ن عه‌یبدار ده‌بن.
تێبینی: ڤیان ناوی خوازراوه، به‌هۆی نه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌وه پێی‌خۆش نه‌بوو ناوی راسته‌قینه‌ی خۆی بنوسرێت.