ئاڵا له‌تیف:
به‌گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و سوڵحه عه‌شایه‌ریه‌ی له‌نێوان هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ی دنیا‌و هاوسه‌ره‌که‌یدا کراوه، دادگا حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی بۆ بکوژه‌که‌ی ده‌رکرد، سوڵحهکهش به 40 هه‌زار دۆلار کراوه، ئه‌گه‌ریش هه‌یه به‌ر لێبوردنی گشتی بکه‌وێت.
دنیا سلێمان حسێن، له‌دایکبوی ساڵی 1999 بوو، 24/5ی ساڵی رابردوو ته‌رمه‌که‌ی له‌نزیک چیای مه‌قلوبه-باشوری ناحیه‌ی که‌ڵه‌کچی له‌دهۆک- له‌لایه‌ن هێزه‌کانی پۆلیسه‌وه دۆزرایه‌وه، مێرده‌که‌شی وه‌ک تاکه تۆمه‌تباری ئه‌و کوشتنه ناوی بڵاوکرایه‌وه، پاش دوو مانگ لهکوشتنهکه ده‌ستگیرکرا، پێشتریش له‌گرته‌یه‌کی ڤیدیۆیدا که‌مێرده‌که‌ی دنیا بڵاویکرده‌وه. پاساوی «شه‌ره‌فپارێزی» بۆ کوشتنه‌که هێنایه‌وه.
کوشتنه‌که‌ی دنیا یه‌کێک له‌و که‌یسانه بوو، له‌ساڵی رابردودا زۆرترین ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوو، رێکخراوه‌کانی بواری داکۆکیکردن له‌مافه‌کانی ژنان‌و منداڵان له‌دژی ئه‌و کوشتنه هاتنه سه‌ر خه‌ت، خۆپیشاندان‌و کۆبونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌رییان له‌دژی به‌ڕێکرد، هه‌تا ئه‌و ئاسته‌ی سه‌رۆکی حکومه‌ت به‌شه‌خسی داوای به‌دواداچونی تایبه‌تی کرد له‌سه‌ر ئه‌و که‌یسه.
عایشه عه‌بدوڵا، یه‌کێک له‌پارێزه‌ره‌کانی داکۆکیکردن له‌که‌یسه‌که‌ی دنیا، بۆ هاوڵاتی جه‌ختی له‌وه کرده‌وه که ئه‌و سوڵحه عه‌شایه‌ریه‌ی له‌باره‌ی کوشتنی دنیاوه کراوه، رۆڵی هه‌بوو له‌سه‌ر حوکمهکهو ئه‌و ماده یاساییه‌ش که‌پێی حوکمدراوه.
ئه‌و پارێزه‌ره، رونیکرده‌وه له‌قۆناغی لێکۆڵینه‌وه‌دا لایه‌نی ماڵی هاوسه‌ره‌که‌ی دنیا هه‌موو هه‌وڵه‌کانیان به‌و ئاقاره‌دا بوه که کوشتنه‌که ببه‌ن به‌و ئاراسته‌یه‌ی له‌پێناوی داکۆکیکردن له‌شه‌ره‌فی خۆیدا بوه، وتی «به‌ڵام به‌هه‌وڵه‌کانی ئێمه توانیمان ئه‌و به‌ڵگه پێویستانه بخه‌ینه به‌رده‌ست که کوشتنه‌که به‌مه‌به‌ست بوه، هه‌ربۆیه به‌پێی ماده‌ی ٤٠٥ له‌یاسای سزادانی عێراقی حوکمدرا».
له‌قۆناغی لێکۆڵینه‌وه‌دا هه‌وڵیشدراوه ئه‌وه بسه‌لمێنرێت ئه‌و کوشتنه به‌ته‌نیا نه‌کراوه‌و که‌سانی دیکه‌ش به‌شداربون تێیدا وه‌ک ئه‌و پارێزه‌ره باسی لێوه ده‌کرد.
دادگای تاوانی دوو له‌دهۆک، 29/12/2014، دوای سێ‌جار دانیشتن حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی بۆ سلێمان زیاب یونس (٤٥ ساڵ) ده‌رکرد به‌تۆمه‌تی کوشتنی دنیا که ژنی دوه‌میه‌تی.
عایشه، زانیاری دروستی له‌لا نیه ده‌رباره‌ی بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ی لهسوڵحهکهدا دراوه به‌ماڵی باوکی دنیا له‌به‌رامبه‌ر بهتهنازولکردنیان له‌کوشتنی کچه‌که‌یان، به‌ڵام ده‌ڵێت «ئه‌وه‌نده‌ی باسی لێوه ده‌کرێت چوار ده‌فته‌ر دۆلار – 40 هه‌زار دۆلار- دراوه به‌ماڵی باوکی».
کاتێک هه‌واڵی کوژرانی دنیا بڵاوکرایه‌وه، دوو لێدوانی جیاواز هه‌بوو، له‌باره‌ی بڕینی ئه‌ندامه‌کانی جه‌سته‌ی دونیا یان ته‌نها کوشتنی به‌گولـله، ئه‌وکات دایکی به‌هاوڵاتی وت «مه‌مکی لێکراوهتهوهو چاوی ده‌رهێنراوه«. به‌ڵام پۆلیس ره‌تیکرده‌وه.
