سیستمی فێرکاری لە کوردستاندا پێویستی بەنوێخوازی، گۆڕانکاری و ریفۆرمی ریشەیی هەیە. هەوڵەکان دەبێت چڕبکرێنەوە لەهەموو بوارەکانی پەروەردەو خوێندندا. ئەو کارانەش بە کۆنگرەیەکی پەروەردەیی دوو سێ رۆژی ناکرێت کە زیاتر هەموو شتەکان بەمۆنۆلۆگ دەبڕێت بەڕێوە، لەبڕی دیالۆگ و پشتبەستن بە ئەنجامی توێژینەوەی زانستی و لێکۆڵینەوە ستراتیژیەکان.
دەکرا لەجیاتی کۆنگرەی پەروەردەی، دەستەیەکی پەروەردەیی ستراتیژی دابمەزرایە کە پێکبهاتایە لە پسپۆڕانی شارەزا لەبواری پەروەردەدا کە هەر یەکەو لەبوارێکی فێرکاریدا پرۆژەیەکی پەروەردەیی هەمەلایەنەی پێشکەش بکردایەو بە بەردەوام کاریان لەسەر بکردایە.
ئێستا بەکۆکردنەوەی 200 کەسێک لەهۆڵێکدا بۆ ماوەی دوو سێ رۆژێکو سەرفکردنی پارەیەکی زۆر چۆن دەکرێت هەموو لایەنە دواکەوتوەکانی سیستمی فێرکاری بخرێتە بەر لێکۆڵینەوەو بڕیاردان؟
من لەکۆنگرەی چوارەمی پەروەردە لەساڵی ٢٠٠٧ بەشداری چالاکانەم کرد. نزیکەی ٥٠٠ کەس هاتبون. لەناویاندا زۆر بەداخەوە 10 پسپۆڕی پەروەردەیی تیا نەبوو، یەک ئەکادیمی تیا نەبوو کە دکتۆرایی هەبێت لەبواری لێکۆڵینەوەی پەروەردەیی. زۆر زۆر کەم کەس چالاکبون و بەشداری گفتوکۆیەکانیان دەکرد.
ئەنجامی کۆنگرەکە خراپ نەبوو. هەندێک نوێخوازیکرا لە سیستمەکەدا کە ئەگەر هەمویان جێبەجێ بکرانایە دەبوە هەنگاوێکی باش بۆ پێشەوە.
هەر ئەو کات هەستم کرد کە گرتنی کۆنگرە هەڵەیەو دەبێت نوێخوازیەکانی بواری پەروەردەو خوێندن بەکەسانی شارەزاو پسپۆڕ بکرێن بەشێوەیەکی سیستماتیکی بەردەوام، نەک بە کەسانی کارگوزاریو فەرمانبەر کە تەنانەت کۆنگرەش وەک دەوامی فەرمی سەیر بکاتو بیەوێت زوو کاتە بڕواتو دەوامەکەی تەواو بێت.
کۆنگرە بەستن زیاتر وەکو شێوازێکی کارکردنی سیستمێکی کارگوزاری رۆژهەڵاتی بەکاردەهێنرێت کە زیاتر لە 50 ساڵە هەر هەمان شێواز بەکاردەهێنرێتو ئەنجامەکانیشی هەمیشە سنوردار دەبنو هەندێ لەبڕیارەکانیش پێش بەستنی کۆنگرەکە لەلایەن دەسەڵاتێکەوە دەدرێت. ئەمە هەر کوردستان ناگرێتەوە بەڵکو زۆر وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وا کاردەکەنو کوردستانیش چاولێکەری ئەوان دەکات.
کۆنگرە بۆ رێکخراو و حزبەکانە نەک بۆ ریفۆرمی پەروەردەیی.
لەکوردستان پێویستمان بەدانانی ئەنجومەنێکی ستراتیژی باڵای پەروەردە هەیە کە بێگوێدانە ئەوەی کێ وەزیرەو کێ خاوەن دەسەڵاتە، کار بکات بۆ نوێخوازیو گۆڕانکاری بنەڕەتی لەسیستمەکەدا.
ریفۆرمەکان دەبێت لەبوارەکانی:
بەها بنەماییە مرۆییەکان
بەدیموکراتیکردنی سیستمەکە
پرۆگرامەکان
یاسای قوتابخانەکان یان پەروەردەو خوێندن
شێوەی وانەوتنەوە
بەشەکانی قۆناغی ئامادەیی
هەڵبژاردنی وانەکان
ناناوەندیکردنی دەسەڵاتەکان
رۆڵی توێژەری کۆمەڵایەتی
دانانی رێگەپیشاندەری کارو خوێندن
لێکۆڵینەوە
هەڵسەنگاندن
مرۆڤدۆستی سیستمەکە
چۆنایەتی کارەکان
بەرهەمهێنانی مرۆڤی بیرکەرەوەی رەخنەگر
گەڕانەوەی متمانەی قوتابیو خوێندکار
نەرمکردنی پەیوەندیەکانی ناو سیستمەکە
ئاسانکردنی ژینگەی فیزیکی قوتابخانەو فێرگەکان
رەخساندنی ژینگەیەکی لەباری سایکۆلۆگی و سۆسیولۆگی لەناو سیستمەکەدا
بەدواداچون
هتد ….
هەندێکجار بەستنی کۆنگرە لەبوارێکی جیاوازدا تەنیا بۆ مەسەلەی میدیایەو پیشاندانێکی روکەشە کە کار دەکرێت، ئەگینا وەک کاریگەری قوڵی بنەڕەتی لەسیستمێکدا، گرنگیەکی ئەوتۆی نیە.
سیستمی فێرکاری کوردستان لەتەنگژەیەکی قوڵدایە. قوتابی باوەڕو متمانەی بەخوێندنەکەی نەماوە. نازانێت خوێندن بەرەوکوێی دەبات. رەشبینیەکی زۆر بەسیستمەکەوە دیارە. بیری کۆنەپەرستی لەدەوری کۆبۆتەوە. ئەمانەو دەیان کەلێنی تری سیستمەکە، پڕکردنەوەیان بەکۆنگرەیەکی دوو سێ رۆژی مەحاڵە.
من گەشبینم بەپاشەڕۆژی خاکو وڵاتم بەڵام دەبێت کاری جدی بۆ بکرێتو متمانەی نەوەی نوێی ژێر ئاڵاکەمان بەدەست بهێنرێت.