هیدایەت مەلا عەلی:
ڕەشماڵ بەرنامەیەکی هونەری کەناڵی ئاسمانی (nrt2)وە، لەم بەرنامەیەدا هونەرمەندان و گۆرانیبێژان بانگهێشت دەکرێن و چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا دەکرێت.
لەیەکێک لە بەرنامەکانی ڕەشماڵدا، میوانداری دوو گۆڕانیبێژی میللی کرابوو، ئەو دوو گۆرانیبێژەش (عومەر بچکۆل و ساماڵ مەحمود) بوون.
(عومەر بچکۆل) سەرەڕای ئەوەی گۆڕانیبێژێکی دەنگخۆشە، هەمانکات کەسایەتیەکی قسەخۆش و ڕۆحسوک و دەمبەخەندەیە، بە قسەخۆش و سیما شیرینەکەی ڕاستەوخۆ کاریگەری دەخاتە سەر بینەر و بیسەری پەیڤ و بەسەرهاتەکانی، لە ناخەوە پێکەنین و ئاسودەی بۆ چەند چرکەساتێک دەکاتە میوانی کەسانێک کە گوێبیست و بینەری ڕووداو بەسەرهاتە ناوازەکانی ئەم گۆرانیبێژە دەبن.
لەم بەرنامەیەدا (عومەر بچکۆل) بەسەرهاتێک دەگێڕێتەوە کە بۆ من مایەی تێڕامان و لێکدانەوەیە، لەوانەیە گێڕانەوەی بەسەرهاتەکە بۆ بەڕێز (عومەر بچکۆل) ڕووداوێکی ئاسایی بێت، یان تەنها بیرەوەریەکی شیرین بێت لە ڕۆژگارێکی تایبەت و دیاریکراودا، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم بەسەرهاتە ڕاچڵەکین و ڕاوەستانی دەوێت، ئەم بەسەرهاتە و هاوشێوەکانی زەنگێکە و جارێکیتر پێمان ئەڵێت لە خەو هەستن.
(عومەر بچکۆل) بەسەرهاتێک دەگێڕێتەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ڕاپەڕینی ئازاری ساڵی ١٩٩١، ئەو کاتەی کە شارەکانی کوردستان ئازاددەکران و خەڵک لە دەسەڵاتی ڕەشی بەعس ڕزگاریان دەبوو.
(عومەر بچکۆل) درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت: ئێمە ژمارەیەک هونەرمەندبووین بۆ بەرزکردنەوەی ورەی جەماوەر و پێشمەرگە، بە سەیارەیەکی فلاتەوە دەگەڕاین و سرود و گۆرانیمان دەووت، (عومەر بچکۆل) دەڵێت: هەر گۆرانیبێژێک پێش ئەوەی سرودەکەی یان بەرهەمەکەی خۆی پێشکەش بکردایە دەبووایە، بە شیعارێک یان پارچە هۆنراوەیەکی هەستبزوێن دەستی پێبکردایە.
(عومەر بچکۆل) دەڵێت: ڕۆژێک گۆرانیبێژێکی هاوڕێمان دەچێتە سەر سەیارە فلاتەکە بۆ ئەوەی گۆرانیەک بڵێت، گۆرانیبێژەکە بە یەکێک لە مۆسیکژەنەکان دەڵێت: بە (سۆڵدێز) بڕوات و دەست پێ بکات، بەڵام مۆسیکژەنەکە دەڵێت: کە ئەو بە (سی بی مۆڵ) ڕۆشتووە.
چەند جارێک گۆرانیبێژەکە داوا دەکات کە مۆسیکژەنەکە بە (سۆڵدێز) بڕوات، بەڵام مۆسیکژێنەکە دەڵێت: کە بە (سی بی مۆڵ) ڕۆشتووە و ناتوانێت بیگێڕێتەوە.
بە گێڕانەوەکەی (عومەر بچکۆل)، گۆرانیبێژەکە بە شۆڕوشەوقێکی شۆڕشگێڕانەوە ڕوو دەکاتە جەماوەرەکە و دەڵێت: بەڕێزان و خۆشەویستان، من (سۆڵدێز) گۆرانیم وتووە و (سۆڵدێز)ئەڵێم، بەڵام ئەم برادەرە (سی) لێ ئەیات، (عومەر بچکۆل) ئەڵێت: خەڵکەکە هەموو بە چەپڵەلێدانەوە هاواریان کرد ( سۆڵدێز، سۆڵدێز)، خەڵکەکە هەموو وایانزانی (سۆڵدێز) گوندێک یان شوێنێکەو دەبێت پێشمەرگە بیگرێتەوە و ئازادی بکات.
