
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە ڕاپۆرتەكەیدا باسی ڕەوشی خەڵكی عێراق دەكات لە ماوەی سـاڵی 2015 هەر لە پارێزگای بەسرەوە هەتا پارێزگای دهۆك.
سەرەتا ڕاپـۆرتەكە دەڵێت: عێراق كە كۆمارێـكی پەرلەمانی دەستوریـیە، لە مانگی چواری ساڵی 2014 هەڵبژاردنێـكی پەرلەمانی ئەنجامدا كە بە گشتی بەپـێی پـێوانە نێودەوڵەتیـیەكان ئازاد و ڕەوا بووە، سەرئەنجام بە شێوەیەكی ئاشتیـیانە دەسەڵات لە سەرۆك وەزیری پـێشوو مالیكی بۆ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیر ڕادەستكرا.
پاشان باسی لە هێزەكانی ناو وڵاتەكە كردووە و دەڵێت “لە پاڵ هێزە چەكدارە فەرمیـیەكان نزیكەی 40 گروپی حەشدی شەعبی هەن كە لە 7 ی مانگی چواردا لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە كران بە قەوارەیەكی فەرمی، بەڵام ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە هێشـتا سەرۆك وەزیر دەسەڵاتی تەواوی بەسەریاندا نیـیە”. هەروەها ڕاپـۆرتەكە باسیشی لە هێزەكانی پـێشمەرگە كرد و “بە هێزی سەرەكی هەرێمی كوردسـتانی ناودێر كردن”.
ڕاپۆرتەكە دەڵێت “داعش توندوتیژی ئاینزایی لەو وڵاتە زیادكردووە و وڵاتەكەی دابەشكردووە و شەڕی داعش وایكردووە زیاتر لە 3ملیۆن و 200 هەزار كەس لە ناو وڵاتەكە ئاوارە بن، ئەمە بێ لەوەی 245 هەزار ئاوارەی سوری ئێستا ڕوویان لەوێ كردووە و زۆربەیان لە هەرێمی كوردسـتانن”.
سەبارەت بە توندوتیژیـیەكان و ئەو زیانە گیانیـیانەی بە خەڵكی سیڤیل كەوتوون، ڕاپـۆرتەكە ئاماژە بۆ زانیاریـیەكانی شاندی یۆنامی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات كە دەڵێت “لە نێوان 1 ی مانگی یەكی ساڵی 2014 هەتا 31 ی مانگی دەی سـاڵی 2015 بە لایەنی كەم 55 هەزار كەس پـێوەبوون، لەوانە 18802 كەسیان گیانیان لەدەسـتداوە و ئەوانی دیكەیان برینداربوون”. ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات نیوەی قوربانیـیەكان لە بەغدا پایتەخت بوون.
ڕاپـۆرتەكە دەڵێت: بەپـێی یونیسێف لە ماوەی ئەو ساڵەدا داعش زیاتر مافەكانی منداڵانی پـێشێلكردووە، بە تایبەتی لە پارێزگاكانی ئەنبار و دیالە و نەینەوا. پـێشـێلكاریـیەكانیش بریتین لە كوشتنی منداڵان، سەقەتكردنیان، دەسـتدرێژی سێكسی بۆ سەریان، بەكارهێنانیان وەكو سەرباز، هێرشكردنە سەر خوێندنگەكان و نەخۆشخانەكان، ڕفاندن.
پاشان باسی هێزەكانی ئاسایشی عێراق دەكات و دەڵێت: ڕاپـۆرت هەن ئاماژە دەكەن ئەو هێزانە بەبێ دادگاییكردن خەڵكیان كوشتووە، هەرچەندە كەم جار بكوژەكان ناسراونەتەوە. بەپێی ڕێكخراوی مافەكانی مرۆڤ كەسانی نێو وەزارەتی ناوخۆ ڕاپۆرتیان داوە كە دەسـتگیركراو هەبوون هەتا مردن ئەشكەنجە دراون.
هەروەها دەڵێت: بەپـێی ئەمنستی لە زۆر حاڵەتدا حەشدی شەعبی بەبێ سەرپەرشتی حكومەت سەربەخۆیانە كاریان كردووە. دەڵێن “حەشد و هێزەكانی ئاسایش لە 26 ی مانگی یەك لە گوندی بروانە لە ڕۆژئاوای موقدادیـیە لە پارێزگای دیالە بە لایەنی كەم 56 پـیاوی سووننەیان كوشتووە”.
ڕاپـۆرتەكە دەشڵێت “داعش جگە لە توندوتیژی ئاینزایی، توندوتیژی نەژادیشی زیادكردووە. نمونە دەهێنێتەوە و دەڵێت لە توزخورماتوو لە 22 ی مانگی دە لە پاش تەقینەوەی ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراو و هەروەها لە 12 ی مانگی یازدە لە پاش شەڕە تەقە، پـێكدادان ڕوویداوە لە نێوان هێزەكانی پـێشمەرگە و ئاسایشی كوردی لە لایەك و حەشدی لە لایەكی دیكە”.
دەشڵێن: هێزەكانی حەشدی شەعبی شیعەی توركمان بوون لە لیوای بەدر و عەسائب ئەهل ئەلحەق و كەتائب حزبوڵڵا. هەردوو لای شەڕەكە خەڵكی خۆجێی هەبوون پـشتیوانی لێكردوون. سەرئەنجام ماڵ وێرانكراوە و سوتێنراوە، تاڵانی كراوە، خەڵك بە كۆمەڵ دەسـتگیركراون.
باس لەوەش دەكات ڕێكخراوی مافەكانی مرۆڤ ڕاپـۆرتی داوە كە چەكدارانی شیعەی توركمانی نێو حەشدی شەعبی 150 بۆ 175 عەرەبی سووننەی توزخورماتوویان ئەشكەنجە داوە و 8 بۆ 34 كەسیان كوشتوون و هەتا كۆتایی ساڵ 50 كەسیان هەر دەسـتگیركرابوون و ئەوانی دیكەیان ئازادكردووە.
سەبارەت بە ڕفاندن و بێ سەروشوێنكردنی خەڵكی، ڕاپـۆرتەكە دەڵێت: بۆ ئەو ساڵەش ئەم جۆرە تاوانە بەردەوامبووە و هەندێـك لەوانەی ڕفێندرابوون كە پارەیان بۆ ئازادكردنیان نەدرابوو كوژراون.
دەشڵێت: تەنانەت حاڵەتیش هەبوون كەسوكاری ڕفێندراوەكە پارەشیان داوە بەڵام ڕفێندەرەكان كەسەكەیان هەر كوشتووە. ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات زۆربەی حاڵەتی ڕفاندنەكان بۆ پارە بوون. ڕێكخراوی مافەكانی مرۆڤ دەڵێت: لە نێوان مانگی شەشی ساڵی 2014 هەتا مانگی شەشی ساڵی 2015 زیاتر لە 2935 كەس لە عێراقدا ڕفێندرابوون.
سەرچاوە: دەنگی ئەمریكا