له‌دوا وێنه‌شدا که له‌تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوک بڵاوکرایه‌وه، ده‌رکه‌وت که ئاسه‌واری بڕین له‌سه‌رو سنگیه‌وه هه‌بوو، ده‌موچاوی ئاوسابوو، چاوێکیشی شین بوبۆوه.
سلێمان له‌عه‌شیره‌تی گۆرانه‌و وه‌ک عایشه ده‌ڵێت «باس له‌وه‌ده‌کرێت که سه‌رۆک عه‌شیره‌تی گۆران‌و نوێنه‌ری هه‌ندێک حزبی سیاسیش لهسوڵحهکهدا هه‌بون».
به‌شار موشیر ئیسماعیل، سه‌رۆک عه‌شیره‌تی گۆران، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی کوردستانه له‌فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، هاوڵاتی چه‌ندجارێک هه‌وڵیدا لێدوانی لێوه‌ربگرێت، به‌ڵام ژماره مۆبایله‌که‌ی داخرابوو.
ماوه‌ی حوکمه‌که به‌لای چالاکوانانی ژنانه‌وه سزایه‌کی دڵخۆشکه‌ر نیه بۆ قه‌باره‌ی ئه‌و تاوانه‌ی که به‌رامبه‌ر به‌دنیا کراوه، ئه‌وان له‌تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانه‌وه زۆرترین ره‌خنه له‌و حوکمه دهگرنو پێیانوایه ئه‌و جۆره حوکمانه ده‌ستی بکوژانی ژن ئاوه‌ڵا ده‌کات له‌به‌رامبه‌ر به‌کوشتنی ژنان، به‌تایبه‌تی ده‌رچونی لێبوردنی گشتی ئاسانکاریه‌کی دیکه ده‌کات بۆ ده‌رچونیان له‌زیندان.
شۆخان حه‌مه ره‌شید، پارێزه‌ری گروپی ژیان، حوکمه‌که به‌که‌م دهزانێتو به‌هاوڵاتی وت «به‌رنامه‌مان هه‌یه له‌ڕۆژانی داهاتودا کار بۆ جوڵاندنه‌وه‌ی رایگشتی خه‌ڵک بکه‌ین له‌سه‌ر ئه‌م که‌یسه، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌ممیز بکرێته‌وه‌و حوکمه‌که‌ی له‌سه‌ر زیاد بکرێت».
لیژنه‌ی داکۆکیکردن له‌مافه‌کانی ژنان له‌په‌رله‌مانی کوردستانیش، ره‌خنه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و حوکمه هه‌یه‌و به‌رنامه‌یان هه‌یه ته‌ممیزی بڕیاره‌که بکه‌نه‌وه.
ئێڤار ئیبراهیم، سه‌رۆکی لیژنه‌ی داکۆکیکردن له‌مافه‌کانی ئافره‌تان له‌په‌رله‌مانی کوردستان، به‌هاوڵاتی وت «ئێمه رازی نین به‌و بڕیاره‌و ته‌ممیزی ده‌که‌ینه‌وه«.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد، ئه‌وان وه‌کو لیژنه‌که چه‌ندینجار له‌گه‌ڵ ماڵی باوکی دنیا دانیشتون‌و داوایان لێکردون سوڵح له‌وباره‌یه‌وه نه‌که‌ن.
ئێڤار ئیبراهیم وتی «ئه‌وان ده‌یانوت به‌هیچ جۆرێک ئاماده‌ی سوڵح نین، ئێستاش که سوڵحه‌که کراوه دایک‌و باوکی دنیا بۆ سێیه‌مجار تاوان به‌رامبه‌ر بهکچهکهیان ده‌که‌ن، چونکه جارێک له‌ته‌مه‌نی 13 ساڵیدا به‌پاره بهشویانداوه، جارێکی دیکه‌ش له 14 ساڵی‌و له‌ته‌مه‌نی نایاساییدا به‌شویان داوه‌ته‌وه هه‌ر به‌پاره، ئه‌مجاره‌ش دوای کوشتنه‌که‌ی به‌پاره سوڵح له‌سه‌ر کوشتنه‌که‌ی ده‌که‌ن».
جه‌ختیشیکرده‌وه «ده‌بێت که‌سوکاری دنیاش بدرێن به‌دادگا».
نوێنه‌ری لیژنه‌ی داکۆکی له‌مافه‌کانی ئافره‌تانی په‌رله‌مانی کوردستان، له‌هه‌رسێ دانیشتنه‌که‌ی دادگادا ئامادهبوهو چاودێری به‌ڕێوه‌چونی دانیشتنه‌کانی دادگایان کردوه.
ڤیان عه‌باس، ئه‌ندامی لیژنه‌ی داکۆکی لهئافرهتانو نوێنه‌ری لیژنه‌که له‌دادگا، به‌هاوڵاتی وت «ئێمه هیچ رازی نین به‌و حوکمه‌ی بۆ بکوژه‌که‌ی دنیا ده‌رچوو، هه‌ر بۆیه داوای ته‌ممیزی ده‌که‌ین».
رونیکرده‌وه «ئه‌م حوکمه لێبوردنی گشتیش ده‌یگرێته‌وه، بۆیه وه‌ک په‌رله‌مانتاران کارێکی جددی ده‌بێت بکه‌ین بۆ هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاسای توندوتیژی خێزانی، به‌وه‌ی که بکوژی ژن نابێت هیچ لێبوردنێکی تایبهتو گشتی بیانگرێته‌وه«.