ئەم بەسەرهاتەی (عومەر بچکۆل) دەیگێڕێتەوە، ڕاستە کۆمێدیایە بەڵام لە هەناوی خۆیدا چەندین پرسیاری جەوهەری و گرنگی نێو کۆمەڵگای ئێمە دەوروژێنێت، ئەم بەسەرهاتە پێمان دەڵێت ئێمە لەکوێی ئیرادە و خوێندنەوەی دیاردەکان و ئاڵوگۆڕەکانداین، ئاڕاستەکردنی چارەنوسی ئینسانی تاکەکان لە کۆمەڵگایەکی (سۆڵدێز)یدا بەرەوکوێ مل دەنێت.
ئەگەر لە کۆمەڵگایەکدا مەعریفە و دنیابینی، دانانی نیشانەی پرسیار لەسەر کۆی گشتی دیاردە کۆمەڵایەتیەکان، تەنها وەک سەردەرهێنانی باڵندەیەک بێت لە هێلانەکەی، کە کۆمەڵگای ئێمەش یەکێکە لەو کۆمەڵگایانە، بە دڵنیایەوە دووبارە کردنەوەی شیعارەکان، بەبێ تێگەشتن و لێکدانەوەی ئامانجەکانی دەتوانێت تاکێک و کۆمەڵگایەکی (سوڵدێز)کراو بەرهەم بهێنێت،هەمانکات دەبێتە پێوەرێکیش بۆ نیشاندانی ڤایرۆسی (سۆڵدێز) لە هەمان کۆمەڵگادا، کاتێک ئەرکی تاک لە ئینسانێکی خاوەن ئیرادە و هیوا ئینسانیەکانیەوە، دەبێت بە ئامێری دووبارەکردنەوە و کارەکتەری بەرجەستەکردنی گوتاری بەرانبەرەکەی بەبی بیرکردنەوە، ئیتر فکر و بڕیاردان دەچێتە خانەی چیرۆک و بەسەرهاتە تەنزئامێزەکانەوە، وەک بەسەرهاتەکەی کە (عومەر بچکۆل) گێڕایەوە.
ئەگەر کۆمەڵگای ئێمە کێڵگەیەکی گونجاو بەبەرەکەتی بەرهەمهێنانی تاکی (سۆڵدێز) بێت، ئەوا تاکی (سۆڵدێز) باشترین و شیرینترین هەنگوینی کلۆریدارە، بە دەست کۆی ئەقڵ و بیرکردنەوە و ئامانجی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی سستەمی دەسەڵاتداریەتی هەرێمی کوردستانەوە، کاری ئەم سستەمە بەرهەمهێنان و ڕاگرتنی سیمای ئەقڵی باوی کۆمەڵگا و تۆخکردنەوەی (سۆڵدێزە) کردنی تاکەکانیەتی.
حیزب وەک یەکەیەکی گرنگ و پێکهاتەیەکی چالاکی نێو ڕەهەندە جیاوازەکانی کۆمەڵگای کوردستان، ڕۆڵێکی بەرچاو دەبینێت لە (سۆڵدێز) کردنی تاکەکان، حیزب سنور دەکێشێت بۆ ئەوەی هاوڵاتیان نەتوانن مۆتەکەی (سۆڵدێز)ی سەر شانیان بتەکێنن.
لە گۆشەنیگا و پراکتیزەکردنی بەرژەوەندی حیزبی لە کوردستان، تاکی (سۆڵدێز) تاکو ئەو کاتە توێکڵی (سۆڵدێز)ەکەی لێدەکرێتەوە، کە (سۆڵدێز) و گوێڕایەڵی سنورە بۆ کێشراوەکەی حیزب و تێگەشتنی باوی کۆمەڵگا بێت، ئەگەر ئەمەی نەکرد ئیتر بەشێوەیەک و بەپێی پێناسەیەکی تر دەکرێتەوە بە تاکە (سۆڵدێز) کراوە سروشتیەکەی خۆی و کاڵاکەی ئەکرێتەوە بە بەریدا.
کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان، پێداگری دەکات لەوەی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ لە نیو جەماوەرەوە هەڵبژێرێت، سەرەڕای هۆکار و ئامانجە سیاسی و فریودانە کۆمەڵایەتیەکەی، خوێندنەوەیەکی قوڵیشە بۆ ناسینی تاکی(سۆڵدێز) و کۆمەڵگایەکی (سۆڵدێز)کراو، کە بەبێ بوونی ئەم جۆرە لە تاک و کۆمەڵگا، ئاشکرایە ئەم سەرۆک و ڕابەرانە لە ئێستادا تەنها هاوڵاتیەکی ئەم هەرێمە دەبوون، بۆیە کۆڵەکەی سەرەکی ڕاگرتنی قاچی ئەم سەرۆک و سەرکردانە،تاکی (سۆڵدێز) و کۆمەڵگایەکی (سۆڵدێز) کراوە نەک شۆڕشگێڕی و خەبات بە قەولی خۆیان.
(هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد) لە یەکێک لە وتارەکانیدا لە بۆنەیەکی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا دەڵێت: هەندێک کەس قسە لەسەر (مام) ئەکەن، من ئەڵێم ئەوانە بەقوربانی (مام)بن!!!!، جەماوەرێکی فراوانی (سۆڵدێز) لە خوارەوە هاوار دەکەن، دووبارە، دووبارە.
