
له‌كاتێكدا سوپا سه‌رقاڵی ئازادكردنی شارۆچكه‌ی ره‌تبه بوو له‌وپه‌ڕی باشووری ئه‌نبار، گروپه شیعه‌كان به‌نهێنی له‌ده‌وری فه‌لوجه كۆبوونه‌وه، چه‌ند رۆژێك دواتر‌و پاش بێنهوبهردهو دانوستانی پشتی په‌رده، سوپا به‌په‌له هێرشی كرده سه‌ر فه‌لوجه.
به‌شێوه‌یه‌كی كتوپڕ رۆژی 23ی مانگی رابردوو (ئایار) حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌ره‌ك وه‌زیران ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی فه‌لوجه، یه‌كه‌مین قه‌ڵای داعشی راگه‌یاند، له‌كاتێكدا به‌پێی پلانه عێراقی‌و ئه‌مه‌ریكییه‌كه ده‌بوو پێشتر ناوچه‌ی جه‌زیره له‌باكوری رومادی پاكبكرابایهوه.
رۆژی 19 مانگی رابردوو هێزی ده‌سته‌بژێری سوپای عێراقی كه ناوی “هێزه‌كانی دژه تیرۆر”ی لێنراوه له‌گه‌ڵ 500 چه‌كداری پۆلیسی ئه‌نبار هێرشیان كرده سه‌ر قه‌زای ره‌تبه كه كه‌وتووه‌ته سه‌ر رێگای نێوده‌وڵه‌تی عێراق‌و ئه‌رده‌ن، دوای سێ رۆژ ناوچه‌كه‌یان له‌داعش پاككرده‌وه‌و رێگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ش كرایه‌وه.
فه‌وجه نوێیه‌كه‌ی پۆلیسی ئه‌نبار رۆڵی كارگه‌ریان هه‌بوو له‌شه‌ڕه‌كه‌دا، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مین به‌شداری راسته‌قینه‌یانه دوای ئه‌وه‌ی یانزه مانگ له‌سه‌ر ده‌ستی سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ربازگه‌ی حه‌بانییه له‌باشووری رومادی راهێنانیان پێكراو دواتر ئۆتۆمبێلی هامهرو چه‌كی مامناوه‌ندیان پێدرا.
له‌م كاته‌دا میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی به‌بێ ئاگاداری حكومه‌تی عێراق‌و ئه‌مه‌ریكا له‌ده‌وری فه‌لوجه كۆده‌بوونه‌وه، ئامانجی ئه‌و هێزانه كردنه‌وه‌ی به‌ره‌یه‌كی تری شه‌ڕ بوو له‌گه‌ڵ داعش بۆ كۆتایی هێنان به‌و ناكۆكییه ناوخۆییه‌ی له‌به‌غدا به‌هۆی كێشه‌ی سیاسییه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌كتردا هه‌یانه، به‌تایبه‌تی ناكۆكی نێوان “سه‌رایا سه‌لام”ی سه‌ر به‌ره‌وتی سه‌در له‌گه‌ڵ رێكخراوی به‌درو “عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق”.
سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس كه به‌مه‌رجی ناونه‌هێنانی لێدوانی بۆ “نیقاش”دا، ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق سه‌رسوڕمانی خۆی ده‌ربڕیوه له‌كۆبوونه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌ده‌وری فه‌لوجه له‌م كاته‌دا.
له‌ئێستادا ئازادكردنی فه‌لوجه له‌چوارچێوه‌ی پلانی ئه‌مه‌ریكادا نییه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ستیڤ وارن وته‌بێژی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی له‌عێراق رۆژی 14ی مانگی رابردوو رایگه‌یاند “ئازادكردنی فه‌لوجه قورسه‌و باشتر وایه موسڵ ئازاد بكرێت”.
