ئا: عەبدولڵا محسن
بەرزبوونەوەى نرخى زێر کاریگەرى زۆرى دورستکردووە لەسەر رێژەى هاوسەرگیری، بە وتەى گەنجان و زێرەنگرەکانیش هەر جارێک نرخى زێر بەرزتر دەبێتەوە رێژەى هاوسەرگێرى ڕوو لە کەمى دەکات و کاریگەرى نەرینى لەسەر گەنجان دورست دەکات و دەبێتە بەربەست لەبەر دەم هاوسەرگیرى، لەسەر ئەم بابەتە بۆ چوونى کچ کوڕ و زێرەنگرەک وەردەگرین.
لەم بارەیەوە، محەمەد رەشاد، لەسەر بەرزبوونەوەى نرخى زێر و کەمبوونەوەى رێژەى هاوسەرگیرى وتى” من ئەو کاتەى چوومە ناو ژیانى هاوسەرگیرى لەبەر بەرزى نرخى زێر داوام لە باوکى کچە کرد کە بە یەک ئەلقە کچەم پێشکەش بکات چونکە لە توانام نەبوو زێر بکڕم چونکە نرخى بەرز بوو کە هەر مسقالێک بە 300 دۆڵار بوو، بەڵام باوکى کچە ڕازى نەبوو، وتى دەبێت 70 مسقال زێر بۆ کچەم بکڕى، بۆیە هاوسەر گیرییەکەم سەرى نەگرت یەکەمجار، بۆیە بەرزبوونەوەى نرخى زێر بووە رێگر لەبەردەم حەز و ئارەزووى خۆم و نەمتوانى بگەم بە خۆشەویستەکەم، تا ماوەیەکى زۆر توانیم دوور لە حەزى خۆم هاوسەر گیرى پێکبهێنم.
لەلایەکى ترەوە، گەنجێکى تر بەناوى شوان سەعید ، لە نزیک شوێنێکى زێرنگر وەستا بوو، لەسەر بەرزبوونەوەى نرخى زێر و کەمبوونەوەى رێژەى هاوسەرگیرى وتى” من هاوسەرگیریم پێکنەهێناوە هۆکارى سەرەکى بەرزى نرخى زێرە چونکە ئێستا قەیرانى داراییە و وڵاتمان لە شەڕە بۆیە ئەگەر نرخى زێر بەو شێوەیە بەرز بێت ئەستەمە بتوانم ژیانى هاوسەرگیرى پێکبهێنم.
وتیشى” ئێستا تەمەنم گەیشتۆتە 40 ساڵ لە پێشتریش بەهۆى نەبوونیەوە نەمتوانیوە ژیانى هاوسەرگیرى پێکبهێنم، بۆیە داوا لە حکوومەت دەکەم هاوکارى گەنجان بکات تاوەکو بتوانن هاوکارى گەنجان بکات تاوەکو بتوانن ژیانى هاوسەرگیرى پێکبهێنن بە شێوەیەکى ئاسان.
لەلایەکى دیکەوە، زێرینگرێک بەناوى حاجى ئەسوەد، لەسەر کەمبوونەوەى رێژەى هاوسەرگیرى و بەرزبوونەوەى زێر وتى” پێش ئەوەى قەیرانى دارایی دورست ببێت و نرخى زێر بەشێوەیەکى گونجاو بوو، رۆژانە 7 تا 10 بووک و زاوا دەهاتن بۆ لاى ئێمە و زێریان دەکڕى و ژیانى هاوسەرگیریان پێکهێنا بوو، بەڵام ئێستا هەم زێر گرانە و هەم وڵاتمان لە شەڕ ە و قەیرانى داراییە رێژەى هاوسەرگیرى زۆر کەم بووە.
وتیشى” لە ئێستادا بە دەگمەن گەنجان ژیانى هاوسەرگیرى پێکدەهێنن و ئەگەر رۆژانە بووک و زاوایەک سەردانمان بکات بۆ کڕینى زێر.
باسى لەوەشکرد” کەمبوونەوەى رێژەى هاوسەرگیرى بە پلەى یەکەم دەگەرێتەوە سەر بەرزبوونەوەى نرخى زێر بە پلەى دووەم و سێ یەمیش قەیرانى دارایی و شەڕى داعشە.
لاى خۆیەوە ، شادیە ڕەسول ، ناوى خوازراوى کچێکە وتى” من تا ئێستا هاوسەرگیرم نەکردووە باسى گەرمى نیو کچانیش کەمى رێژەى هاوسەرگیرییە، لەگەڵ ئەوەش کچانیش هۆکارى سەرەکى بۆ بەرزبوونەوەى نرخى زێر دەگەرێننەوە .
وتیشى” پێویستە کچانیش داواکارییەکانیش کەمتر بکەنەوە بۆ نموونە ئەگەر لە پێشوو کچ 50 مسقال زێرى داوا بکردایە پێویستە ئێستا 25 مسقال زێر داوا بکات تاوەکو بتوانن هاوکارى هاوسەر ەکان بکرێت و کوڕانیش بتوانن ژیانێکى باشتر دەبین بکەن بۆ هاوسەرەکانیان.