ئه‌مساڵیش وه‌ک ساڵه‌کانی تر ده‌نگۆی دزینی پرساره‌کانی پۆلی دانزه بڵاوبۆته‌وه. جگه لێره‌ش هه‌ر له ئه‌مساڵدا له هه‌ریه‌که له وڵاته‌کانی میسر و جه‌زائیر هه‌مان حاڵه‌ت ڕوویداوه، له میسر پرسیاره‌کانی قۆناغی ناوه‌ندی و له جه‌زائیر پرسیاره‌کانی به‌کالۆریای قۆناغی “ناوه‌ندی گشتی” دزراون، به‌م هۆیه‌وه به‌شێکی تاقیکردنه‌وه‌کان دووباره کرانه‌وه. ئه‌مه‌ش هیچ نیه جگه له‌وه‌ی دڵنیایمان پێده‌دات له بوونی کۆمه‌ڵێک ڕه‌گه‌زی هاوبه‌ش له‌نێوان وڵاته دواکه‌تووه‌کان. ڕه‌گه‌زه‌کانی چه‌شنی شکستی حکومه‌ت و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و ترسان و خۆدزینه‌وه له پرسیار وه‌ک پێدراوێکی مه‌عریفی گرنگ.
پرسیار هه‌میشه هه‌ڵگری ئه‌گه‌ر و هێنانه‌ئارای بارودۆخێکی نوێیه و له بارێکی نه‌زانیندا سه‌رهه‌ڵده‌دات. به‌پێچه‌وانه‌وه وه‌ڵام سه‌ربه هه‌رێمی زانینه و له ئاگایه‌کی دیاریکراوه‌وه دروست ده‌بێت. ئه‌مه‌ش وایکردووه پێگه‌ی پرسیارکه‌ر به‌به‌راورد به پێگه‌ی وه‌ڵامده‌ره‌وه پێگه‌یه‌کی شه‌رماوه‌ر و موحرج تر بێت.
جیاکردنه‌وه‌ی شارستانیه‌ت و وڵاته پێشکه‌وتووه‌کان له شارستانی و وڵاته دواکه‌وتووه‌کان زۆر جار له ڕێگه‌ی دۆخی پرسیار و وه‌ڵامه‌وه ده‌کرێت، به‌جۆرێك له وڵاته پێشکه‌وتووه‌کان پرسیاره‌کان پرسیاری نوێن و وه‌ڵامه کۆن و سواوه‌کان ناتوانن له ئاستیان بن، پێویسته له دیدگا و هزرێکی تره‌وه به شێوازێکی مۆدێرن وه‌ڵام بدرێنه‌وه.
له وڵاته دواکه‌وتووه‌کان پرسیار ئه‌و سام و شۆکه‌ی نیه که له شوێنانی تر هه‌ڵگریه‌تی. لێره پرسیاره‌کان هه‌رچیه‌ک بن کۆن یان تازه، له‌ڕێگه‌ی کۆمه‌ڵێک پێش داوه‌ری کۆن و پێشتر ئاماده‌کراوه‌وه وه‌ڵام ده‌درێنه‌وه تێده‌په‌ڕێنرێن.
لێره ترس له پرسیار وایکردووه په‌نا بۆ کۆمه‌ڵێک ڕێگا ببرێت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پرسیار خۆی، وه‌ک کوشتنی پرسیار، و به‌عه‌یبه کردنی، یان ئه‌وه‌ی ئێستا له کوردستان و چه‌ند وڵاتێکی تری ناوچه‌که ڕووده‌دا‌ت “دزینی پرسیاری تاقیکردنه‌وه‌کان”.
چه‌ندین ساڵه ئه‌م کێشه‌یه هه‌یه و باس له دزینی پرسیاره‌کان ده‌کرێت، حکومه‌ت و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده سه‌ره‌ڕای په‌نابردن بۆ کۆمه‌ڵێک ڕێگه‌ی جۆراوجۆر، نه‌یانتوانیوه به‌ته‌واو چاره‌سه‌ری ئه‌م کێشه‌یه بکه‌ن.
