گرتنه‌وه‌ی ئه‌و شاره له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه هه‌ژمونی حه‌شدی شه‌عبی شیعه‌ی كه‌مكرده‌وه.
حه‌سه‌ن شه‌نون
رۆڵی سه‌ره‌كی سوپای عێراق له‌ئازادكردنه‌وه‌ی پارێزگای ئه‌نباردا، به‌ها‌و متمانه‌ی بۆ ئه‌و هێزه ئه‌منیه‌ی عێراق گه‌ڕانده‌وه كه له‌كاتی ده‌ركه‌وتنی داعشه‌وه نه‌یمابوو، ئه‌وه‌ش به‌هۆی كشاندنه‌وه‌ی له‌و شارانه‌ی ئه‌و گروپه هێرشیكردنه‌سه‌ر.
پاڵپشتی ئه‌مه‌ریكا بۆ سوپای عێراق له‌و شه‌ڕه‌دا به‌مه‌به‌ستی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی متمانه پێی، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه ئامانجی سیاسی له‌پشته‌وه بێت به‌مه‌به‌ستی رێگری له‌هه‌ژمونی حه‌شدی شه‌عبی شیعه كه نزیكن له‌ئێرانه‌وه له‌و شه‌رانه‌ی له‌دژی داعش ده‌كرێت له‌عێراق.
ئازادكردنه‌وه‌ی شاری رومادنی ناوه‌ندی پارێزگای ئه‌نبار له 28ی مانگی 12ی ساڵی رابردودا، ده‌ستكه‌وته‌كانی به‌پله‌ی یه‌كه‌م بۆ سوپای عێراق هه‌ژماركرا به‌وپێیه‌ی رۆڵی سه‌ره‌كییان له‌ئازادكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچه سونه‌یه‌دا هه‌بوو، كه هاوڵاتی‌و كه‌سایه‌تیه‌كانی رێگربون له‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی شیعه به‌شداربێت له‌پرۆسه‌كه‌دا.
پاش رۆژێك له‌ئازادكردنی رومادی، نوسینگه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا ستایشی كاری بوێرانه‌ی سوپای عێراقی كرد له‌و شه‌ڕه‌دا، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به‌رۆڵی حه‌شدی شه‌عبی بدات.
ئه‌وه یه‌كه‌مجاره له‌پاش ده‌ركه‌وتنی چه‌كدارانی داعشه‌وه له‌ساڵی 2014، سوپای عێراق به‌بێ هاوكاری حه‌شدی شه‌عبی شیعه ناوچه‌یه‌كی كۆنتڕۆڵكراو له‌لایه‌ن داعشه‌وه ئازاد بكاته‌وه.
كۆنتڕۆڵكردنی موسڵ له‌لایه‌ن داعشه‌وه له‌مانگی شه‌شی ئه‌و ساڵه‌دا، شكستێكی گه‌وره‌ی بۆ سوپای عێراق به‌دوای خۆیدا هێنا له‌تكریت‌و ئه‌نباردا كه له‌هه‌ر سێ شاره‌كه به‌بێ شه‌ڕێكی ئه‌وتۆ پاشه‌كشێی كرد‌و نه‌یتوانی به‌رگری لێبكات.
روخانی وره‌ی سوپا عێراقی له‌به‌رانبه‌ر داعش، به‌رپرسه حكومیه‌كانی روبه‌ڕوی ره‌خنه‌ی توند كرده‌وه، به به‌رپرسیاری ئه‌و شكسته‌یان له‌قه‌ڵه‌مدان.
پێكهێنانی حه‌شدی شه‌عبی شیعه له 2014دا، به‌شێكی بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه بوو كه شكستی سوپا دروستیكردبوو، له‌سه‌ره‌تای شه‌ڕی دژه داعشه‌وه له‌زۆرێك له‌شه‌ڕه‌كاندا حه‌شدی شه‌عبی رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بوو به‌تایبه‌ت له‌سنوری ناوچه‌ی جورفولسه‌خری نزیك به‌غداو تكریت‌و ناحیه‌ی عه‌له‌می سنوری پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین‌و ناوچه‌كانی باشوری كه‌ركوك.
