دڵنیابە دەسەڵاتە سیاسییە گەندەڵ و مافیاکەی کوردستان نەک چارەسەری کێشەکانت ناکات، بەڵکو ڕۆژ بە ڕۆژ و ساڵ بە ساڵ ژیانێکی پڕ لە ماڵوێرانیت بۆ دروستدەکات. مرۆڤی کوردی باشوور چۆن لە سایەیی ئەم دەسەڵاتە سیاسییە درۆزن و ساختەچییەوە ھیچ بەھایەکی نەماوە، ئەگەر حوکمی ئەم دەسەڵاتە سیاسییە گەندەڵە درێژەی ھەبێت و بەریپێنەگیرێت، ئەوە نەوەکانیشی ھەمان دەردیسەری و ژیانی کولەمەرگی زیاتر ھیچی دیکەیان بۆ نامێنێتەوە.
حکومەت و دەسەڵاتە سیاسییە گەندەڵکەی کوردستان، دوای ٢٥ساڵ لە ڕووتانەوەی خەڵکی کوردستان، دوای خۆ دەوڵەمەندکردنی سەرانی یەکێتی و پارتی و خۆکردن بە خاوەنی ملیارەھا دۆلار بە دزینی دەیان میلیۆن دۆلاری خەڵکی گشتی کوردستان، دوای قەرزارکردنی خەڵکی کوردستا بە زیاتر لە ٢٠بیست ملیار دۆلار، دوای ئەو ھەموو قەرزاری و کوێرەوەرییە، دوای ئەو ھەموو بێ مافیی و ژێردەستەییە، دوای ئەو ھەموو چەوساندنەوە و ستەمکارییە، ئێستا بە ناوی چارسەرکردنی قەیرانەکانەوە دەیەوێت ڕێنماییە گڵاوەکانی بانکی جیهانیی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی (*) بسەپێنێت بەسەر خەڵکی ڕەشوڕووتە بێدەنگەکەی کوردساندا.
جێبەجێکردنی ئامۆژگارییەکانی بانکی جیهانیی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی لە لایەن(حکومەتی ھەرێم)ی کوردستانەوە ئەوپەڕی بێباکی و بێدەربەستییە دەرھەق بە زیاتر ھەژارکردن و چەوساندنەوە و ستەمکردن لە خەڵکی ھەژار و ڕەشوڕووتی کوردستان.
بە ناوی چاکسازییەوە، بە ناوی دەربازبوون لە قەیرانە دارایی و ئابوورییەکان، حکومەتی گەندەڵی کوردستان پەنای بردۆتە بەر بانکی جیهانیی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی ، تا ڕێنماییان بکەن و لەم قەیرانە دارایی و ئابوورییە ڕزگاریان بکەن و لە دواجاریشدا بەڵکو قەرزی کورتخایەن و درێژخایەن بدەن بەم حکومەتە گەندەڵە.
پێش ھەموو شتێک بە گوێرەی پرنسیپەکانی بانکی جیهانیی و سندوقی دراوی نێودەڵەتی مەحاڵە قەرز بدرێت بە حکومەتی ھەرێمی کوردستان، چونکە لە لایەکەوە کوردستان دەوڵەتی سەربەخۆ نییە، لە لایەکی دیکەشەوە ئابووری کوردستان و داھاتی کوردستان ئابووری و داھاتێکی کرێ وەرگرتنە واتە ئابوورییەکی ڕەیعیە. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا بانکی جیهانیی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی بۆ وێرانکردنی زیاتری باری ئابووری و دارایی خەڵکی کوردستان و بەھێزکردنی دەسەڵاتی سیاسی و سەپاندنی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە کۆمەڵێک ڕێنمایی خستۆتە بەردەم حکومەتی ھەرێم. یەک بە یەکی ئەو ڕێنماییانە ھەژاری و داماوی و زیاتر ڕەشوڕووتی خەڵکی کوردستانی لێدەکەێتەوە. لە ڕاستیدا بانکی جیهانیی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی وەک دوو دەزگای زەبلاحی پێشنیازکراو پێکھێنران لە لایەن دەوڵەتە سەرمایەدارە بەھێزەکانەوە لە پێش ھەمووشیانەوە ئەمەریکا، ھەرچەندە بە