ئه‌گه‌ر دزینی پرسیاره‌کان به‌شێکی به‌هۆی که‌موکوڕی له ڕێوشوێنی پاراستن و ڕێکاره ته‌کنیکیه‌کان و بوونی هه‌ندێ که‌سی هه‌لپه‌رسته‌وه بێت. ئه‌وا به‌شه‌که‌ی تری په‌یوه‌سته به خودی ئه‌و میتۆده‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده له وانه‌وه وتنه‌وه و پێگه‌یاندن به‌کاری ده‌هێنێت، میتۆدی ئێستای وه‌زاره‌ت خوێندکارێکی ترسا‌و له پرسیار دروست ده‌کات و له جێگه‌ی ئه‌وه فێری بکات بوێری ئه‌وه‌ی هه‌بێت له ڕێگه‌ی زانیارییه که‌سیه‌کانی خۆیه‌وه وه‌ڵامبداته‌وه، ناچاری ده‌کات بۆ وه‌ڵامدانه‌وه په‌نا بۆ کۆمه‌ڵێک ڕێگای ناڕه‌وای وه‌ک قۆپیه و دزینی پرسیاره‌کان ببات.
پێوه‌ر و ده‌لیلی زۆر هه‌یه که له ڕێگه‌یانه‌وه ده‌توانین شکستی ده‌سه‌ڵات و حکومه‌ت ده‌ربخه‌ین، به‌ڵام گرنگترین ڕێگا ئه‌وه‌یه نیشانی بده‌یت چیتر حکومه‌ت ناتوانێت پارێزگاری له دیکۆمێنته نهێنیه‌کانی خۆی بکات.
بۆ نمونه له‌دوای جه‌نگی حوزه‌یران (یونیو) ساڵی 1967 ئیسڕائیل چه‌ندین جار له ڕێگه ڕادیۆوه پرسیاره‌کانی بۆ خوێندکارانی ناوه‌ندی له میسر و به‌تایبه‌ت له ده‌وروبه‌ری سینا ئاشکرا کرد، ئامانجی ئیسڕائیل له‌م کاره‌ی یارمه‌تیدانی خوێندکاره میسرییه‌کان نه‌بوو، هێنده‌ی ده‌یویست باوه‌ڕی خه‌ڵکی به حکومه‌ت له‌ق بکات و ڕاده‌ی توانای خۆی له دزه‌کردنه ناو ناوه‌نده هه‌ستیاره‌کانی میسر نیشانبدات و دوا جار میسر وه‌ک وڵاتێکی شکستخواردو وێنابکرێ، به‌شێوه‌یه‌ک که توانای پاراستنی به‌ڵگه‌نامه و نوسراوه فه‌رمییه‌کانی خۆی نیه.
بۆ ئه‌مڕۆی کوردستانیش هه‌مان شت ڕاسته ، ڕه‌وایه بپرسین: حکومه‌تێک که نه‌توانێت پارێزگاری له به‌نهێنی هێشتنه‌وه‌ی پرسیاره‌کان بکات، چۆن چۆنی ده‌توانێت ئه‌منیه‌تی وڵات و خه‌ڵکی بپارێزێت. ده‌کرێ ئه‌مڕۆ چه‌ندان پێوه‌ر هه‌بن که نیشانی بده‌ن حکومه‌تی هه‌رێم شکستی هێناوه، به‌ڵام ده‌کرێ بڵێین یه‌کێک له پێوه‌ره هه‌ر گرنگه‌کان نه‌بوونی توانایه بۆ به نهێنی هێشتنه‌وه‌ی دیکۆمێنته هه‌ستیاره‌کانی چه‌شنی پرسیاری تاقیکردنه‌وه‌کان.
کاتێک باس دێته سه‌ر چاره‌سه‌ر، ئه‌م دۆخه ته‌نیا به گرتنه‌به‌ری هه‌ندێک ڕێوشوێنی ته‌کنیکی و بڕینی هێڵه‌کانی په‌یوه‌ندی و به مه‌عه‌سکه‌ر و میلیتاریزه کردنی ناوه‌نده‌کانی خوێندن چاره‌سه‌ر نابێت، به‌ر له‌م ڕێوشوێنانه، ده‌بێت وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده هه‌وڵبدات نه‌وه‌یه‌ک په‌روه‌رده بکات، که له‌شوێنی ترسان لێی، پرسیاری خۆشبوێت و له میانه‌ی قۆناغه جۆراوجۆره‌کانی خوێندن هێنده بوێری له ناودا دروست بکات تا له جێگه‌ی په‌نابردن بۆ ئامرازی ناڕه‌وا حه‌زی ئه‌وه‌ی هه‌بێت له ڕێگه‌ی زانیارییه که‌سیه‌کانی خۆیه‌وه وه‌ڵامبداته‌وه. له مه‌یدانی کاریشدا چیتر بڕوانامه‌و و نمره پێگه و ئاینده‌ی خوێندکار دیاری نه‌کات، پێوه‌ره‌کان به جۆرێک بن ئاستی زانین و شاره‌زای جێگه‌ی پێوه‌ری نمره و بڕوانامه بگرنه‌وه.