به‌ڵام گۆڕانكارییه‌كی كتوپڕ روویداو حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌ره‌ك وه‌زیران هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكای له‌عێراق ئاگاداركرده‌وه كه ده‌بێت به‌په‌له پلان بۆ ئازادكردنی فه‌لوجه دابنێن.
سه‌رچاوه‌ی “نیقاش” ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه ئه‌مه‌ریكا رازی بووه بهداواكهی حكومه‌تی عێراقی به‌و مه‌رجه‌ی حه‌شدی شه‌عبی نه‌چنه ناوه‌ندی فهلوجهوهو له‌ده‌وروبه‌ری شاره‌كه بمێننه‌وه بۆ هاوكاری سوپا، عهبادیو سه‌ركرده‌كانی حه‌شدیش به‌مه رازی بوون.
به‌ره‌به‌یانی رۆژی 23ی مانگ حه‌یده‌ر عه‌بادی بهجلو به‌رگی سه‌ربازییه‌وه له‌یه‌كێك له‌سه‌ربازگه‌كانی نزیك فه‌لوجه ده‌ركه‌وت، له‌وێ ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تی ئازادكردنه‌وه‌ی فه‌لوجه‌ی راگهیاندو فه‌رمانده‌یه‌كی بۆ شه‌ڕه‌كه دیاری كرد كه حه‌شد به‌لایانه‌وه په‌سه‌ند نییه، ئه‌ویش (فه‌ریق عه‌بدولوه‌هاب ساعدی)یه كه له‌مانگی نیسانی ساڵی رابردوو فه‌رمانده‌یی سوپای ده‌كرد له‌شه‌ڕه‌كه‌ی تكریت.
چه‌ند كاتژمێری یه‌كه‌م، فرۆكه‌كانی ئه‌مه‌ریكا هێرشێكی چڕ‌وپڕیان كرده سه‌ر داعش‌و دواتر سوپا به‌ئاراسته‌ی فه‌لوجه پێشڕه‌وی كرد، پۆلیسیش له‌باكوره‌وه هێرشیان برد، خه‌ریكبوو له‌سه‌ركه‌وتن نزیك ده‌بوونه‌وه تا گۆڕانكارییه‌كی له‌ناكاو روویدا.
ده‌مه‌و ئێواره چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی پێشێلی رێكه‌وتنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ حكومه‌ت كرد‌و به‌ره‌و ناو شاره‌كه چوونه پێشه‌وه، یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌كانی حه‌شد له‌گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا ده‌ركه‌وت كه چه‌كداره‌كانی به‌ده‌سته‌واژه‌ی تایفی دژی دانیشتوانی فه‌لوجه هانده‌دا، دوای ئه‌وه‌ش به‌موشه‌ك هێرشی هه‌ڕه‌مه‌كییان كرده سه‌ر شاره‌كه.
ئاوس خه‌فاجی فه‌رمانده‌ی گروپی “ئه‌بو فه‌زڵ عه‌باس” ئه‌و كه‌سه بوو كه قسه‌ی بۆ چه‌كدارانی حه‌شد ده‌كرد، دوای ئه‌وه له‌پڕ له‌گه‌ڵ قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی گاردی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی لهدهوبهری فه‌لوجه ده‌ركه‌وت، ئه‌مه‌ش ئه‌مه‌ریكا نیگه‌ران كرد.
رۆژی دواتر به‌هۆی كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستێوه‌ردانی ئێران، ئه‌مه‌ریكا له‌شه‌ڕه‌كه كشایه‌وه، بۆیه هێرش به‌شێوه‌یه‌كی كاتی راگیرا، به‌ڵام دیسانه‌وه دانوستانی تر له‌نێوان حكومه‌تی عێراق‌و هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا روویداو عێراق بهڵێنیدا كه جارێكی تر ئه‌و هه‌نگاوه‌ی حه‌شد دووباره نابێته‌وه، بۆیه فڕۆكه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كه‌وتنه‌وه كار‌و هادی عامری فه‌رمانده‌ی رێكخراوی به‌در رایگه‌یاند كه گروپه شیعه‌كان ناچنه ناو فه‌لوجه‌وه.
