
لەنێوان رۆژانی 21 – 23ی مانگی یەک (کانوونی دووەم)ی ساڵی رابردوودا، بۆریس جۆنسن، شارەداری لەندەن لەگەڵ وەفدێکی یاوەریدا بە سەردانێکی رەسمی گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ چەند بەرپرسێکی حکومەتدا کۆبووەوە. دواتر سەردانی ئەو بنکە سەربازییەی کرد کە تیایدا راوێژکارە بەریتانییەکان راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن و لە بارودۆخی گشتیی کەمپەکان دڵنیابووەوە.
لە مانگی پێنج(ئادار)ی ساڵی 2014دا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا و لە میانەی سەردانەکەیدا بۆریس جۆنسن، بۆ ئۆفیسەکەی خۆی بانگهێشتی دەکات، لە بەرامبەردا بارزانی بانگهێشتەکەی جۆنسن بەرز دەنرخێنێت و بۆ هەرێم بانگهێشتی دەکات.
بەپێی پلان کاری نەکردووە
ناوبراو، سەرکەوتوو نەبووە لە رێکخستنی گەشتەکەی بەشێوازێکی تەواو و گرنگیی بە پلانەکان نەداوە.
زۆر جەختی کردووەتەوە لەوەی سەردانی بەرەکانی پێشەوەی جەنگ بکات، پاش ئەوەی رەتکراوەتەوە، لە کۆتاییدا داوای سەردانیکردنی کەمپی ئاوارەکانی کردووە.
دوای ئەوەی جۆنسن، گەیشتە هەرێم، داوای کرد، کە جیاواز لە سەردانیکردنی کەمپی راهێنانی راوێژکارە سەربازییەکانی بەریتانیا، سەردانی بەرەکانی پێشەوەی شەڕ بکات. ئەمەش بووەهۆی ئەوەی ئیمەیڵێکی بەپەلە لەلایەن بەرپرسانی وڵاتەکە لە هەرێمەوە بۆ ئۆفیسی دەرەوەی بەریتانیا رەوانەبکرێت و تیایدا داوای رەتکردنەوەی ئەم پێشنیازەی شارەدار کراوە.
بەپێی ئەو ئیمەیڵە فەرمی-یانەی دەست رۆژنامەی گاردیان کەوتوون، یاوەرانی شارەداری لەندەن، بەهۆی داواکارییەکانی ناوبراوەوە، تووشی بێزارییەکی زۆر بوون و بەوپەڕی تواناوە هەوڵی رێکخستنی گەشتەکەیان بەپێی پلانە داڕێژراوەکان داوە.
لە 23ی کانوونی دووەم دا، ناوبراو سەردانی قەڵای هەولێر و بازاڕی دەوری قەڵای لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر کردووە.
پەرلەمانتارێکی کورد یاوەری جۆنسن بووە
كونسوڵخانەی بەریتانیا لە هەرێم، بەرپرس بووە لە ئامادەکاری و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ گەشتەکەی شارەداری لەندەن بۆ هەرێم.
دەگوترێت : وردەکاریی ئەم گەشتەی جۆنسن لەلایەن نازم زەهاوی، ملیۆنێر و پەرلەمانتاری بەڕەچەڵەک کوردی پەرلەمانی بەریتانیا (لەسەر پارتی پارێزگارانی حکومڕان) بۆ هەرێم رێکخراوە و لە گەشتەکەدا بە یاوەریی جۆنس هاتووەتە هەرێم.
کێ خەرجیی گەشتەکەی گرتووەتە ئەستۆ؟
نازم زەهاوی، یەکەم پەرلەمانتاری بە رەچەڵەک کوردە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی بەریتانیا، تەواوی خەرجیی گەشتەکەی (هاتن و گەڕانەوە بە فڕۆکە) بە یاوەریی بۆریس جۆنسن، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دابینکراوە، 6 هەزار و 127 پاوەند، کە دەکاتە نزیکەی 10 هەزار دۆلاری ئەمریکی.
