
بەفربارینی ئەمساڵ رێگەی چەندین گوند و دەروازە سەرەكییەكانی هەرێمی كوردستانی لەگەڵ وڵاتانی وەك ئێران، سوریا و توركیاشی ئەستەم كردووە.
تەنها بۆ كڕینی نان دێنەدەرەوە
لەنێو كەمپەكاندا بێدەنگی زۆر هەیەو تەنیا ئەو كەسانە لە خێمە دێنە دەرەوە كە بۆ كڕینی نان یا دروستكردنی خێمەدڕاوەكانی خۆیان لە دەرەوە كار دەكەن، بەڵام دیمەنی دیكەش لەو كەمپە دیار دەكەوێ كە هەندێ منداڵ بە پێڵاوی هاوینی بۆ كڕینی نان دەچن و پێڵاوەكانیان پڕ لە قوڕ بووە و بەرگەی ئەم سەرمایە ناگرن. دیمەنی دڵتەزێنی تر ئەوە بوو تەمەن فریای هەندێ پەنابەر ناكەوێت و هەر لە ئاوارەییدا بەهۆی نەخۆشی یان هەر هۆكارێكی دیكە كۆچی دوایی دەكەن، ئەوەش كارەساتێكی دیكەیە بۆ ئەو پەنابەرانە كە زستانە و ناتوانن تەرمەكانی خزم و كەسی خۆیان بۆ رۆژئاوا بگەڕێننەوە و هەر لە دەوروبەری كەمپەكە بە خاك دەسپێردرێن.
دەگەڕێنەوە بۆ رۆژئاوا
پەنابەرێكی رۆژئاوای خەڵكی قامشلۆ، وتی: “ماوەی سێ ساڵە لەم كەمپەم، ئەمساڵ لە هەموو ساڵەكان ساردترە و ئەوەش وایكردووە زۆربەی خەڵك بیر لە گەڕانەوە بۆ رۆژئاوا یان كۆچ بەرەو ئەوروپا بكەن. لە هەردوو حاڵەتدا مردن لەبەر چاومانە و لێرەش سەرما زەختمان لێ دەكات”.
ئەو دەڵێت: “ئێمە لە خێمەیەكداین، كە خێزانمان ٨ كەسن تەنیا ٤ بەتانیمان هەیە، شەوان كاتی نووستن خەمی ئەوەمان هەیە كە چۆن بتوانین هەموومان پێكەوە بخەوین هەتا بەتانی بەشمان بكات ئەمە تەنیا خەمی سەرمایە خەمی برسێتی زۆر جار بێزارم دەكات من لە هەفتەیەكدا زیاتر لە سێ رۆژ بەبرسێتی دەخەوم”.
بۆ كەس بەدەنگمانەوە نایەت؟
مەروا سوبحی پەنابەرێكی كچ بوو تەمەنی ١١ساڵان بوو لە كەمپی گەورگۆسك، بەدەم گریانەوە سكاڵای هەبوو لە رەوشی كەمپەكە. ئەو وتی: “سەرمای ئەمساڵ لە برسێتی رۆژئاوا سەختترە و ئەی بۆ كەس بە هانای ئێمە نایەت؟ من دوو گورچیلەم ژان دەكات و رۆژانە لە قوتابخانەش ئەو كێشەیەمان هەیە، سەرما زۆری بۆ هێناوین و ناتوانین خوێندن تەواو بكەین”.
خەمێكی زۆر قورسە
هەیسەم حەسەن-یش پەنابەرێكی رۆژئاوا بوو، كە منداڵێك لە خێزانی ئەو كۆچی دوای كردبوو، لە سەر گۆڕستانەكە لە كاتی ناشتنی تەرمەكەیان وتی: “خەمی سەرما و برسێتی و مردن زۆر قورسە. ئێمە لەدەست زەبر و زەنگ و ستەمی ئەسەد هەڵاتووین. زۆربەی خەڵكی ئێمە بۆ سوریا یان بۆ ئەوروپا و ئەمریكا دەڕۆن و ئەوەش لەكاتێكدایە وڵاتانی ئەوروپی و نەتەوە یەكگرتووەكان چاوپۆشی لە ئێمە دەكەن”.
كەمپی كەورگۆسك كە گەورەترین كەمپی پەنابەرانی سوریایە لە هەولێر، لە ١٥/٨/٢٠١٣ دروست كراوە و لە ئێستادا نزیكەی ١٥ هەزار ئاوارەی كوردی رۆژئاوای تێدا دەژی، كە لە ٢٥٠٠ خێزان پێكهاتوون.
لەگەڵ دەستپێكردنی ئاڵۆزییەكانی سوریا و دواتر فراوانبوونی ئەو ئاڵۆزییانە بۆ قەیران، ژمارەیەكی زۆری خەڵكی ئەو وڵاتە بەرەو وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپا رۆیشتن و زیاتر لە ٢٠٠ هەزار كەسیش روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و لە چەند كەمپێكدا جێگیر كراون.
سەرچاوە:ئەنادۆڵ