حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بریارێکی نوێدا ٣ هەزار و ٥٠٠ کورسی بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا راگەیاند حکومەت تێچوی بەشێکیان لە ئەستۆ دەگرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند “حکومەتی هەرێمی کوردستان لەچەند رۆژی داهاتودا چەند هەلێکی نوێی خوێندن بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا رادەگەێنێت.
نەژدەت ئاکرێیی بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوە و پەرەپێدانی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى راگەیاند “لەچەند رۆژى داهاتودا وەزارەتى خوێندنى باڵا ٣ هەزار و ٥٠٠ کورسی خوێندنى ماستەر و دکتۆرا ڕادەگەیەنێـت”.
نەژدەت ئاکرێیی ئاماژەی بەوەشکردوە ” نزیکەى ١٥٠٠ کورسى خوێندنیان حکومەتی هەرێم تێچوەکەى دەگرێتە ئەستۆ، ژمارەکەى دیکەش بەسیستمى پارالێڵ تەرخانکراوە بۆ ئەوانەى ئارەزوى خوێندن دەکەن و وەزارەتی خوێندنی باڵا لە روى رێنماییەکان و مەرجى تەمەنەوە کارئاسانی بۆ ئەو کەسانە دەکات کە بە سیستەمى پارالێڵ دەخوێنن”.
ئەمە دەرفەتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە کە خوێندکارانی تواناسازی بۆ خوێندنی دکتۆرا و ماستەر کە لەچەند ساڵی رابردو نێردرانە دەرەوەیوڵات بۆ خوێندن، ئێستا حکومەتی هەریم توانای دابین کردنی بەخششە داراییەکان و کرێی خوێندنەکانیانی نەماوە و بەپێی زانیارییەکانی ئاوێنە بەشێک لەو خوێندکارانە وازیان لە خوێندنەکەیان هێناوە لەبەر نەمانی پشتگیرییە دارییەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ئەو خوێندکارانە.