لەسەرەتاكانی هێرشی داعشەوە بۆ سەر كوردستان و بەرگریی هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچەكانیان، ڕۆژنامەنوس و میدیاكارێكی زۆری بیانی ڕوویان كردۆتە كوردستان بۆ ڕوماڵی هەواڵەكان. یەكێك لەوانە (پۆڵ ود) ڕۆژنامەنوسی كەناڵی بی بی سی بەریتانی بوو کە یەکێکبوو لەو رۆژنامەنوسانەی دوای هێرشەکانی داعش زوو هاتنە کوردستان بۆ ڕوماڵی شەڕی داعش و هێندەی نەمابوو لە جەلەولا لە هێرشێکی داعشدا لە ٢٠/٦/ ٢٠١٤ بکوژرێت.
لە سەرەتای ڕوماڵکردنی شەڕی داعشدا ڕاپۆرت و هەواڵەکان لەسەر پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان هەردەم ئەرێنی بون و بە دەگمەن کاری ڕەخنە ئامێز لەسەر هەرێم دەبیندرا، بەڵام بە پێچەوانەوە ئێستا لێرە و لەوێ سەرەڕای بەرزنرخاندنی قارەمانێتی پێشمەرگە رەخنەی توند لە حکومەتی هەرێم و بەرپرسانی پێشمەرگە دەگیرێت.
(پۆڵ ود)ی رۆژنامەنوسی کەناڵی بی بی سی کە لە سەرەتای جەنگی عێراقەوە ڕوماڵی هەواڵی عێراق دەکات و لە یەکەمین رۆژنامەنوسەکان بوو روماڵی شەڕی داعش بکات ئێستا لە وتارێکی ڕەخنە ئامێزدا ڕەخنە لە حکومەتی هەرێم دەگرێت و لە زاری هاوڕێیەكییەوە ئاماژە بەوەدەكات کە لەگەڵ ئەوەی حكومەتی هەرێم پارەی نییە موچەی پێشمەرگە بدات، بەڵام بەرپرسەكانی حزبو حكومەت لەژیانێكی خۆشدان و شەرابی گران بەها دەخۆنەوە.
گرته ڤیدیۆی ڕۆژنامەنوسەكە لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەك لە ژێر زەمینێكی جەلەولادا كە دەورەدراو بە داعشو لە شەڕی قورسدان، ئەوكات لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا دەنگی دایەوەو ڕۆژنامەنوسەكە و پێشمەرگەكانی كە لەگەڵیدا بوون ڕزگاریانبوو، تەنها یەكێك لە پێشمەرگەكان قاچی بریندار بوو.
پۆڵ ود، لەباسی ئەو ژێرزەمینەی جەلەولاوە بابەتێكی نوێی لەسەر كوردستان و پێشمەرگە نوسیوە كە شەممەی داهاتوو (٢٧/٢) لەگۆڤاری (سپێكتەیتەر)ی بەریتانیدا بڵاودەبێتەوەو پێشتر لە سایتی گۆڤارەكە بڵاوكراوەتەوە.
لە گێڕانەوەی ئەو ڕۆژەی جەلەولادا ئەو رۆژنامەنوسە دەڵێت “داعش لە هەردوو لاوە دەورەی دابوین و لە ژێرزەمینێكی چەپەڵدا كەوتبوین و پێشمەرگەیەك برینداربوو، دەموت ئەگەر لە شەڕەكەشدا نەكوژرێین ئەوا بە دڵنیاییەوە دەبینە دیلی دەستی داعش و بەدلە پرتەقاڵیەكانمان لەبەر دەكەن”.
لە وتارەكەیدا پۆڵ باس لە ئازایەتی پێشمەرگە لە شەڕەكاندا دەكاتو پێشڕەویەكانیان بەرزدەنرخێنێت، بەڵام بەشێكی زۆری وتارەكەی تایبەتە بە كێشەكانی پێشمەرگە و قەیرانی سیاسیی كوردستان.
