کورد دەڵێت (کاسەی پڕ، ئاشتی ماڵە).. تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٣ ئابوری ھەرێمی کوردستان بە ھەموو کەم و کوڕییەکانییەوە لە گەشەکردنێکی بەردەوامدابوو، پارتە کوردییەکانی ھەرێمیش جارێ نەکەوتبوونە سکی یەکتر (چ عەیبمان نەبوو)، ئەو نەوتەی عێراق کە بە درێژایی مێژووی نەوت بۆ سەرکوتکردنی کورد بەکار دەھێنرا، ڕێژەی ١٧٪ی کەوتە دەستی خۆمان و شەپڵی شەپانمان لە سەری دەکرد، داھاتی ساڵانەی ھەرێم لە بەغداوە ١٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاند. ھێدی ھێدی ئاراستەکان بۆ ئەوە دەڕۆیشتن کە کۆمەڵگایەکی کەنداو(خەلیج)ی دروستبکرێت، کۆمەڵگا بەشیوەیەک پەروەردە دەکرا، کە ئیتر پێویست ناکات کەس ئارەقە بڕێژێت، ئێدی پێویست ناکات کەس کاربکات، یەک مووچە پێداویستییەکانت پر ناکاتەوە؟. بۆت دەکەین بە دوو مووچە، دوو مووچەت پێ کەمە؟ بزانە کێت لە ماڵەوە ھەیە با خانەنشینی بکەین بۆت!. پێت ناخۆشە خزمەتی منداڵەکانت بکەیت؟. سریلانکییەک بێنە و با جلکەکانت بۆ بشوات و ماڵەکەت بۆ خاوێن بکاتەوە، لە ڕێستۆرانت و ئوتێلەکان کارکردن کاری دانیشتوانی ھەرێم نییە، دەبێت بەنگەلادیشی و سریلانکی و بێگانەکان بیکەن، پاککردنەوەی شەقامەکان و شارەوانێکان درا بە بەڵێندەرە بیانێکان، ئەو کارانە چیتر کاری دانیشتوانی ھەرێم نیین.
بەو شێوەیە ئابوری ھەرێم گەیشتە ئەو ئاستەی گەر دوو مانگ بۆری نەوتەکەمان لێ بگرنەوە، ئەوا گەر لە برسان نەمرین، توشی نەخۆشی کەمخۆراکی دەبین. لەشکری مووچەخۆرانی ھەرێم کە ژمارەیان زیاتر لە ١ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار مووچەخۆرە ، مانگانە ٨٥٠ ملیار دینار وەردەگرن، کۆی مووچەی ئەو لەشکرە ساڵانە دەکاتە ٨ ملیار دۆلار. ئەو مووچەخۆرانە (بێکاری دەمامکدار)ن چونکە جگە لە چەند خزمەتگوزاریەکی ساکار ھیچ بەرھەمێکیان نییە، وەکوو فەرمانگەکانی تاپۆ، شارەوانی، پەروەردە، تەندروستی، ئاو، ئەوقاف و ……ھتد، زۆربەی ئەو کارانەش خزمەتگوزارین، لە وڵاتە پێشکەوتوەکاندا بەدیگیتاڵ کراوە، کاری پرۆگرامی کۆمپیوتەرە و کارمەندی زۆری پێویست نییە. بە ھەموو مووچەخۆرانی وەزارەتەکانەوە لە ماوەی ساڵێکدا یەک پەتاتەیان بەرھەم نەھێناوە، خراپی ئەم ڕەوشە بێگومان ناکەوێتە سەر مووچەخۆران. پارتەکانی دەسەڵات لە پێشبڕکێیەکی سەختدا بوون بۆ دامەزراندنی زیاتری ھاووڵاتیان و خانەنشین کردنیان بە پلە و پایەی بەرز و مووچەی باش و چەور، بۆ ئەوەی لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا چەند دەنگێکی زیاتریان پێ بدرێت.
