
ئاژانسی رۆیته‌رز ئه‌و خه‌مڵاندنه‌ی بڵاوكرده‌وه‌و تێیدا هاتووه، رێژه‌ی كاركردنی منداڵ زیادیكردووه بۆ 575 هه‌زار منداڵ له ساڵی 1990 كه عیراق هێرشی سه‌ربازی بۆ سه‌ر كوه‌یت ئه‌نجامدا‌و به‌رده‌وامیش بووه تا ئه‌و داگیركارییه‌ی ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر عیراق له 2003 ئه‌نجامیدا، دواتر به‌رده‌وامبوونی ناكۆكی و شه‌ڕی مه‌زهه‌بی.
عه‌لی حسێن خزه‌یر (ته‌مه‌ن 12ساڵ) كه له شوێنێكی تایبه‌ت به كاری ئاسنگه‌ری كارده‌كات له به‌غدا ده‌ڵێت “پێشتر خوێندكاربووم و دوای ته‌واوبوونی قوتابخانه له‌م شوێنه كارم ده‌كرد، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی دوای ده‌وام ده‌هاتم بۆ كاركردن مووچه‌كه‌م كه‌مبوو بۆیه ناچاربووم واز له قوتابخانه بهێنم و لێره به‌رده‌وامبم له كاركردن تاوه‌كو مووچه‌ی ته‌واو وه‌ربگرم”.
یونیسێف له‌خه‌مڵاندنه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، له‌سه‌دا 10ی منداڵانی عیراق كه ده‌كاته نزیكه‌ی ملیۆنێك‌و 500 هه‌زار منداڵ، ناچار كراون شوێنه‌كانی خۆیان جێبهێڵن و ئاواره‌بن له سه‌ره‌تای 2014ه‌وه به‌هۆی تووندووتیژییه‌وه.
ساڵی 2014 رێكخراوی داعش ناوچه‌یه‌كی زۆر له‌باكوور‌و رۆژئاوای عیراق داگیركرد.
رێكخراوه‌كه‌ی سه‌ر به‌نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئاشكراشیكردووه، له‌سه‌دا 20ی قوتابخانه‌كان به‌هۆی ناكۆكییه‌كانه‌وه داخراون، نزیكه‌ی 3.5 ملیۆن منداڵی عیراقی ناتوانن بڕۆن بۆ قوتابخانه‌و فێری خوێندن بن.
هه‌ر به‌پێی خه‌مڵاندنه‌كانی یونیسێف، 3.6 ملیۆن منداڵ له عیراق لانیكه‌م رووبه‌ڕووی مردن یان تووشبوون به‌نه‌خۆشی مه‌ترسیدار، یان تووندووتیژی سێكسی یاخود رفاندن یان له‌لایه‌ن گروپه چه‌كداره‌كانه‌وه به‌سه‌رباز ده‌گیرێن، ئه‌و رێژه‌یه‌ش 1.3 ملیۆن منداڵ به‌راورد به 18 مانگی رابردوو زیادیكردووه.
عه‌لی حسێن خزه‌یر ده‌شڵێت “هیواخوازم بگه‌ڕێمه‌وه بۆ قوتابخانه‌و له‌گه‌ڵ هاوڕێكانمدا یاری بكه‌م و هه‌ست به‌خۆشی بكه‌م، تاوه‌كو بتوانم فێری نوسین‌و خوێندن بم”.
4.7 ملیۆن منداڵی عیراقی پێویستیان به‌یارمه‌تی مرۆیی هه‌یه، له‌كاتێكدا خێزانه‌كانیان دۆخی ئابووریان خراپه به‌هۆی ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانه‌وه بۆ سه‌ر داعش، ئه‌وه‌ش به‌پێی یونیسێف.
كه‌رار جه‌عفه‌ر، ته‌مه‌نی 14 ساڵه و منداڵێكی تری عیراقییه كه هاوشێوه‌ی هه‌زاران منداڵی تر له یه‌كێك له شوێنه‌كانی تایبه‌ت به چاككردنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێل كارده‌كات، ده‌ڵێت “هاتووم كاربكه‌م و فێری پیشه‌یه‌ك بم باشتره له قوتابخانه.. ده‌رچووه‌كان چیان به‌ده‌ستهێناوه‌و مافه‌كانیان چیه؟”.