بانکى ڕافیدەین ڕایگەیاند، ئەم هەفتەیە پێدانى پێشینەى ١٠ ملیۆن دینار بە فەرمانبەرانى عێراق دەستپێدەکات، داواشیکردووە، خوازیارانى وەرگرتنى پێشینەکە فۆرمی وەرگرتنى ئەلیکترۆنى پڕکەنەوە.
بانکى ڕافیدەین ئەمڕۆ ٢ى تشرینى یەکەم ٢٠١٦ ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە تیایدا هاتووە، ئەم هەفتەیە پێدانى پێشینەی١٠ ملیۆن دیناری بە فەرمانبەرانی دەوڵەت دەستپێدەکات.
هەر لەڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، فەرمانبەرانی دەوڵەت دەتوانن لە ڕێگەی فۆرمێکی تایبەتەوە بە شێوەی ئەلیکترۆنی داواکاری بۆ وەرگرتنی پێشینەکە پێشکەش بکەن و دواتر لەلایەن کارگێڕى بانکەوە ووردبینى دەکرێن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، هەفتەى ڕابردوو لیژنەى دەستپاکى پەرلەمان لەگەڵ بەڕێوەبەرى لقەکانى بانکى ڕافیدەیندا کۆبوویەوە و ڕایانگەیاند، هەفتەى داهاتوو پێدانى پێشینەکە دەخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
ئەمەش لە دواى ئەوە دێت، وەزارەتی دارایی عێراق ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر دەستپێکردنی پێدانی پێشینەی١٠ ملیۆن دیناری بە فەرمانبەرانی دەوڵەت ، کە بە گوێرەی ڕێنمایی و ئالیەتی پەیڕەوکراو بۆ فەرمانبەران خەرج دەکرێت.
بەرلەدەسپێکردنی شەڕی داعشیش، حکومەتی عێراق بە هەمان شێوە بڕیاریدابوو بە خەرجکردنی پێشینەی١٠٠ ملیۆن دیناری بۆ فەرمانبەرانی دەوڵەت، کە بە(پێشینەی ١٠٠ موچەیی) ناسرابوو، لەبەرامبەر سودێکی کەم کە مانگانە لە مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت وەردەگیرایەوە.