رەحمان غەریب ڕێكخەری سەنتەری میترۆ ڕایگەیاند” دەپرسین چۆن شانازی بە یاساكانمانەوە بكەین كاتێك رۆژنامەنوسان دەكوژرێن، كەناڵی تەلەفزیۆنی دەسوتێنرێت، رۆژنامەنوس بە فیشەكی هێزی چەكدار بریندار دەكرێت، كەناڵی تەلەفزێۆنی و كارمەندانی لەشارێك یاساغ دەكرێت و كارمەندانی شار بەدەر ئەكرێن، كەلوپەلی رۆژنامەنوسی دەشكێنرێت. ئەگەر ئەم تاوانانە بە بێ سزا تێبپەڕن ئیتر چۆن بلێین یاسا دەمانپارێزێ و ژینگەی ئازادی رۆژنامەنوسی ژینگەیەكی لە بارە”.
ڕێكخەری سەنتەری میترۆ وتی” ئەگەر دەمانەوێت “دەوڵەتی یاسا بین” نابێت تەنها شانازی بە دەركردنی یاساوە بكەین. شانازی راستەقینەمان بە یاساكانمان ئەو كاتانە رەاوایە كە یاسا هێزی ئەوەی هەبێت و هیچ تاوانێك لەم نیشتمانە بە بێ سزا تێنەپەڕێت”.
هەرلەو گردبونەوەیەدا ئاسۆس هەردی نوسەر لە وتەیەكیدا ڕایگەیاند” پێم سەیرە دادوەرەكانی ئێمە ڕازی دەبن بەوەی هاوڵاتیەكی سادە لەسەر سادەترین شت یهێنە گیروگرفت بەڵام مافی ئەوەیان نەبێت كەسێك بە ئاشكرا تۆمەتبارە بە كوشتن توانایان نەبێت بەرامبەری بوەستن”.
وتیشی” بەڕای من یەكێك لەو شوێنانەی كە گرنگە كاری تێدا بكەین یاسا و دادوەرەكانە،دادوەرەكان هەقە بۆ خۆیان قبوڵی نەكەن،كە دەسەڵاتیان بەرامبەر بە بێ دەسەڵات هەیە و بێ دەسەڵاتن بەرامبەر دەسەڵاتدارەكان”.
لە ساڵی 2013كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان بڕیاری دا ڕۆژی 2 نۆڤەمبەر بەڕۆژی جیهانی كۆتایی هێنان بە دەربازبون لەسزای لەو تاوانانەی كە دژ بە رۆژنامەنوسان ئەنجامدەدرێت،بناسێنرێت.