ناوی گەشەی ئابوری وڵاتان و ئاسانکاری بازرگانێتی و زۆرکردنی دەرفەتی کار بۆ خەڵک و ھەروەھا بۆ دەربازبوون لە قەیرانە ئابووریی و داراییەکانی ئەو وڵاتانەیە کە قەرزیان پێدەدرێت. بەڵام ئەوەی تا ئێستا ئەزمووکراوە ھەرچ وڵاتێک لەو وڵاتانەی کە حکومەتەکەی ئەم قەرزە درێژخایەنانە یان کورتخایەنانەی وەرگرتبێت لە وێرانکاری زیاتر ھیچی دیکەی بۆ نەماوەتەوە، چونکە بنەمای سیاسەتی ئەم دوو دەزگا زەبەلاحە چاوچنۆکە سەرمایەدارییە حکومەت و دەوڵەتی قەرزوەرگر بەھێز دەکات و خەڵکیش دەخاتە باری ئابووریەکی خراپ و زیاتر ڕەتاندن و چەوساندنەوە و ستەمکاری زیاد دەکات، لەم حاڵەتانەدا خەڵکی دەکەونە نێوان بەردەئاشی ستەمکاریی و چەوساندنەوە نامیھرەبانییەکەی بازاڕی ئازدەوە، بە ناوی بازاڕی ئازادەوە بە دەیان کۆمپانیای دەوڵەمەند چاوچنۆکانە وەک گەنمی نێوبەردەئاش خەڵکی دەھاڕن و لە پەلوپۆیی مرۆیی دەخەن.
ڕێنماییەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی و بانکی جیهانیی بۆ حکومەتەکەی کوردستان ئەمانەی خوارەوەن:
یەکەم: نرخی کڕینی تەنی گەنم کە ئێستا حکومەتی عێراقی بە ٧٠٠،٠٠٠حەوسەد ھەزار دیناری عێراقی بۆ گەنمی نایاب و ٦٠٠،٠٠٠شەسەد ھەزار بۆ گەنمی دەرەجە دوو ، ٥٠٠،٠٠پێنجسەد ھەزار بۆ گەنمی دەرجە سێ وەریدەگرێت، بکرێت بە ٢٥٠دووسەد و پەنجا ھەزار، گوایە ئەم نرخە ستانداری جیھانییە. ئەمە بە جارێک ماڵی جوتیاران وێران دەکات و بەم نرخە کەمەوە جوتیاران ناتوانن خەرجی تێچووی بەرھەمەکانیان بەدەستبێنن. ئەگەر ئەم ڕێنماییە جێبەجێبکرێت دەبێت ئیتر حکومەتی ھەڕێم ساڵانە سەدان ھەزار تەن گەنم لە روسیا و ئەمەریک و کەندا بکڕێت و بە نرخێکی گران بیفرۆشیتەوە بە خەڵکی ستەمدیدە کە ڕەنگە نرخی نانێک کە ئێستا تەنھا(١٢٥)دینارە ببێت بە سێ ئەوەندە و چوار ئەوەندە. ئاخر ئێستا لەم حاڵەتی قەیاران و بێموچەییەدا، خەڵکی گیانیان بەوەیە کە نان و برنج و سەوزە ھەرزانە. بۆیە خەڵکی ھەژار ھەموو خۆشییەکانی ژیانی ھاتۆتە سەر ئەوەی وەک ئاژەڵ دەژی و بێدەنگە، بەڵام حکومەتە گەندەڵکەی کوردستان ئەم ژیانە ئاژاڵییەش بە خەڵک ڕەوا نابینێت.
دووەم: حکومەتی ھەرێم ڕێنمای کراوە کە چیتر گومرگ لە ھێنانی کەلوپەل و خواردەمەنی وسەوزەوات و میوەھاتی ھاوردە وەرنەگرن، گوایە بۆ ئەوەی لە بازاڕی ئازادا کێبڕکێ دروستبێت، ئەمەش یەکێکە لە خراپترین ڕێنمایی کە ژێرخانی ئابووری کوردستان بە تەواوەتی ھەڵدەتەکێنێت، لە کاتێکد کە یەکێک لە ژێرخانی ئابووری بەھێزی کوردستان کشتوکاڵکردن و گەشتوگوزارە. ھەر بۆ ئاگاداری خوێنەری بەڕێز، ئێستا لە کوردستاندا میوە و سەوزە و پەتاتە و تەمانە و پیاز ھێندە بەرھەمدەھێنرێت کە تا ئاستێکی بەرز پێویستی خەڵک دابین دەکات. بەڵام لە حاڵەتێکدا ئەگەر سنورەکان و دەروازەکان بخرێنە سەرپشت ئەوە ئەم بەرھەمانە ھیچیان بەرھەمناھێنرێن لەبەر ئەوەی نرخەکانیان بە ھۆکاری ھاوردەیەکی ڕەھای بێسنورەوە ھێندە دادەبەزێت کە تێچووی بەرھەمھێنانی دەرناھێنێت.