مانەوە و پاراستنی شارەداری لەندەن، لەلایەن ئۆفیسی دەرەوەی بەریتانیاوە دابینکراوە، بەڵام تێچووی تەواوی گەشتەکەی ناوبراو (بەفڕۆکەیەکی تایبەت) لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە خەرجکراوە.
هەندێک لە ئیمەڵەکان ئاماژە دەکەن بەوەی کە جۆنسن داوای کاتی زیاتری بۆ بینینی ناوچە گەشتوگوزارییەکانی هەرێم کردووە. ئەم داوایەی ناوبراو لەناو پلاندا نەبووە، هەربۆیە پێویستی بە رێکخستنی کاتێکی گونجاو بووە لەلایەن كونسوڵخانەوە.
پێش ئەوەی بگاتە هەڕێم، یەکێک لە بەرپرسانی ئۆفیسەکەی، ئیمەیڵێکی ئاڕاستەی كونسوڵخانە کردووە تیایدا داوایکردووە، کە پلانەکان بەشێوەیەک رێکبخرێن تاکو ناوبراو بتوانێت پێش/دوای خواردنی نانی نیوەڕۆ کاتێکی گونجاو لە قەڵای هەولێر یاخود هەر جێگایەکی دیکەی مێژوویی ناوچەکەدا بەسەربەرێت.
ئەو پرسانەی جەختیان لەسەر کراونەتەوە
لە کۆبوونەوەکانی نێوان شارەداری لەندەن و بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، بە گرنگییەوە باس لە بەهێزترکردنی پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان هەردوو وڵاتەکە کراوە و ناوبراو داوای ریفۆڕمی سیاسیی زۆر گرنگ و بنچینەیی لەسەر بنەمای ئەزمونەکانی بەریتانیا کردووە.
بەپێی ئیمەیڵەکان، جۆنسن لە رووی ئابورییەوە، پشتگیریی کردنەوە و دەستەبەرکردنی شێوازی نوێ و جیاوازی لە سیاسەتی پەیڕەوکراوی بانکەکانی هەرێمدا کردووە. لەگەڵ پارێزگاری هەر سێ شارەکەی هەرێم و کەرکوکیشدا کۆبووەتەوە و هانیداون لە دەستپێشخەریی تاک و کۆمەڵ-دا کراوەتربن.
رازیکردنی بازرگان و ملیاردێرانی کورد، بۆ وەبەرهێنان لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیادا، ئامانجێکی دیکەی گەشتەکەی جۆنسن بوو.
“باشترە لای میدیاکان، ناوی چەرچڵ نەهێندرێت”
سەبارەت بەو بابەتانەی کە بڕیاربوو جۆنسن لە سەردانەکەیدا بۆ رای گشتی و بەرپرسانی هەرێم بیانخاتەڕوو، ئەنگوس ماکی، باڵیۆزی بەریتانیا لە هەرێم پشتیوانیی خۆی بۆ ئەو بیرۆکەیە دەربڕیوە، کە لەگەڵ بەرپرسان و سەرانی گەلی کورددا باس لە رۆڵی گرنگی چەرچڵ بکرێت.
بەڵام سەبارەت بە رای گشتی و میدیاکان، داوای لە جۆنسن کردووە، خۆی لەم پرسە بەدوور بگرێت، چونکە چەرچڵ لای هاوڵاتیان وەک کەسێکی پەیوەندیدار بە هێرشە کیمیاییەکانی ساڵانی رابردوو دەناسرێت.
نازم زەهاوی
زانیارییەکان ئاماژە دەکەن بەوەی، کە نازم زەهاوی، ملیۆنێر و پەرلەمانتاری پارێزگارانی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەریتانیا، دوای پێنج مانگ لە گەشتەکەی بە یاوەریی شارەداری لەندەن، کارێکی پڕ داهاتی لەگەڵ کۆمپانیای (Gulf Keystone Petroleum) بەدەستهێناوە و وەک بەڕێوەبەری ستراتیجی (پلاندانان) بە مووچەی ساڵانەی نزیکەی 350 هەزار دۆلاردەستبەکاربووە.
