رۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٣٠\١\٢٠١٧ ،شاندێکی حزبی شیوعی کوردستان کە پێکهاتبوو کە هاوڕێیان( بابا علی جێگری سکرتێری حزب و هندرێن ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ئەحمەد شێروانی ئەندامی سەرکردایەتی ) سەردانی بارەگای مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستانیان کرد و لەلایەن هاوڕێ مام خدر سکرتێری گشتی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان و هاوڕێیان خلیل محمود و نەهرۆ جلال و قهار محمد ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و هاوڕێ هەژار ئەندامی مەکتەبی پەیوەندییەکان و هاوڕێ رێدار کانبی ئەندامی مەکتەبی راگەیاندن ، پێشوازییان لێکرا .
لە کۆبوونەوەیەکدا بارودۆخی سیاسی ناوچەکە و کوردستان و عێراق تاوتوێکرا هەردوولا راشکاوانە دید و بۆچوونی خۆیان لەبەرامبەر دیاردە و رووداوەکان خستەڕوو کە نزیکایەتیەکی زۆر لە سیاسەت و تێڕوانینەکان لە نێوان هەردوولا تێبینی دەکرا ، هەر لەم کۆبوونەوەیەدا قەیرانی سەختی دارایی و ژیان و گوزەرانی خەڵک باسی لێوەکرا و هەردوولا کۆک بوون لەسەر ئەوەی پێویستە فشارەکان زیاتر بکرێت و حکومەتی هەرێم ناچار بکرێت دەست لە سیستەمی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران هەڵگرێت و بەتایبەتیکردنی سیستەمی تەندورستی و کارەبا نەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە چونکە ژیان و گوزەرانی خەڵک بەرەو خراپتر دەبات .،بەشێکیتری کۆبوونەوەکە ئاڵوگۆرە خێراکانی ناوچەکە و جیهان و عێراق بوو بەتایبەت دوایی نەمانی گورپی تیرۆرستی داعش و ئامادەیی هێز و لایەنە سیاسیە شیوعی و چەپەکان بوو لە نەخش و کاریگەرییان لەسەر رووداوەکان بە قازانجی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەتی عێراق و کوردستان و چەسپاندنی بنەماکانی کۆمەڵگای مەدەنی و زیاترکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ خەڵک.
لەکۆتاییدا وەفدی میوان بەگەرمی بەڕێکران و جەخت لەسەر دانیشتن و کۆبوونەوەی بەردەوام و هەمیشەیی نێوان هەردوولا کرایەوە