پۆڵ دەنوسێت كە پێشمەرگە بە مانای ئەوانە دێت كە لە پێش مەرگدان، بەڵام پێشمەرگە لە شنگال ئێزدیەكانی جێ هێشت”دیپلۆماتێكی ڕۆژئاوایی پێی وتم ئەوانەی لە پێشەوە هەڵهاتن پلەبەرزەكان بون و هەندێكیان ناوی گەورە گەورەبون” پۆڵ وادەڵێت.
ئەو رۆژنامەنوسەی بی بی سی لە وتارەكەیدا ئەوەدەخاتەڕوو كە پێشڕەویەكانی پێشمەرگە و پاشەكشە پێكردنی داعش خەونی دروستكردنی دەوڵەتی دوبارە بەخشیوەتەوە كوردەكان و كوردەكان ئەو عەرەبانەی لەناوچە جێناكۆكەكان نیشتەجێن بە بەربەست دەبینن لەبەردەم ئەمەدا.
“فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە جەلەولا جارێك پێی وتم كە ئەم شارۆچكەیە لەئێستادا ٩٠%ی عەرەبە بە هۆی پڕۆسەی تەعریبی سەدام حسێنەوەو زۆربەیان سۆزدارییان بۆ داعش هەیە. هەردوو قسەكەی فەرماندەكە پێدەچێت ڕاستبێت، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە تاوان نەبێت كاتێك كوردەكان لەسەر دیواری ماڵەكان دەنوسن (تەنها كورد، عەرەب بۆ دەرەوە)” پۆڵ وای نوسیوە.
بە دەم خواردنەوەی شەرابی گرانبەهاوە وتی: پارەنیە بۆ پێشمەرگە
لە وتارەكەیدا رۆژنامەنوسەكەی بی بی سی ئەوەدەگێڕێتەوە كە یەكێك لە كەسە بیانیەكانی هاوڕێی ڕۆژێك بانگهێشتی خوانێك كراوە كە لەلایەن چەند بەرپرسێكی یەكێتی و پارتیەوە رێكخراوە.
“تەماشام دەكرد كاتێك چەند بوتڵێك شەرابی (شاتیو ماغگوو)یان هەڵدەپچڕی كە هەریەكەی نرخەكەی لە نێوان ٣٠٠$ بۆ ١٧٠٠$ دۆلارە(بەپێی كۆنیی شەرابەكە نرخی دەگۆڕێت) دانیشتبوین و ئەو شەرابەمان دەخواردەوە کاتێک وەزیرێك پێی وتم: پارەی پێویستمان نیە تاوەكو موچەی پێشمەرگە بدەین”هاوڕێكەی ئەمەی بۆ پۆڵ گێڕاوەتەوەو ئەویش لەوتارەكەیدا دەڵێت”هەربۆیە مایەی سەرسوڕمان نیە كاتێك توڕەیی شەقام ئاراستەی هەموو چینی سیاسی بۆتەوە لە كوردستاندا”.
پۆڵ لەكۆتاییدا دەنوسێت كە لەم بارودۆخەدا بارزانی هەوڵی ڕیفراندۆم دەدات، ئەمە ڕەنگە بۆ ڕوو وەرگێڕانی گەلەكەی بێت لە قەیرانە ئابوریەكانو ڕەنیشگە بۆ جێبەجێكردنی خەونی لە مێژینەی كوردەكان بێت بۆ ئاشتی لە دەوڵەتێكی تایبەت بە خۆیاندا، بەڵام كوردەكان لەئێستادا لەناوچە جێناكۆكەكان سنورەكانی داهاتووی خۆیان دەنەخشێننو وڵاتانی ڕۆژئاواش لەبەر تێوەگلانیان لە شەڕی داعش شتێكی تر ناتوانن بكەن، جگە لە وەرگێڕانی چاویان لەوەی ڕوو دەدات.