ئەو کێڵگە و بیرە نەوتییانەی کۆمپانیاکە لە هەرێمی کوردستاندا کاریان تێدا دەکات، بریتین لە (ئاکری بیجیل، شێخ ئادی، شەیکان و بیر باهر).
بە وتەی ناوبراو، لە 25ی ئەیلولی ساڵی رابردودا بڕی 52 هەزار و 325 پاوەند (نزیکەی 75 هەزار دۆلار)ی لە بەرانبەر 210 کاتژمێر کارکردنی پێش 15ی تەموزی 2015 دا پێدراوە.
نازم زەهاوی، پێشتر لەگەڵ کۆمپانیای Genel Energy، کە کۆمپانیایەکی تورکییە و کۆمپانیای Afren PLC سەربەخۆ، بنکەی سەرەکیی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا کاریکردووە.
ناوبراو یەکێکە لە دامەزرێنەرانی کۆمپانیای YouGov، کە کۆمپانیایەکی تایبەت بە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئینتەرنێتە و لە هەرێمی کوردستانیشدا لق-یان هەیە. بنکەی سەرەکیی کۆمپانیاکە لە بەریتانیایە و لە ئەوروپا، ئەمریکا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێکی زۆری ئاسیادا کاردەکەن.
زەهاوی، تاکو شوباتی 2010 بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە بووە.
2ی حوزەیرانی 1967، لە بەغداد لە خێزانێکی کورد لەدایکبووە و لە تەمەنی 9 ساڵیدا و لەگەڵ دەستبەکاربوونی سەدام حسێن، سەرۆکی لەسێدارەدراوی عیراق، لەگەڵ خێزانەکەیدا چوونەتە بەریتانیا.
خوێندنی لە بەریتانیا تەواو کردووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی لەندەن، ئەندازیاریی کیمیادا بەدەستهێناوە.
دوابەدوای کارکردن، وەک بەڕێوەبەری مارکێتینگ، لە کۆمپانیای Smith & Brooks. ناوبراو لەگەڵ ستیفان شاکسپر کۆمپانیای YouGov یان دامەزراند و بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەرێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە بوو (2005-2010).
خواردنەوە کحولییەکانی جۆنسن کێشەیان دروستکرد
دوای سەردانەکەی شارەداری لەندەن بۆ هەرێمی کوردستان، ئۆفیسی دەرەوەی بەریتانیا (باڵیۆزخانە)، ناچاربوو تێچووی خواردنەوە کحولییەکانی ئەو چەند شەوەی لەگەڵ و وەفدەکەیدا لە هەرێمدا بەسەریانبردبوو بدات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ئیمەیڵەکاندا ئاماژەیان پێکراوە، دەردەکەوێت، کە جۆنسن و وەفدەکەی، پارەی خواردنەوە کحولییەکانیان لە هەرێمدا نەداوە.
جێی ئاماژەیە، کە لە سەرەتاوە ئاگادارکرابوونەوە لەوەی دەبێت پێش رۆیشتن پارەی تەواوی خواردنەوەکان بە کاش بدەن.
دوای ئەم کەمتەرخەمییەی ناوبراو، ئۆفیسی دەرەوە ناچاربوو، تەواوی خەرجییەکان بگرێتە ئەستۆ.
پرسیار سەبارەت بە بڕی پارەکە لە وتەبێژێکی جۆنسن کرا و لە وەڵامدا وتی : ” شارەداری لەندەن هەمیشە هەوڵیداوە پارەی خواردنەوەکانی بە تایبەتی بدات، دوای ئەوەی ئاگادار کراینەوە، کە پاش گەشتەکەی کانوونی دووەم، پارەی خواردنەوەکانی ئەو چەند شەوە نەدراوە، خودی ناوبراو لە حسابی خۆی تەواوی پارەکەی دایەوە”.
سەرچاوە : The Guardian