وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، ژمارەی ڕوداوەکانی هاتوچۆو ژمارەی قوربانیانی ئەو ڕوداوانە لەساڵی 2021 بەراورد بەساڵی پێشوتر بەڕێژەی لەسەدا 30 بەرزبۆتەوە.
دەزگای ناوەندی ئاماری سەر بەوەزارەتی پلاندانانی عێراق لەڕاپۆرتێکدا ئاشكرایكرد، ژمارەی ڕوداوەکانی هاتوچۆ لەعێراق بەدەر لەپارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەساڵی 2021 گەیشتۆتە 10 هه‌زارو 659 ڕوداو کە لەو ژمارەیە دوو هه‌زارو 709یان کوشندەبون کە دەکاتە ڕێژەی لەسەدا 25.4ی ڕوداوەکان، لەکاتێکدا لەساڵی 2020 ژمارەی ڕوداوەکانی هاتوچۆ هه‌شت هه‌زارو 186 ڕوداو بوە، بەوجۆرە ژمارەی ڕوداوەکانی هاتوچۆ بەڕێژەی لەسەدا 30 بەرزبونەوەیان بەخۆوە بینیوە.
دەزگاکە دەشڵێت:”ژمارەی قوربانیانی هاتوچۆ (مردن) لەساڵی 2021 گەیشتۆتە دوو هه‌زارو 828 قوربانی کە لەو ژمارەیە دوو هه‌زارو 305یان نێر كه بەڕێژەی لەسەدا 81.5 بوە، هەروەک 523 قوربانیش لەڕەگەزی مێ بوە کە دەکاتە لەسەدا 18.5ی تێکڕای قوربانیان.
ده‌زگاى ئامارى عێراق ژماره‌ى قوربانیه‌كانى 2021ى به 2020 به‌راورد كردوه‌و ده‌شڵێت:”ڕێژەکە لەسەدا 31.4 بەرزبونەوەی بەخۆوە بینیوە کە ژمارەکە تەنها دوو هه‌زارو 152 قوربانی بوە”.
له‌به‌شێكى دیكه‌ى ئاماره‌كه‌دا ئەوەش هاتوە، “ژمارەی بریندارانی ڕوداوەکانی هاتوچۆ لەساڵی 2021 گەیشتۆتە 11 هه‌زارو 230 بریندار کە بەراورد بەساڵی پێشووتر بەڕێژەی لەسەدا 34 زیادیانکردوە، بەوپێیەی ژمارەی بریندارانی ڕوداوەکانی هاتوچۆ لەساڵی 2020 تەنها هه‌شت هه‌زارو 383 برینداربوە.
لەكۆتایی ڕاپۆرتەکەدا باس له‌وه‌شكراوه، لەسەدا 80.1ى ڕوداوەکانی هاتوچۆ بەهۆی کەمتەرخەمیی شۆفێرەوە بوەو هەروەک لەسەدا 7.8 بەهۆی گرفتی ئۆتۆمبێل‌و لەسەدا 6.1 بەهۆی خراپی ڕێگاوبانەکان، هەروەک لەسەدا 6ی ڕوداوەکانیش بەهۆی هەڵەی پیادەڕەوو سەرنشین‌و هۆکارەکانی ترەوە بوە.