حكومه‌ت 60 ملیار دینار قه‌رزاری كۆمپانیاكانه‌و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیش ده‌ڵێت به‌غدا ترلیۆنێك‌و 800 ملیۆن دینار قه‌رزاری هه‌رێمه.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، 60 ملیار دیناری كۆمپانیاكانی ده‌رمان قه‌رزاره‌و كۆمپانیاكانیش ئاماده‌نین ده‌رمانیان پێبده‌ن ئه‌گه‌ر قه‌رزه‌كان وه‌رنه‌گرنه‌وه، به‌ڵام سه‌رۆكی لیژنه‌ی ته‌ندروستی له‌په‌رله‌مان ئه‌وه به”شكستی” وه‌زاره‌ت ده‌زانێت.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم هۆكاری كه‌ڵه‌كه‌بونی ئه‌و قه‌رزانه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕنێته‌وه كه حكومه‌تی عێراق “وه‌ك پێویست” ده‌رمانی بۆ هه‌رێمی كوردستان نه‌ناردوه، ده‌شڵێن حكومه‌تی عێراق ترلیۆنێك‌و 800 ملیۆن دینار قه‌رزاری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیه.
خاڵس قادر، به‌رێوه‌به‌ری‌و دیوان‌و وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی وتی “سه‌رباری كۆبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وام له‌نێوان ئێمه‌و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق، به‌لاَم هیچ ئه‌گه‌رێك نیه ئه‌و بڕه پاره‌یه بنێردرێت”.
هه‌روه‌ها وتیشی “به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ساڵی 2004 حكومه‌تی عێراق سه‌دا 50ی به‌شه ده‌رمانی هه‌رێمی كوردستانی نه‌ناردوه، كه به‌های ترلیۆنێك‌و 800 ملیۆن دیناره، ئێستا حكومه‌تی عێراق ئه‌و بڕه پاره‌یه قه‌رزاری ئێمه‌یه”.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌ڵێت ئه‌و 60 ملیار دیناره‌ی قه‌رزاری كۆمپانیاكانی ده‌رمانن “گرفتێكی گه‌وره‌ی” بۆ دروستكردون، چونكه كۆمپانیاكان پێیانوتون كه ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕه پاره‌یه وه‌رنه‌گرن ئه‌وا هیچی تر ده‌رمان به‌وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ناده‌ن.
سه‌باره‌ت به‌هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفته، رونیكرده‌وه كه له‌گفتوگۆدان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ چاره‌سه‌ر.
به‌ڵام سه‌رۆكی لیژنه‌ی ته‌ندروستی له‌په‌رله‌مانی كوردستان، هۆكاری ئه‌و كێشه‌یه ده‌خاته ئه‌ستۆی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، ده‌ڵێت لیژنه‌كه‌یان داوایانكردوه ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ربكه‌ن به‌ڵام وه‌زاره‌ت گوێی لێنه‌گرتون.
زوڵفا مه‌حمود وتی “ئاگادارین كه وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بڕه پاره‌یه‌ك قه‌رزاره، به‌لاَم نازانین ئه‌و بڕه پاره‌یه چه‌نده”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه چه‌ندینجار داوایان له‌وه‌زیری ته‌ندروستی كردوه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ده‌رمان، به‌تایبه‌ت كاتێك ساڵی رابردوو باس له‌وه‌كراوه ئه‌گه‌ر هه‌یه عێراق هیچ بڕه ده‌رمانێك نه‌نێرێ بۆ هه‌رێم هاوشێوه‌ی بودجه.
سه‌رۆكی لیژنه‌ی ته‌ندروستی له‌په‌رله‌مان وتی “داوامان له‌وه‌زیری ته‌ندروستی كرد هه‌وڵی چاره‌سه‌ر یاخود له‌گه‌ڵ ولاَتی تر گفتوگۆ بكه‌ین بۆ هێنانی ده‌رمان، به‌لاَم وه‌زیری ته‌ندروستی وتی لێم گه‌ڕێن ئه‌وه‌ی هه‌یه لێم تێكمه‌ده‌ن”.
زوڵفا مه‌حمود رونیكرده‌وه كه نوسراویان له‌سه‌ر چه‌ندین پرسی تر ئاراسته‌ی وه‌زیری ته‌ندروستی كردوه، ئه‌ویش وه‌لاَمی نوسراوه‌كه‌ی داونه‌ته‌وه، “به‌لاَم باوه‌ڕمان به‌وه‌لاَمه‌كان نیه، چونكه ده‌زانین وه‌لاَمه‌كانی دروست نین”.
هه‌روه‌ها وتی “وه‌زیری ته‌ندروستی وه‌زیرێكه شكستی هێناوه له‌كاره‌كه‌ی خۆیدا، ئه‌و كارانه‌ی كردویه‌تی ته‌نیا خۆی ده‌زانێت‌و زانیاری دروست به‌هیچ كه‌سێك ناڵێت… پێویسته وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی چه‌ند مانگ جارێك زانیاری‌و ئه‌و كێشانه‌ی دێته رێگای بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵ بۆ چاره‌سه‌ر بدرێت ئاڕاسته‌ی لیژنه‌ی ته‌ندروستی په‌رله‌مانی بكات”.
له‌به‌رانبه‌ردا، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، ئه‌وان نه‌وه‌ستاون له‌هه‌وڵه‌كانیان بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه، ده‌ڵێت “له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی گفتوگۆیان كردوه بۆ دانه‌وه‌ی ئه‌و 60 ملیار دیناره به‌كۆمپانیاكان”.
سەرچاوە: هاوڵاتی