لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ ئەمنیستی: دەستگیرکراوەکانى کودەتاکەى تورکیا دەستدرێژی سێکسیان کراوەتەسەر‎

ئەمنیستی: دەستگیرکراوەکانى کودەتاکەى تورکیا دەستدرێژی سێکسیان کراوەتەسەر‎

0 تێبینییەکان 38 بینینەکان

supa-turkڕێکخراوی ئەمنیستی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە بەڵگەی باوەڕپێکراویان دەربارەی ئەوکەسانە لەبەردەستدایە کە بە گومانی تێوەگلان لە کودەتاشکستخواردووەکە دەستگیرکراون و ڕوبەڕوی ئەشکەنجەو توندوتیژی بوونەتەوە.

ڕێکخراوی ئەمنیستی کە بنکەکەی لە شاری لەندەنی بەریتانیایە ، دوێنێ یەکشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکرد گومانلێکراوەکان لە گرتوخانە فەرمی و نافەرمیەکانی تورکیادا ئەشکەنجەو ئازاردراون و دەستدرێژی سێکسیانکراوەتەسەر.

ڕێکخراوەکە نوسیویەتی لەدوای هەوڵی کودەتاکە زیاتر لە ١٠ هەزار کەس دەستگیرکراون و داواشیکرد ڕێگە بە چاودێرانی سەربەخۆبدرێت سەردانی گرتوخانەکانی تورکیا بکەن.
ڕێکخراوی ئەمنیستی نیگەرانی دەربارەی خراپ مامەڵەکردنی پۆلیسی تورکیا لەگەڵ دەستگیرکراوەکاندا دەربڕی و ئاماژەی بەوەشکرد ، دەستگیرکراوەکان لە ژێر فشاردان و ئاو و خواردن و پێداویستی تەندروستیان لێ قەدەغەکراوە و هەڕەشە و سوکایەتیان پێکراوەو لێدراون و ئەشکەنجەدراون و ڕوبەڕوی توندوتیژی سێکسیبوونەتەوە”.

دوو پارێزەر کە لە ئەنکەرەی پایتەختی تورکیا کاردەکەن بە ڕێکخراوەکەیان وتووە “شایەتحاڵن بەرپرسی باڵای سەربازی لە گرتوخانەکاندا لەلایەن پۆلیسەوە دەستدرێژی سێکسیانکراوەتەسەر”.

turkya-anqlabسەرچاوەیەکی دیکەش بە ڕێکخراوەکەی ڕاگەیاندووە ” ٣٠٠ سەرباز لە کۆی  ٦٥٠ بۆ ٨٠٠ سەرباز کە لە هۆڵی وەرزشی بنکەی پۆلیسی ئەنکەرە دەستگیرکرابوون لێیاندراوە”.

بەرپرسێکی تورکیاش کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە ماڵپەڕی میدڵ ئیست ئای ڕاگەیاند ، حکومەتی تورکیا تۆمەتەکانی ڕێکخراوی ئەمنیستی ڕەتکردووەتەوە کە دەربارەی خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ دەستگیرکراوەکانی کودەتاکەدا بڵاویکردووەتەوە.

بەرپرسەکە وتیشی ” ئەو بۆچوونەی لەسەر تورکیا هەیە کە گوایە ڕێزی یاسا ناگرێت زۆر بێمانایە، تورکیا وڵاتێکە هەوڵی ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپادەدات و هەر ڕۆژی شەممەش  تورکیا هەزار و ٢٠٠ سەربازی ئازادکردووە و ئەوەی گرنگە بەلای ئێمەوە بەڵگەکانە دەربارەی ئەوکەسانەی هێرشیاکردووەتە سەر دیموکراسی وڵاتەکەمان”.

جۆن دالهوسێن بەڕێوەبەری  ڕێکخراوی ئەمنیستی لە ئەوروپا لەوبارەیەوە ڕایگەیاند ” جێگای لێتێگەیشتنە کە تورکیا  لەم کاتەدا نیگەرانی لەبارەی ئاسایشی گشتیەوە هەبێت بەڵام لە هیچ حاڵەتێکدا ڕەوانیە ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ بەرامبەر دەستگیرکراوەکان ئەنجامبدرێت و دەستگیرکردنەکان بەشێوەی هەڕەمەکی بن”.

ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆک کۆماری تورکیا شەمەی ڕابردوو ڕایگەیاند لە دوای شکستهێنانی هەوڵی کودەتا سەربازیەکەی تورکیا ١٣ هەزار و ١٦٥ کەس دەستگیرکراون کە لە نێویاندا هەشت هەزار و ٨٣٨ سەرباز و دوو هەزار و ١٠١ دادوەر و هەزار و ٤٨٥ ئەفسەری پۆلیس و ٦٨٩ هاوڵاتی مەدەنی تێدایە.

بینالی یڵدرم سەرۆک وەزیرانی تورکیاش ڕایگەیاند ” ١٢٣ ژەنەڕاڵ و فەرماندەی سوپا زیندانیکراون “.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە