لە سەرەتاکانی سەدەی رابردوودا، لە ویلایەتی شیکاگۆ لە ئەمریکا کۆمەڵێک ژن لەمینی فاکتۆرێکدا ماندەگرن، پاش ئەم رووداوە مینی فاکتۆرەکە دەسووتێت و ٢٥ ژن دەبنە قووربانیی و دەسووتێن.
دەستپێک بۆ ناڕەزایی ژنان
ئەم رووداوە دەکەوێتە رۆژی ھەشتی مارسەوە، لەو رۆژەوە ئەم رووداوە بۆتە دەستپێک بۆ بەئاگاھێنانەوەی ناڕەزایی ژنان بەرامبەر بەو پێشێلکارییانەی بەرامبەریان دەکرێت، ھەروەھا بۆ بەئاگاھێنانەوەی دەنگی ناڕەزایی ژنان بەرامبەر بەو پێشێلکاریی و زوڵم و زۆرەی دەرھەق بە مافەکانیان دەکرێت.
بەھەرحاڵ، ئەم یادە یادی رۆژی ژنانی جیھانە، ئێمەی کوردیش وەکو ھەر نەتەوەیەکی تر لەو یادەدا ھاوسۆزین و ھاوبیرین بەرامبەر بە مافەکانی ژنانی کورد لە چوارچێوەی نەتەوەیەکی زامدار بە کێشەکانی پێشو و ئێستاش، ژنی کورد ھەرگیز بێبەش نەبووە لە پێشێلکاری و زەوتکردنی مافەکانی و بەستنەوەی لە کونجی داخراو و تاریکی دەست کۆمەڵێک دابونەریتی دواکەوتوو، وەکو ژن بەژن و گەورە بەپچووک و خوێنبایی و شیربایی و رێگەنەدان بە خوێندن و تێکەڵ نەبوون بە ژیانی شارستانی.
بەرەنگاریی زوڵمی رژێمەکانی پێشوو
ھەروەھا ژنی کورد شانبەشانی پیاو بەرەنگاریی زوڵم و زۆری رژێمەکانی پێشوو بۆتەوە، چەندینیان لێ زیندانی و ئەشکەنجە و لەسێدارە دراوە و دایکی شەھید و خوشک و خێزانی پێشمەرگە بووە. سەرەڕای بوونی ئەم ھەموو ئاستەنگە بەرامبەر بە ژنی کورد و ئەم ھەموو سانسۆرە زەقانە، وەلێ ژنی کورد بوێرانە و ئازایانە توانیووێتی چەندین مۆمی گەشاوە لە شەوە دەیجورەکانی نەھامەتی وڵاتدا دابگیرسێنێت.
ئەمڕۆ کە لەپاش راپەڕین و گەشانەوەی وڵات بەھەوای ئازادیی و ھەڵمژینی سرووەی بەھاری رزگاریی و لەپاش تێگەیشتنمان لەدیموکراسی و چەمکەکانی ژیانی مەدەنییەت، توانرا چەندین رێکخراو و کۆمەڵە بەناوی ژنان و ئافرەتانەوە بێنەکایەوە، تا بتوانن رۆڵی خۆیان بگێڕن بۆ ساڕێژکردنەوەی برینە کۆنەکانی دەستی دابونەریتە نەشیاوەکان و ھەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە فەرھەنگی شارستانیی نوێ و ژیانی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو.
کاریگەریی لەسەر گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان
سەرەڕای ئەوەی ئەم رێکخراوانە کاریگەریی پۆزەتیڤانەی گەورەی ھەیە لەسەر بوونی بیر و ئایدیای جیاواز و فرەڕەنگی بیروبۆچوونەکان، ھەروەھا توانیوویانە بەشێوەیەکی دیایکراو ئەگەر بشڵێین کەم بەڵام ھەر کاریگەرییان ھەبووە لەسەر گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتورییەکان، بەڵام ھاوکات کەسانێک ھەن بوونەتە خاڵی لاواز و نێگەتیڤ لەسەر ئەم رێکخراوانە و چەند پرسیارێکیان دروست کردووە. کە وەڵامەکەی لای پسپۆڕان و کارگێڕانی بواری ژنانە. دەشێ بپرسین ھۆکاری لەبیرچوونەوەی دیاردە دزێوەکان دەگەڕێتەوە بۆچی لەلایەن رێکخراوەکانەوە؟
ئایا نەبوونی ھۆشیاریی تەواوی ئەو رێکخراوانەیە، یان دەستێک ھەیە لەپشت ئەم رێکخراوانەوە کە دەبێت بە سیاسەتی ئەو بجووڵێنەوە؟ سەربەخۆیی رێکخراوبوون و مەدەنیبوونی کۆمەڵگە چی بەسەردێت؟ ئایا ئەو ھەموو وەزیر و پەرلەمانتار و کاربەدەستە ژنانە کە خۆی لەخۆیدا جێگای دڵخۆشین لە ھەر رووداوێکی دزێودا دژبە ژنان ھەڵوێستیان چییە؟
ھەندێکیان لەو پۆست و پێگانەدا کە بەرپرسن ھەروەک پیاوێک مامەڵە دەکەن، یان ژنبوون و کارامەیی خۆیان دەسەلمێنن؟ لە پێش ھەر رووداوێکی دزێودا خەڵک بەشێوەیەکی بەرجەستە ھۆشیار دەکەنەوە تا ئەو کارە دزێوانە روونەدەن؟
ئاخۆ راگەیاندنی حزب و رێکخراوەکان بە نیشاندانی کارە دزێوەکان دەرھەق بە ژنان، دەیانەوێت سفرەی راگەیاندنی خۆیان پڕبکەنەوە و ئافەرینیان لێ بکرێت یان دەیانەوێت بوونی خۆیان و بواری راگەیاندنی کوردیی بەرەوپێشەوە بەرن؟
دەزگای راپرسی
بۆچی تائەمڕۆ دەزگایەکی راپرسی لەئارادانییە لەم تا لێکۆڵینەی زانستییانە و ھاوچەرخ بکەن لەسەر سایکۆلۆژیا و ھۆشیاریی ژنی کورد؟
یاخود بۆچی دەزگا حزبییەکان و رێکخراوە مەدەنیەکانی لێ ئاگادار ناکرێتەوە و بەشێوەیەکی پراکتیکی ھەوڵ نادەن لایەنە نێگەتیڤەکان چارەسەر بکرێت؟ لەم رۆژەدا وێڕای پیرۆزبایی گەرم بۆ ھەموو ژنانی جیھان بەگشتی و ژنانی کورد بەتایبەتی، دەخوازین دەنگی ژنان دەنگێکی بوێربێت و لەسەر داواکاریی زیاتری بەمەدەنیبوونی کۆمەڵگە و ئازادیی و خەسڵەتەکانی دیموکراسی سووربێت و دروشمە زۆر زەوەندەکان پراکتیزە بکرێت..
دێرین جەمال