سێیەم: حکومەتی ھەرێم ڕێنمایی کراوە کە ژمارەی کارمەندان و فەرمانبەران تا ساڵی ٢٠١٩ لە ٦٠٠،٠٠٠ەوە کەمباکتەوە بۆ ٤٠٠،٠٠٠ ھەزار واتە ٢٠٠،٠٠٠ کەس نانبڕاو بکرێت و واز لە ڕاژە و کارەکانیان بھێنرێت. ئەمەش دەبێتە ھۆکاری بێکارییەکی یەکەجار زۆر لە کوردستاندا.
چوارەم: ڕێنمایی ئەم بانکە جیھانییەی کە بەردەوام خەریکی ڕووتانەوەی خەڵکی ستەمدیدەیە لە جیھاندا بۆ زیاتر دەوڵەمەندکردنی چینی بۆرژوا و خاوەن کۆمپانیا چاوچنۆک و زەبەلاحە جیھانییەکان، ئەوەیە کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ خۆ دەربازکردن لە قەیرانەکانی کەرتەکانی تەندروستی و پەروەدە و کارەبا بفرۆشێتەوە بە کەرتە تایبەتەکان. ئەمەش خراپترین و دزیۆترین کارە کە بکرێت دەرھەق بە خەڵکی ڕەشوڕووتی کوردستان، لەم حاڵەتەدا کە ئێسات وا حکومەت دەستی پێکردوە و کۆمەڵێک لەو کۆمپانیانەی کە سەر بە حیزبەکانن خەریکی کڕینەوەی ئەم کەرتانەن، ئەمە نەک ھەر قەیرانی خەڵکی کوردستان جارەسەر ناکات، بەڵکو ڕەشوڕووتی و ھەژاریی و کەمدەستی دەگاتە حاڵەتی ئەوەی کە کەس فریایی ژیانی خۆی و ماڵ و منداڵی نەکەوێت.
خوێنەری بەڕێز لە بەرامبەر بە بانکی جیهانیی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی بانک و سندوقی دراوی (باشوور)** ھەیە، کە بە سوودێکی زۆر کەم قەرزی درێژخایەن و کورتخایەن دەدەن بەو وڵاتانی کە تووشی کەمدەرامەتی و قەیرانی دارایی و ئابووری بوون. حکومەتی ھەڕێم ئەگەر بێباک نەبوایە لە ھەژاری و کەمدەرامەتی خەڵکی کوردستان ھیچ نەبێت بۆ قەرزوەرگرتن ڕووی لەم بانک و سندوقە دەکرد. بەڵام لە پێناوی ھاوبەشیکردن لە دەوڵەمەندکردنی خۆیان و کۆمپانیا زەبەلاحە پارەدارە چاوچنۆکە سەرمایەدارەکاندا ئەمە ناکات و بەلایدا ناچێت و ڕوو لە بانکی جیهانیی سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی دەکات و ڕینماییە گڵاوەکانیان وەردەگرێت و دەیەوێت بیسەپێنێت بەسەر خەڵکی ستەمدیدەی کوردستاندا..
بۆیە پێویستە خەڵکی ڕەشوڕووتی کوردستان دژایەتی ئەم ڕێنماییانەی بانکی جیهانیی و سندوقی نێودەوڵەتیی بکەن و رێگە نەدەن بە حکومەت کە ئەم ڕێنماییانە جێبەجێبکات. بێدەنگی بەرامبەر بەم کارە قێزەونەی حکومەتی ھەرێم خۆکوژیی خەڵکە ڕەشوڕووتەکە نەبێت ھیچی دیکە بەرھەم ناھێنێت.
خەڵک دەبێت دەستبەجێ بە خۆپیشاندان و مانگرتن و ڕاپەڕین ئەم ھەوڵە قێزەوانانەی حکومەت بەرپەرچبدانەوە، دەنا کار لە کار دەترازێت و چیتر خەڵک ناتوانێت بە ژیانێکی کولەمەرگیش ژیان بەسەر بەرێت.
______________________________
سوپاس و پێزانیم بۆ ھاوڕێی خۆشەویست کە ئەم زانیارییانەی پێدام.
* سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی و بانکی جیهانیی: لە ٢٧/١٢/١٩٤٥ لە سەرەتای کۆتاییھاتنی جەنگی جیهانیی دووھەمدا لە کۆبوونەوە گرنگەکەی بریتن ودس Bretton Woods, دامەزرا و ئێستا بارەگای سەرەکی لە واشنتۆن دی سی یە. لە ئێستادا Christine Lagarde سەرۆکێتی کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١١ دا دەستی پێکرد. ئەم دەزگایە لەگەڵ بانکی جیهانیی لە نێوانی ئەمەریکاو ئەوەروپادا واڕێکەوتون لەسەری، کە سەرۆکی ێندوق دەبێت ئەوروپی بێت ھی بانکی جیهانیی ئەمەریکی بێت. دۆزەرەوەی سەرەکی ئەم دەزگا دراوییە ئەمانەن John Maynard Keynes, Harry Dexter White ، کینز کە کابرا ئابورییە مەشوورەکەی جیھانە کە خۆی ئینگلیزە. گوایە ئەم دەزگایە ڕێکخراوی ١٨٩ وڵاتە یاخود ١٨٩ وڵاتی بەخۆوە گرێداوە، بە حساب ئەم بۆ خێر و خۆشی ئەم وڵاتانە دروستبووە ئەمە مەبدەئە بنەڕەتییەکانێتی کە گوایە لەسەری دەڕوات: کار لەسەر خۆشکردنی پەیوەندی نقدی وڵاتان دەکات، بۆ سەقامگیری دارایی ھەوڵدەدات، کار لەسەر ئاسانکردنی بازرگانی دەوڵەتان دەکات، برەو بە بڕی بەرزی ( واتە زۆر بوونی ) کاردەکات و ھەوڵی ڕاگرنتی گەشەکردنی ئابوریدەدات، ھەرەھا بڕی ھەژاری لە جیھاندا دەھێنێتە خوارەوە. ئەمە کورتەی بەرنامەکیەتی بەڵام ئامار و ئەتواری تەواو تەواو پێچەوانەکەی نیشادەدات، ھەر شوێنێک ئەم دەستی گەیشتبێتێ وێرانی کردوە،، ھەموو ئامۆژگاری ئەم ڕێکخراوە مەرجی یارمەتیدانی بۆ وڵاتانێک کە لە گێچەڵی ئابوریدان و گەشەی ئابورییان کەمە تاکو قەرزیان پێبدات ئەمانەیە: بە خاەندارێتی تایبەتی کەرتە حکومییەکانە، زیادکردنی باج و خەراج و دانانی باجی دیکە لەسەر ئەوانەشی کە باجیان لەسەر نییە، دەرکردنی کرێکارانە و کەمکردنەوەی موچە و کرێی کار و درێژکردنی وەختی کارکردنە. ھەموو ئەمانە لەژێر ناوی ریفۆرم-دا. دەستی ئەم دز و تاڵانکەرە بەزۆری بە ئەفەریقا و وڵاتانی ئەمریکای لاتینییەوە، دیارە و ئێستاش یۆنان و پورتوغال.
** بانکی باشوور: ئەم بانکە لە ساڵی ٢٠٠٧ دا کرایەوە بە ناوی “بانقی باشوور” کە وەکو بەدێلێکی ێندوقی دراوی نێودەوڵەتیی و بانقی جیهانیی ھاتە ئاراوە سەرەتا لە لایەن ڤێنزویلا و ئیکۆدۆر و بۆ لیڤاوە دەستپێشخەری کرا و لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا دوای یەکەم کۆبونەوەیان دروستیان کرد و ٤.٥ ملیون دۆلاریان تێفڕیدا بڕیاریان دا بۆ ھەر ئەندامێکی داھاتویان دەبێت بە بڕی لە سەدا ٥ پێنجی سەرمایەی ساڵانەیان وڵاتیان پارەی تێکەن تاکو پارەیان ھەبێت لە بانقکەدا. دوای ماوەیەکی کەم سەرمایەکەی بوو بە ٧ ملیار دۆلار کە ھەر یەک لە بەرازیل و ڤێنزویلا ئەرجەنتین یەکی ٢ ملیاریان دان. یکۆدۆر و ئۆرگوایش یەکی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار و بۆلیڤیا و پەرەگوای یەکی ١٠٠ ملیۆن دۆلار ھاوبەشییانکرد.