بەبێ تاکی (سۆڵدیز) ئەم جۆرە وتار و تەعبیرانە گوێگرێکی بۆ پەیدا نابێت، وتارێک یان ڕستەیەک بەتەوای خاڵی لە مەعریفە و بەهانەی سیاسی، بۆچی دەبێت جەماوەر پێویستی بە دووبارە کردنەوەی هەبێت؟، دووبارە کردنەوەی ئەم ڕستەیە چی لە فکر و هزری کۆمەڵگا ئەگۆڕێت؟.
(پەیمان عیزەدین) پارێزەر و پەرلەمانتاری گۆڕان لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، لە بەرنامەی (لێکدانەوەی ڕۆژ)ی کەناڵی ئاسمانی (knn) لە ڕۆژی ٢٨-١٢-٢٠١٥دا دەڵێت: (زۆرینەی تاکی کورد تاکێکی ترسنۆکە)، من لێرەدا نامەوێت باسی هۆکار و دروستی و نادروستی ئەم لێکدانەوەی ناوبراو بۆ خەڵکی کوردستان بکەم.
ئەوەی گرنگە لەم ڕستەیەوە بخوێنرێتەوە و ڕایەڵەی هاوبەشی نێوان (ترسنۆک و سۆڵدێز) بدۆزرێتەوە، جێگای لێکدانەوە و شیکاری بابەتەکەی منە. هەر کاتێک تاک لە ڕوانگەی (حیزب، دەستە، خاوەنبەرژەوەندیەک) پێچەوانە یان لە قۆناغێکی مێژوویدا ملی (سۆڵدێز)ی خۆی درێژ نەکرد، ئەوا وەک تاکی ترسنۆک، بەرژەوەندیخواز، خائین، دەستی دەروکی،هتد مۆر بەنیوچەوانیەوە ئەنرێت.
لەکاتێکدا بەپێی هەلومەرجێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دیاریکراو، لە پشتی دەنگی جەماوەرێکی (سۆڵدێز)وە، دەیان بەڕێزی وەک (پەیمان عیزەدین) بوونە پەرلەمانتار، هەر ئەوکات جەماوەری (سۆڵدێز) چونکە (سۆڵدێز) بوونەکەی بۆ بەرژەوەندی سیاسی و هەڵبژاردنی ئەوان بوو، ئەوکات خەڵک وەک ڕەمزی ئازایەتی و جەسارەت پێناسە دەکران، دەوترا ئیتر کۆمەڵگا چاو و گوێی کردۆتەوە و ترسی نەماوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێستا بەهۆی هەندێک پێشهاتی ناوخۆی و ناوچەی (سۆڵدێز) بوونی جەماوەر ڕەنگدانەوەیەکی تری هەیە و، پێچەوانەی شنەبای بەرژەوەندی سیاسی و لێکدانەوەی ئەم بەڕیزەیە، بۆیە (زۆرینەی تاکی کورد بە ترسنۆک) لە قەڵەم دەدرێت.
هەڵکوتانە سەر داری کریسمیس لە (فاملی مۆڵ) لە شاری دهۆک و تێکدانی ئەو دارە، باشترین نمونەیە بۆ نمایش کردنی (سۆڵدێز)بوونی تاک لە کۆمەڵگای ئێمە و کۆمەڵگا تەقلیدیەکاندا، ئەو کۆمەڵگایانەی کە بڕیارێک جێبەجێ دەکەن و دواتریش ئامادەنین گفتوگۆی لەسەر ئەنجامەکەی بکەن.
هەڵکوتانە سەر داری کریسمیس لە دهۆك، بەرئەنجامی کەمپینێکی ڕاگەیاندراوی ژمارەیەک مەلابوو، بۆ پراکتیزە کردنی (سۆڵدێز)یەتی لاوان بەتایبەت و کۆمەڵگا بەگشتی. بەبڕوای من بەشێکی زۆر لەوکەسانەی ئەم کارەیان ئەنجامداوە، هیچ زانیاریەکیان لەسەر کریسمیس و دارەکەی نیە، ئەوەی ڕوویداوە ڕەنگدانەوە و کاریگەری بزواندنی (سۆڵدێز)یەتی تاکی کۆمەڵگایە، لە ڕێگای دین و دەزگا و دامەزراوەکانیانەوە.
هوشیاری و بیرکردنەوە، پرسیار و تێڕامان لە دیاردە و پێشهات و ڕوداوەکان، ئیرادە و پڕنسیبیە ئینسانیەکان، بەشێکن لەو ڕێگایانەی کە تاکی (سۆڵدێز) دەگۆڕێت بە تاکێکی خاوەن بڕیار و مەعریفە و ئیرادە، هیوادارم کە بتوانین ئەم ڕێگایە لە کۆمەڵگای کوردستاندا بەهێز بکەین.