
ئەو وتانەی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە) لەمیانی سەردانێكیدابوو بۆلای چینی پیشەسازكارانی شارۆچكەی گەڤەر لەپارێزگای جۆلەمێرگی باكوری كوردستان، دواتریش بەشداری ئێوارە خوانێكی رۆژوو شكاندنی كرد لەپاركی شارەوانی گەڤەر وتارێكی پێشكەشكرد.
دەمیرتاش وتی”بەهۆی شەڕو پێكدادان لەم رۆژە پیرۆزانەدا ئێمە ناتوانین بەشێوەیەكی باش ئێوارە خوانێكی رۆژو شكاندن بۆ گەلەكەمان ئامادە بكەین، زۆر كەسیش لەبەر شەڕو پێكدادان ماڵەكانیان روخاونو ناتوانن لەماڵی خۆیان بن كە ئەمە كردەوەیەكی نا مرۆڤانەیە لەدژی بنەماكانی مرۆڤایەتیو ئاینی ئیسلام و قورئانی پیرۆز”.
دەمیرتاش تەئكیدی كردەوە كە ئەوان زۆر هەوڵیانداوە كە رێگری لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی سوپای توركیا بكەن لە باكوری كوردستان، بەڵام حكومەتی توركیا وڵامێكی ئەرێنی نەداونەتەوە كە پرسی كورد بە شێوەی دیالۆگ چارەسەر بكات.
“حكومەتی توركیا رەوشتو ویژدانی خۆی ونكردووەو بەشێوەیەكی دڕندانە هێرش دەكاتەسەر گەلەكەمان لە شارۆچكەی گەڤەرو چەندین شاری دیكەی باكوری كوردستان، لەبەرئەوەی لەزمانی دیالۆگو قسەكردنی مرۆڤانەو ئاشتیانەو برایەتی حاڵی نابێتو هەمیشە هەوڵ دەدات كە ئیرادەی كورد بشكێنێت، بەڵام گەلی كورد لەبەرامبەر سیاسەتی دڕندانەی توركیا لەتێكۆشانی خۆی بۆ ئازادیو دیموكراسی بۆ دەستخستنی مافەكانی بەردەوامەو لەكۆتاییشدا سەركەوتوو دەبێت”دەمیرتاش وای وت.
شەڕو پێكدادانی نێوان توركیاو پەكەكە دوای چەند ساڵێك ئاگربەست هاوینی رابردوو دەستیپێكردەوە، دوای دەستپێكردنەوەی شەڕ، توركیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە زۆربەی ناوچەكانی باكووری كوردستان دەستپێكردو تائێستاش ئۆپەراسیۆنەكان بەردەوامن.
حكومەتی توركیا لەچەندین ناوچەی باكوری كوردستان قەدەغەی هاتووچۆی راگەیاندو چەند ناوچەیەكی وێران كرد وك شارۆچكەی گەڤەر، بەهۆی هێرشەكانی توركیاشەوە بەسەدان كەسی مەدەنی كوژرانو برینداربوون.