بەھیچ شێوەیەک بیریان لەم پێشھاتە ئابورییە و تەنگەژەکانی نەکردبووەوە، ئەوە یەکەم جار نییە لە مێژودا کە نرخی نەوت دەگاتە ئاستێکی نزم، لە ساڵی ٢٠٠٤ یش ئەم داڕوخانە لە نرخی نەوتدا ڕویدا، پێش ئەو ساڵەش چەندیین جار نرخی نەوت داتەپیوە، بۆ نمونە لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٩ نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتە ١٦ دۆلار. ھۆکارەکانی دابەزینی نرخی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ دابەزینی داواکاری لە سەر نەوت لە جیھاندا، پاش ئەوەی ئابوری وڵاتی چین پاشەکشەی کرد، یەدەگی نەوتی ئەمریکا و نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرزبووەوە، بەرھەم ھێنانی نەوتیش لە ڕووی چەندایەتییەوە ڕووی لە ھەڵکشانە لە جیھاندا، ھۆکارەکان ھەرچییەک بن، دابەزین و داڕوخانی نرخی نەوت لە دەرەوەی ھاوکێشەکە نییە، بەڵام بەداخەوە سیاسەتمەدارانی ھەرێم ئەو مەترسییە سامناکەیان نەبینی.
کشتوکاڵ و پیشەسازی پشتگوێخرا، ئەو داھاتەش کە لە کەرتی گەشتیارییەوە دەھاتە بازاڕەکانی ھەرێمەوە بە بۆنەی شەڕی داعشەوە قڕی تێکەوت، ئەو پاشخانە ئابورییەی کە ھەشمان بوو نەما، زۆربەی گوندەکان لە بری ئاوەدانکردنەوەیان چۆڵکران، دەستکرا بە ھاوردەکردنێکی بێشومار لە دەرەوەی وڵاتەوە بە کوالیتییەکی زۆر خراپ. بەکورتی و بە کوردی ھەرێمی کوردستان بوو بە کۆمەلگایەکی بەکارھێنەر، لە بری کۆمەلگایەکی بەرھەمھێنەر.
ھۆکارەکانی ئەو تەنگەژە ئابورییەی کە ھەرێمی کوردستانی تێکەوتووە دەبێتە دوو بەشەوە، بەشێکیان ھۆکاری ڕاستەوخۆن و بەشێکی تریان ھۆکاری ناڕاستەوخۆن.
ھۆکارە ڕاستەوخۆکانی تەنگەژەی ئابوری ھەرێم:
١. شەڕی داعش، کە ئەم شەڕە بێگومان خەرجێکی زۆری ھەیە، جگە لە ماڵوێرانییەکەی، کە پێویستە دوای کۆتایی شەڕ، شار و گوندەکان ئاوەدان بکرێنەوە و نوێژەن بکرێنەوە، کە ئەمە بودجەیەکی زەبەلاحی پێویستە.
٢. ھاتنی نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەناھەندە بۆ ھەرێم.
٣. کێشەی بودجە و خەرجی پێشمەرگە لەگەڵ بەغدا.
٤. داڕوخانی نرخی نەوت.
داڕوخانی نرخی نەوت یەکێکە لە ھۆکارە ھەرە سەرەکییەکانی ئەو تەنگەژە ئابورییەی کە ھەرێمی کوردستانی تێکەوتووە. نرخی ئەمڕۆی نەوت بۆ ھەر بەرمیلێک ٣٥ دۆلارە، بەو ٧٠٠ ھەزار بەرمیلە نەوتەی کە ھەرێم ڕۆژانە دەیفرۆشێت، داھاتی ھەرێم ساڵانە دەکاتە نزیکەی شەش ملیار دۆلار، بێگومان تێچووی گواستنەوە و دەرھێنانیشی ھەیە، کە ئەمە بەشی مووچە و پێداویستییەکانی ھەرێم ناکات، چونکە ھەرێم لە ساڵانی پێش قەیرانە داراییەکەی، ساڵانە زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلار داھاتی نەوتی ھەبوو. پێش ئەم قەیرانە داراییەی ھەرێم نرخی ھەر بەرمیلێک نەوت لە دەوروبەری ١٢٠ دۆلار بوو، کەواتا گەر نرخی نەوت گۆڕانی بەسەردا نەھاتبایە و ھەر ١٢٠ دۆلار بوایە، ئێستا داھاتی نەوتی ھەرێم زیاتر لە ٢١ ملیار دۆلار دەبوو. بەڵام ئەوە بریا و گریمان و خۆزگەیە، ژمارەیەک نییە پشتی پێببسترێت.
ھۆکارە ناڕاستەوخۆکانی تەنگەژەی ئابوری ھەرێم:
١. پشت بەستن تەنھا بە سامانە سروشتییەکان و فەرامۆشکردنی سەرچاوەکانی تر.
