ئەگەرچی بەنیاز بوم شتێک لەسەر کودەتا شکستخواردوەکەی تورکیاو دەرنجامو کاریگەرییەکانی، بەتایبەت لەسەر کوردستان بنوسم، بەڵام پاش سەردانەکەی مالیکی بۆ سلێمانیو پێشوازی کردنی لەباڵاترین ئاستدا، بەگرنگم زانی قسەیەک لەسەر ئەم بابەتە بکەم.
پێشەکی با هەندێک راستیی دوێنێی نزیک بەبیر خۆمان بێنینەوەو بپرسین مالیکی کێیە؟ تۆبڵێی ئەوەندە زو ئەوەمان لەبیرچوبێتەوە کە ئەم پیاوە، بەملهوڕیو هەوڵی بێباکانەی بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی تاكڕەوانەی خۆی، شەقی هەڵدا لەهەمو هاوپەیمانێتییەک لەگەڵ کوردو تەنانەت لەگەڵ حزبە شیعەکانیشدا؟ ئەو نەبو هێزی سەربازی ناردەسەر خانەقینو فەرماندەیی دیجلەی بەرامبەر هێزی پێشمەرگە قوتکردەوە؟ هەر ئەو نەبو هەمو یاساو رێساو رێکارە دەستورییەکانی کردە قوربانیی دەسەڵاتی خۆیو هەمو دەستە سەربەخۆکانی کردە پاشکۆی سەرۆک وەزیران؟ هەر ئەو نەبو بەسەرکوتکردنی خوێناویی ناڕەزایەتییەکانی ناوچەی سوننەنشین زەمینەی دەسەڵاتگرتنە دەستی داعشی فەراهەم کردو بوە بەرپرسی یەکەم لەگەشەسەندنو گەورە بونی داعش؟ ئەو نەبو هەرچی لە ٢٠٠٣وەو لەسەر بناغەی دەستوری عێراقی دامەزرێنرابو، هەموی وێران کرد؟ ئەو کەسە نییە کە تەنانەت زۆرێک لەهاوپەیمانە هاومەزهەبەکانی خۆی، داوای دادگاییکردنی دەکەن؟… هتد.
من دەزانم بەتایبەت لەکێشەی نێوان هەرێمو بەغدادا لایەنی کوردیو حزبە باڵادەستەکان بەشێکی گرنگی بەرپرسیارێتیی قەیرانەکەیان لەئەستۆ بوەو لەئەستۆیە، بەتایبەت لەمەسەلەی نەوتدا کە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بەشێرپەنجەی گەندەڵییەوە هەیە، بەڵام هەمو ئەمانە نابێ ئەو راستییەمان لەبیربەرێتەوە کە مالیکی کێیەو چۆن کوردستانو عێراقو تەنانەت ناوچەکەشی گەیاندە ئەم وێرانەیەی ئێستا.
ئەمڕۆ لەعێراقدا جگە لەشەڕی مەزهەبیو نەتەوەیی، شەڕو ململانێیەکی گەورە لەنێو خودی شیعەدا لەسەر دەسەڵات لەئارادایە. مالیکی پاش ئەوەی لەژێر قورسایی شکست بەرامبەر داعشو وێرانکردنی دۆخی سیاسی عێراقدا ناچارکرا دەست لە پۆستی سەرۆک وەزیران هەڵگرێو بەپشتیوانیی ئێران لەدادگایی کردن رزگاری بو، ماوەیەکی زۆرە لەهەوڵی ئەوەدایە بەهەر شێوەو نرخێک بوە، جارێکی تر بێتەوە مەیدانو خۆی وەک پیاوی دەوڵەتو رزگارکەر نیشان بداتو دەسەڵات بگرێتەوە دەست. سەردانەکەشی بۆ کوردستان، جگە لەگەمەیەک بۆ بەکارهێنانی کورد لەم پێناوەداو هەوڵێک بۆ فراوانکردنی ئەو درزەی کە لەنێوان هێزە کوردییەکاندا هەیە، هیچ ئامانجێکی تری نیە.
دەیەوێ وەک دەڵێن بە بەردێک دو چۆلەکە بکوژێت. لەلایەکەوە بەپشتیوانی کورد، یان لانیکەم بەشێکی گرنگ لەهێزە کوردییەکان باری لاری خۆی لەبەغدا راست بکاتەوە، لەلایەکی تریشەوە بەقوڵکردنەوەی ئەو قەیرانە سیاسییەی لەکوردستاندا هەیە، ئەوەندەی تر هەرێم بەرامبەر بەغدا لاواز بکات. دیارە ئەگەر بۆیشی بچێتەسەر، هەرێمی کوردستان قوربانییەکی نەرمەقوتی دەسەڵاتەکەی دەبێت.
بۆیە هیوادارم ئەوەی دەیبینین، تەنها نمایشێکی میدیایی بێت بۆ نیشاندانی هێز، نەک هەوڵێک بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ کەسێک کە مێژوی حوکمڕانییەکەی لێوانلێوە لەتاکڕەویو سەرکوتکردنو هەڵگەڕانەوە لەدۆستو هاوپەیمانەکانو جگە لە دوژمنایەتیش، هیچ مژدەیەکی بۆ کورد پێ نییە.