مۆفه‌ق روبه‌یعی، راوێژكاری پێشوی ئاسایشی نیشتیمانی‌و ئه‌ندامی ئێستای لیژنه‌ی ئاسایش‌و به‌رگری له‌په‌رله‌مانی عێراق، پێیوایه سوپا ئه‌و تێڕوانینه‌ی به‌تاڵ كرده‌وه كه پێیانوابوو ئیراده‌و وره‌ی نه‌ماوه له‌شه‌ڕكردندا، ده‌ڵێت “سوپای عێراق له‌شه‌ڕی ئازادكردنه‌وه‌ی ئه‌نباردا رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بوه‌و یه‌كه سه‌ربازیه‌كانی تریش رۆڵی لاوه‌كیان هه‌بوه”.
روبه‌یعی به‌هاوڵاتی وت “حه‌شدی شه‌عبی شیعه به‌شداری شه‌ڕه‌كه‌ی نه‌كردوه‌و سوپای هاوپه‌یمانانیش ته‌نیا بۆردومانی پێگه‌كانی داعشیان كردوه له‌ئه‌نبار”.
وێنه‌ی جلوبه‌رگه به‌جێماوه‌كانی سه‌ربازانی سوپای عێراق به‌ر له‌هه‌ڵهاتنیان له‌شه‌ڕه‌كانی موسڵ‌و تكریتدا له‌ساڵی 2014، وێنه‌یه‌كی سلبی ئه‌و سوپایه‌ی نیشانی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی عێراقدا كه به‌هۆیه‌وه به‌شێكی زۆر له‌چه‌كه‌كانی كه‌وته ده‌ست داعش‌و له‌ڕوی كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازیه‌وه ئه‌و گروپه‌ی به‌هێزكرد.
ئه‌وكات شكستی سوپا پێشنیاری پێكهێنانی سوپای پاسه‌وانی نیشتیمانی هێنایه كایه‌وه، كه تایبه‌ته به‌شاره‌كان وه‌ك جێگره‌وه‌یه‌كی تری سوپا، به‌ڵام تائێستا یاساكه‌ی نه‌یتوانراوه له‌په‌رله‌مان تێپه‌ڕێنرێت.
فازل ئه‌بو رغیف، پسپۆڕی سه‌ربازی عێراقی جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه، ئازادكردنه‌وه‌ی رومادی وره‌و متمانه‌ی سوپای عێراقی به‌رزكردۆته‌وه، پێشیوایه له‌و شه‌ڕه‌دا سوپا به”رێكخراوه‌یی شه‌ڕیكرد كه یه‌كه‌ی بنه‌بڕكردنی تیرۆر له‌به‌ره‌ی پێشه‌وه بوو، یه‌كه‌كانی تریش پارێزگاری‌یان له‌ناوچه ئازادكراوه‌كان ده‌كرد”.
فازل ئه‌بو رغیف به‌هاوڵاتی وت “له‌و شه‌ڕه‌دا جگه له‌بۆردومانكردنی پێگه‌كانی داعش، سوپای ئه‌مه‌ریكا رۆڵی سه‌ركرده‌ی هه‌بو له‌پێدانی زانیاری هه‌واڵگری به‌سوپای عێراق”.
سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌دوای ده‌ركه‌وتنی داعشه‌وه هه‌وڵه‌كانی بۆ دوباره بونیادنانه‌وه‌ی سوپای عێراق خستۆته‌گه‌ڕ، چه‌ندین راوێژكاری سه‌ربازی تایبه‌تی خۆی ناردوه كه له‌سێ بنكه‌ی سه‌ربازی مه‌شق به‌سوپای عێراق ده‌كه‌ن، بڕیاریشه یه‌كه‌ی نوێ بۆ سوپا دروستبكات.
چڕبونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌وڵه‌ی واشنتۆن له‌گه‌ڵ سوپای عێراق بۆ بونیادنانه‌وه‌ی، به‌مه‌به‌ستی رێگریه له‌هه‌ژمونی حه‌شدی شه‌عبی شیعه به‌وپێیه‌ی به‌شێك له‌گروپه پێكهێنه‌ره‌كانی نزیكن له‌ئێرانه‌وه، كه به‌مدوایه رۆڵی ئه‌منی‌و سه‌ربازی سه‌ره‌كییان له‌شه‌ڕه‌كانی دژ به‌داعشدا هه‌بوو.
حه‌سه‌ن سالم، سه‌رۆكی كوتله‌ی سادیقونی سه‌ر به‌گروپی عه‌سائیب ئه‌هلولحه‌قی حه‌شدی شه‌عبی له‌په‌رله‌مانی عێراق، به‌هاوڵاتی وت “دورخستنه‌وه‌ی چه‌كداره‌كانی ئێمه له‌شه‌ڕی رومادی به‌بڕیاری ئه‌مه‌ریكا بووه، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه بووه پرۆژه‌كه‌ی واشنتۆن بۆ دابه‌شكردنی عێراق سه‌ربگرێت له‌پاش قۆناغی نه‌مانی داعش”.
وتیشی “ئێمه له‌سه‌رجه‌م شه‌ڕه‌كانی سنوری پارێزگای دیاله‌و سه‌ڵاحه‌دیندا رۆڵی سه‌ره‌كی‌و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌مان هه‌بووه، ئه‌و سازشه‌ی حكومه‌تی عێراقیش له‌به‌رانبه‌ر گوشاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ به‌شداریپێنه‌كردنمان له‌شه‌ڕی رومادیدا كاریگه‌ری له‌به‌ها‌و متمانه‌ی ئێمه ناكات”.
زانیاریه‌كانی نێو شه‌ڕی رومادی ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی، جگه له‌شه‌ڕی دژه داعش چه‌ندین ململانێی تر تیایدا بونی هه‌بووه، سه‌ره‌كیترینیان هه‌وڵی سوپای ئه‌مه‌ریكا بووه بۆ دورخستنه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌شه‌ڕه‌كه‌و پێدانی متمانه به‌سوپای عێراق، كه بۆ ئه‌و هه‌نگاوه‌ش حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیران پاڵپشیكردون هه‌رچه‌نده حه‌شدی شه‌عبی سه‌ر به‌ده‌سته‌یه‌كی حكومه‌ته‌كه‌یه‌تی.
عه‌بدولعه‌زیز عیساوی، شرۆڤه‌كاری سیاسی عێراقی جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه، ئامانجی سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌ئازادكردنه‌وه‌ی رومادی به‌سوپای عێراق زیاتر سنورداكردنی رۆڵی حه‌شدی شه‌عبی شیعه بووه نه‌ك گه‌ڕاندنه‌وه‌ی متمانه بۆ سوپاكه.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت “ئه‌مه‌ریكا ویستی خه‌ونی حه‌شدی شعبی بزڕێنێت له‌وه‌ی هه‌ژمونیان له‌ئه‌نبار‌و موسڵیش زیاد بكه‌ن كه دوو ناوچه‌ی سونه‌نشینن، ئه‌وه‌ش له‌ترسی ئه‌وه‌ی رۆڵی ئێران له‌و ناوچه سونانه‌ش زیاتر بێت”.
عیساوی به‌هاوڵاتی وت “ئه‌مه‌ریكا له‌وه ده‌ترسێت حه‌شدی شه‌عبی له‌ڕوی سه‌ربازی‌و جه‌ماوه‌ریشه‌وه له‌عێراق به‌هێز بێت بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو، به‌تایبه‌ت كه به‌شێكیان ئێستا سه‌رگه‌رمی پرۆژه‌ی سیاسین”.
ئێدیتۆر: هه‌ستیار قادر