٢. بڵاوبونەوەی گەندەڵی، بەدەگمەن لێپرسراوێکی ھەرێم، یان لێپرسراوێکی حیزبی دەبینین کە دەوڵەمەند نەبێت، کە ئەوانیش داھاتەکەیان ھەر مووچەیە. گەندەڵی بە شێوەیەکی ترسناک ھەموو دامەزراوەکانی ھەرێمی گرتووەتەوە.
٣. دامەزراندن و خانەنشین کردنێکی بێشومار لە دەرەوەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، تا کار گەیشتە ئەوەی حکومەتی ھەرێم دەبێت ئێستا ساڵانە ٨ ملیار دۆلار بۆ خەرجکردنی مووچە تەرخان بکات!. بەڵام داھاتی ئەمڕۆی نەوت لەو پارەیە کەمترە، بێگومان خەرجی ھەرێم تەنھا مووچە نییە.
٤. خەرجکردنی بودجەی ھەرێم لە ساڵانی ڕابردودا بە شێوەیەکی بیروکراتسی و بێ بنەما و دابەشبونی بودجە بە سەر زونی سەوز و زەرددا.
٥. حکومەتی ھەرێم نەیتوانی یەدەگی نەختینە(الاحتیاگی النقدی) پاشەکەوت بکات. ھەموو وڵاتێک لە بودجەی ساڵانەی خۆی، بڕێک پارە پاشەکەوت دەکات تا کەڵەکە دەبیت، وەکوو کورد دەڵێت(پارەی سپی بۆ ڕۆژی ڕەش) بەڵام حکومەتی ھەرێم کە ئامانجێتی سەربەخۆیی دەوڵەتی کوردستان ڕابگەیەنێت، کەچی ھیچ یەدەگێکی نەختینەی نەبوو کاتێک کە لێی قەوما. ھەموو وڵاتانی جیھان یەدەگی کاشیان ھەیە لە (دراوی بیانی وەکوو دۆلار یان یورۆ یان…) ئەم یەدەگی نەختینەیە پێگەی ئابوری وڵاتان بەھێز دەکات و لە ھەمان کاتدا وڵاتانی خاوەن یەدەگی نەختینە دەتوانن لە کاتی ڕودانی کارەساتی سروشتیدا یان لە کاتی لێقەومان و شەڕدا یەدەگی نەختینەی خۆیان بەکار بھێنن و نەکەونە قەرزکردن. یەدەگی نەختینەی وڵاتی چیین بۆ نمونە ٣ ترلیۆن و ٦٣٤ ملیار دولارە، کە لە پلەی یەکەمدا دێت لە سەر ئاستی جیھان، یەدەگی نەختینەی ھندستان نزیکەی ٣٥٠ ملیار دولارە، سەنگافورا ٢٥٠,٤١٠ ملیار دولار یەدەگی نەختینەی ھەیە. بەڵام ھەرێمی کوردستان پێش ئەوەی نرخی نەوت دابەزێت ھیچ یەدەگێکی کاشی نەبوو، ئێستاش لە باتی یەدەگی نەختینە ٢٠ ملیار دۆلار قەرزارە.
ھۆکارەکان زۆرن بۆ دروستبوونی ئەم تەنگەژەیە، بەڵام ئەو دیاردەیەی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە بێ وێنەیە، لە پێنچ ملیۆن دانیشتووی ھەرێم ١ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار مووچەخۆرمان ھەیە کە بە گوێرەی پێوەرەکانی ئابوری ناکرێت ھەموو مانگێک ٨٥٠ ملیار دینار بۆ مووچە خەرج بکرێت و ھیچ بەرھەمێکیشیان نەبێت، دەتوانیین بڵێین زیاتر لە یەک ملیۆن بێکاری دەمامکدارمان ھەیە لە ھەرێم.
با ھەمومان دەست بە دوعا بیین بۆ ئەوەی نرخی نەوت بەرزبێتەوە، ئەگەر نا.. پێ دەچێت حکومەتی ھەرێم مووچەی پێ نەدرێت، بەتایبەت نرخی نەوت لە دوو ھەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠٪ی بەھای خۆی لە دەستداوە، کەسیش نازانێت لە داھاتودا نرخی نەوت چی لێ بەسەردێت.