لاپەڕەی سەرەکی ڕاپۆرت سیستەمی پەروەردە و خوێندن پێویستە سێکولاریستەبکرێ

سیستەمی پەروەردە و خوێندن پێویستە سێکولاریستەبکرێ

0 تێبینییەکان 14 بینینەکان

sicularناوەندی سێکولار لە هەرێمی کوردستان بڕوای وایە کە سیستەمی خوێندن وپەروەردە لە هەرێمی کوردستان پیویستی بە ئاڵ و گۆڕی ریشەیی و چاکسازی زۆر و سێکولاریستەکردنی سیستەمەکەهەیە . لەم بارەوە بە پیویستی دەزانین کە :
1. کێشەی بەسیاسییکردنی بەرنامەی خوێندن: کتێبەکانی مێژوو لە دیدێکی ناسیونالیستانە نوسراون‌ کەچی کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە دیدێکی ئیسلامییانە، ئیسلامی سیاسیی، داڕێژراون. واتە بەرنامەکانی خوێندن کراون بە پلاتفۆرمێک بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدیۆلۆجیا سیاسییەکان. واچاکە بەرنامەی خوێندن لە دیدێکی ئەکادیمی دوور لە لەقالبدان‌و تەلقیندانی ئایدیۆلۆجیی‌‌و دینی بنوسرێنەوە.

2. بلاوکردنەوەی توند تیژی دینی: بەرنامەی خوێندن لە کوردستان بەتایبەتی پەروەردەی ئیسلامی پڕن لەو دەقانەی کە دەبنە هەوێنی توندڕەوەیی‌و توندوتیژیی. واچاکە پێداچوونەوەیەک بکرێت بەو کتێبانەو پاکبکرێنەوە لەو دەقانەو جێگەیان بگیرێتەوە بە دەقگەلێک کە ببنە هەوێنی تەبایی‌و هارمۆنی‌و لێکتێگەیشتن لەنێوان کەلتورەکان.

3. بەها مرۆییە هاوبەشەکان : کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی پڕن لەو هەوڵانەی کە بەها مرۆییە هاوبەشەکان وەک بەهای موسڵمانان ناسێنراون. واچاکە بەرنامەی خوێندن بەها چاکەکان، بۆنمونە رێزگرتن، بەرپرسیارەتیی، فرەیی، سۆزو بەزەیی، مرۆڤدۆستی‌و ژینگەدۆستی‌و قەبوڵکردنی ئەوی دیکە هتد، وەک بەها هاوبەشەکانی مرۆڤایەتی بە قوتابیان بناسێت نەک وەک بەهای موسڵمانان، بۆئەوەی رۆحی ئەو بەها مرۆییە هاوبەشانە بکرێن بە هەوێنی پێکەوەژیانی ئاینەکان‌و نەتەوەکانی کوردستان.

4. لە چوارچیوەدانی فکر و گەشەی مێشکی مندالان : بەرنامەی خوێندن لە کوردستان لە دیدێکی ڕەهاییگەرییانەوە نوسراون. واچاکە بەرنامەی خوێندن لەو شێوازە دەربڕینانە پاکبکرێنەوە بۆئەوەی وا لە قوتابی بکرێت کە پرسیاری لا دروستبێت نەک کوێرانە باوەڕ بە دەقێک یان پەیامێک بکات.

5. قوتابخانەکان کراونەتە مزگەوت : نمونە زۆرن هەم وەک بەرنامەی خوێندن هەم وەک پراکتیز نیشاندەدەن کە قوتابخانەکانی کوردستان کراون بە مزگەوت. ئێمە پێمانوایە کە قوتابخانە دامەزراوەیەکی گشتی‌و دینیش پرسێکی تایبەتییە، بۆیە ناکرێت قوتابخانە بۆ پرسە کەسیی‌و تایبەتییەکان بەکاربێت. واچاکە قوتابخانەکان وەک شوێنی پەروەردەیی‌و زانستی‌‌و مەعریفی تەماشابکرێن‌و بەکاربێن‌و ڕێگریشبکرێت لە هەر بەکارهێنانێک لەلایەن هەر دینێک.

6. بەرنامەی خوێندنی دین لە قوتابخانەکانی کوردستان ناوەڕۆکێکی تەبشیریی هەیە: واچاکە بەرنامەی خوێندنی دین لە قوتابخانەکان لە پەروەردەی دینییەوە بگۆڕدرێن بۆ ئاییناسی‌‌و بەشێوەیەک بنوسرێنەوە کە دووربن لە ئیستیعلاکردنی دینێک بەسەر دینەکانی دیکە. واچاکە دەقەکان بەبێ لایەنگریی لە هیچ دینێک بنوسرێنەوە تاوەکو ببنە هەوێنی رۆحی یەکسانیی‌و تەبایی‌و پێکەوژیان لەنێو منداڵانی کوردستان.

بۆ ئەم مەبەستە ئێمە پێشنیازی لیژنەیەک دەکەین لە کەسانی ئەکادیمی‌و کۆمەڵناس‌و شارەزایانی سایکۆلۆجی منداڵ‌و ئایینناس‌و پسپۆرانی زمانەوانی‌و شارەزایانی بواری پەروەردە، تاوەکو هەستن بە ئەرکی داڕشتنەوەی بەرنامەکانی خوێندن.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە