رۆژی یەکشەممە ٤ى ئەیلولى ٢٠١٦ هەندێک لەکادر و ئەندامانى حزبى شیوعى دژى پێدانى کارەبا بە سێکتەرى تایبەت گردبوونەوە و داوایان لە حکومەت کرد، کەرتى کارەبا نەداتە دەست کەرتى تایبەت.
ئەو کادرانەى حزبى شیوعى ئاماژەیان بۆ مەترسیەکانى سێکتەرى کارەبا بە کەرتى تایبەت کرد و وتیان “زەرەرمەندى یەکەم هاوڵاتیانن”.
هەروەها وتیشیان، یاداستێکمان ئامادەکردووە و دەیدەینە سەرۆکایەتى هەرێم و سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتى کارەبا و ڕاى گشتى کۆمەڵگا.
حزبى شیوعى ئەوەشى وت “هیوادارین حکومەوت ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکات، چونکە ئەمانە بەناوى قەیرانى داراییەوە بەسەر خەڵکدا دەسەپێنرێت”.
هەروەک ئەوەشیان وتووە “ژێرخانى کارەبا لەبودجەى گشتى بناتنراوە و ئەوەى ئێستا دەیانەوێت بیکەن، شێوازێکە لە هەراجکردن و دەستبەسەردا گرتنى کەرتى گشتى و سامانە نیشتیمانییەکان”.
لەماوەى ڕابردودا دەنگۆى ئەوە بڵاوبووەتەوە کە حکومەتى هەرێم سێکتەرى کارەبا دەدات بە کەرتى تایبەت بۆ ئەوەى کارەبا بەباشى بەڕێوەببرێت و ٢٤ کاتژمێر کارەبا بگاتە هەموو هاوڵاتیان، ئەم بڕیارەش کاردانەوەى جۆراوجۆرى بەدواى خۆیدا هێنا و هەندێک لە هاوڵاتیان دڵخۆشن بەم کارە و چونکە پێیان وایە حکومەتى هەرێم شکستى هێناوە لەدابینکردنى کارەبا بۆ هاونیشتیمانیان و کەرتى تایبەت دەتوانێت ئەو شکستە کۆتایى پێبهێنێت، هەندێکیش بەپێچەوانەوە و ڕەشبینین لەم کارەى حکومەت و پێیان وایە کرێى کارەبا زیاد دەکات لەسەر هاونیشتیمانیان.