فه‌لوجه یه‌كه‌مین شار بوو كه داعش له‌مانگی كانوونی دووه‌می 2004 ده‌ستی به‌سه‌ردا گرت، شه‌ش مانگ دوای ئه‌وه توانی موسڵ كۆنترۆڵ بكات، به‌هۆی نزیكی فه‌لوجه‌و به‌غدا (60كم) داعش ده‌توانێت به‌ئاسانی ببێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر پایته‌خت، له‌ماوه‌ی (30) مانگی رابردووش‌دا داعش له‌شاره‌كه خۆی به‌باشی قایم كردووه.
سی هه‌زار سه‌ربازو پۆلیسی ئیتیحادی‌و چه‌كدارانی عه‌شیره‌ته‌كان به‌شداری شه‌ڕی فه‌لوجه ده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی فه‌ریق رائید جه‌وده‌ت فه‌رمانده‌ی پۆلیسی ئیتیحادی به”نیقاش”ی وت “هێزه ئه‌منییه‌كان توانیویانه له‌ماوه‌ی دوو رۆژدا هێڵی به‌رگری داعش تێك بشكێنن، كه چه‌ند مانگی رابردوو ئه‌وه زه‌حمه‌ت بوو”.
هێزی سه‌ره‌كی داعش له‌ده‌وروبه‌ری فه‌لوجه‌یه نه‌ك له‌ناو شاره‌كه‌دا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی ناوچه‌یه‌كی كشتوكاڵییه‌و خۆ مه‌ڵاسدان تیایدا ئاسانه، هه‌روه‌ك چۆن ئۆتۆمبێل‌و تانكه‌كانی سوپا ناتوانن بچنه ناوی، هه‌ر له‌ده‌وروبه‌ری شاره‌كه له‌ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا داعش گورزی گه‌وره‌ی له‌سوپا وه‌شاند.
به‌ر له‌چه‌ند رۆژێك هێزه ئه‌منییه‌كان توانیان هێڵی به‌رگری داعش له‌به‌ری خۆرهه‌ڵات له‌ناوچه‌كانی كهرمهو سهبیحاتو ئه‌بو عاید تێك بشكێنن، هه‌روه‌ها له‌به‌ری باكوره‌وه له‌ناوچه‌كانی حهراریاتو شههابیو سهجرو سه‌قڵاوییه، “هێزه‌كانی دژه تیرۆر”یش توانیان له‌به‌ری باشووره‌وه بگه‌نه ناوچه‌ی نعێمیه، وه‌ك ئه‌وه‌ی كازم خه‌زره‌جی عه‌قید له‌سوپای عێراقی رایگه‌یاند.
خه‌زره‌جی به”نیقاش”ی وت “شه‌ڕه‌كه له‌سێ قۆناغ پێكهاتووه، سه‌ره‌تا ده‌وروبه‌ری شاره‌كه كۆنترۆڵ ده‌كرێت، دواتر داعش له‌ناو شار گه‌مارۆ ده‌درێت، ئینجا هێرش ده‌كرێته سه‌ر شاره‌كه، ره‌نگه بۆ ئه‌مه هه‌ندێ كاتمان بوێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر فڕۆكه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ئاسمانه‌وه هاوكاریمان بكه‌ن، سه‌ركه‌وتن نزیك ئه‌بێ”.
رۆژی 26ی مانگی رابردوو، واته سێ رۆژ دوای ده‌ستپێكردنی شه‌ڕه‌كه، ستیڤ وارن وته‌بێژی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌عێراق له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسی له‌ناوچه‌ی سه‌وز له‌به‌غدا وتی “سوپای عێراقی به‌م زوانه ده‌چێته ناو فه‌لوجه‌وه، به‌ڵام حه‌شدی شه‌عبی له‌ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه ده‌مێنێته‌وه”.
له‌و كۆنگره رۆژنامه‌نووسییه‌دا كه په‌یامنێری “نیقاش” ئاماده‌ی بوو، وتیشی “چوار هه‌زار چه‌كداری سوننه به‌شداری شه‌ڕه‌كه ئه‌كه‌ن، فرۆكهكانیشمان 30 ئامانجی داعشیان له‌ناو فه‌لوجه‌و ده‌وروبه‌ری پێكاوه، هێشتا 50 هه‌زار هاوڵاتی له‌ناو شاره‌كه‌دا ماون ده‌بێت گیانیان بپارێزین”.
هه‌رچی بارودۆخی ناو فه‌لوجه‌یه نائاساییه‌و دانیشتوانه‌كه‌ی له‌داعش ده‌ترسن، یه‌كێك له‌وانه كه له‌ناوچه‌ی “حه‌ی شوهه‌دا” له‌باشووری فه‌لوجه نیشته‌جێیه له‌په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا به”نیقاش”ی وت “چه‌كدارانی داعش زۆر توڕه دیارن‌و ناهێڵن كه‌س بچێته ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه، به‌ر له‌چه‌ند رۆژێك خێزانێكی ته‌واویان كوشت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌وڵی هه‌ڵاتنیان دابوو”.
ده‌شڵێت “داعش له‌ناو فه‌لوجه نمایشێكی سه‌ربازی ئه‌نجامدا بۆ ئه‌وه‌ی وا نیشانی بدات كه سوپا ناتوانن بچنه ناو شاره‌كه، واته‌واتی ئه‌وه‌شیان بڵاوكردووه‌ته‌وه كه ئه‌گه‌ر سوپا بچێته ناو شاره‌كه خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌كوژێت، بۆیه داوای هاوكارییان لهدانیشتوانهكه كردووه‌و ئه‌وانیش ره‌تیان كردووه‌ته‌وه”.
ئه‌مه یه‌كه‌مجار نییه شه‌ڕ له‌فه‌لوجه رووبه‌رووی شه‌ڕ ده‌بێته‌وه، دانیشتوانه‌كه‌ی باش ئه‌و دوو شه‌ڕه‌یان بیره كه ساڵی 2004 روویداو به‌هۆیه‌وه ماڵ‌و حاڵیان تیاچوو كاتێك سوپای ئه‌مه‌ریكا هێرشی كرده سه‌ر شاره‌كه به‌هۆی ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك چه‌كداری تیا‌بوو.
له‌ساڵی 2014ه‌شه‌وه حكومه‌تی عێراقی سێ‌جار هێرشی كردووه‌ته سه‌ر فه‌لوجه، به‌ڵام سه‌رجه‌میان شكستیان هێناوه، هه‌رچه‌نده پێده‌چێت ئه‌وه‌ی ئه‌مجاره جیاواز بێت، چونكه هێزه سوننه‌و شیعه‌كان كۆكن له‌سه‌ر ئازادكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌و ته‌نانه‌ت ئهمهریكاو ئێرانیش له‌سه‌ر ئه‌وه سازاون.
پرۆسه سه‌ربازییه‌كه‌ی ئه‌مجاره له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه پێشوازی گه‌رمی لێكرا، تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش پڕبوون له‌و پشتیوانییه‌و بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی میدیای داعش هاشتاگی (#فه‌لوجه ئازاد ده‌بێ)یان به‌كارده‌هێنا.
ته‌نانه‌ت عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه كه چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه هه‌ڵوێستی سیاسی ده‌رنه‌بڕیوه، به‌شێوازی خۆی پشتیوانی شه‌ڕه‌كه‌ی فه‌لوجه‌ی كرد‌و له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند “له‌سه‌ر هێزه ئه‌منییه‌كان پێویسته دانیشتوانی فه‌لوجه بپارێزن‌و ده‌ستدرێژی نه‌كه‌نه سه‌ریان”.