هەردی مەهدی :
جلخوارەکان ئەو کوردانەی باشوری کوردستان بوون کە پاش لکاندنی بە عێراقەوە لە بلۆکبەندی و جەمسەرگیری ئیقلیمی و جیهانی ئەو دەمەی ناوچەکەدا (دوای جەنگی جیهانی یەکەم) لایەنگیری دەوڵەتی تورکیای “کەمالی”یان دەکرد و بەرامبەر ئەو بەرەیە وەستانەوە کە لەگەڵ ئینگلیز و عێراقی نوێ و دژە تورکەکان بوون. تورک و ئینگلیز وەک جەمسەری ئیقلیمی لەم ناوچەیەدا بەهۆی کێشەکانی یۆنان و ویلایەتی موسڵەوە لە دژەکانی یەکتربوون. دیارە کە ئەوروپیەکان و ئێرانی پەهلەوی و عەرەبەکان کەموزۆر ئەمریکاش بە گشتی لەبەری ئینگلیزەوە بوون و روسیا و تورکیای نویش ئەودەمانە لە زۆر بواردا ماوەیەک پێکەوە وەک هاوپەیمان مانەوە، یەکەمین دەوڵەت کە دانی بە دەسەڵاتی کەمالیەکان و تورکیای هاوچەرخیشدا نا روسیا بوو.
مۆدێلێکی تریش کوردەکانی لایەنگری شێخ مەحمود بوون کە نە لەسەر ئینگلیز و نە نەسەر تورک هیچیان ماڵ نەبوون، شێخ بەدوای پەناگە و پشتیوانیدا دەگەڕا هەر لایەنێک بێت کە لەمەدا نە لەگەڵ ئینگلیز نە لەگەڵ تورک بە شوێنێک نەگەیشت. ئەمە ئەو دەمەیە کە عێراق لە ژێر سایەی ئینتیدابی ئینگلیزدا بوو تا ١٩٣٢. سلێمانی بە هۆی حکومەتەکانی شێخ مەحمودی حەفیدەوە و دژایەتی ئینگلیز کە لە ساڵەکانی ١٩١٨ و ١٩٢٣ پێکی هێنابوون یەک لە ئاراستەکانی شەقامەکەی سلێمانی و دزڵی و رەواندز و شنۆ و ورمێ سیاسەتی “دژە ئینگلیزی”یان هەڵبژارد هەندێکیشیان لەمەش زیاتر لەبەرامبەر ئینگلیزدا زیاتر رۆشتن و تورکیایان هەڵبژارد “وەک جلخوارەکان”.
ئینگلیز و تورک هیچیان “کورد” نەبوون تا دیوەخانی گەیاندن بە ئامانج و خیرخوازیش بن بۆ کورد دودەوڵەت بەدوای نفوزی خۆیانەوە بوون، هەروەک هەردوک بە ئەندازەی خۆیان نەبوونە دۆستێک کە بگەین بە ئەنجامیکی سیاسی، بەڵام لە مۆدێلی سەرکوت و روبەڕوبونەوەی کورددا جیاواز بوون، هەردوکیان دانیان بە مافە سەرەتایی و مرۆییەکانی کورددا نەدەنا نە لە موشارەکەی سیاسی، کلتوری و پێکهێنانی حکومەتێک کە کورد ئیدارەی خۆی بکات.
تورکیای رەگەزپەرستانە “تورکچێتی” دەجوڵایەوە، ئەودەم نە کوردی دەناساند و نە باوەڕی بە شتێک بوو بەناوی کوردەوە زمانەکەشی قەدەغەکرد، لای ئەو “تورکی کێوی” رێک کوردەکان بوون. لە نەتیجە کورد لەوێ و بە لایەنگری کردنی ئەم بلۆکە هیجی سەوز نەکرد و سەرکوتکردنی راپەڕین و شۆڕشەکانی قۆچگیری یەکەمی دەرسیم و شێخی پیران و ئارارات و دەرسیمی دووەمی بەسەردا هات، تا ئەم چەند ساڵەی دوایی سەرجەمی مافە کلتوری و سیاسیەکانی کورد لە تورکیا لە بەشداری سیاسی و کلتوری و زمانی و مەعاریفیەکانی کورد هەر لەسەر ئەو سیاسەتەی ئەتاتورک دەڕۆشت.
لەبەرامبەردا ئینگلیزەکان لەبەرئەوەی بوهۆی ئینتیدابی عێراقەوە ببونە دراوسێی نزیکمان، سیاسەتی ئەمان کە میوانی ئیجباری بوون لە عێراقدا، رەگەزپەرستانە نەبوو، پراگماتیکی و عەمەلی بوو، عەرەب و ئێرانیەکان زیاتریان بۆ کرد، ئەویش دەستی لە کورد شت. ئینگلیز دژی مافە ئیداری و سیاسی و فەرهەنگیەکانی کورد وەستایەوە بەڵام لەسەر ئاستی زمان نا، لەسەر ئاستی سەرکوتکردنی سیاسی و بێبەشی لە مەعاریف و بەشداری راستەقینە و گوتاری کوردایەتی سیاسی و بگرە حکومەتەکانی سلێمانیشی هەڵوەشاندەوە، دو رۆژنامەشی بۆ دژایەتی ئەم گوتارە کوردیە دژە عێراقیبوونە خستەکار بە زمانی کوردی (پێشکەوتن١٩٢٢ و ژیانەوە١٩٢٤).
رۆژنامەی ژیانەوە رێک تەعبیرە لە سیاسەتی ئینگلیز و بە کامڵی دژی سیاسەتی شێخ مەحمودی حەفید بە پلەی یەکەم و لایەنگرانی سیاسەتی تورکیا بە پلەی دوو سێ دەجوڵایەوە، ژیانەوە رێک رۆژنامەیەکە کە شەقامی کوردی لە شێخ مەحمود و گوتاری کوردی بکات. هاوزەمانە لەگەڵ کۆتایی کابینەی شێخی مەلیک و حوکمداری کوردستان لە سلێمانیدا.رۆژنامەکانی مەلیک مەحمود تەنها نیسبەتێک “بانگی کوردستان، رۆژی کوردستان، بانگی هەق و ئومیدی ئیستقلال-ن و هیچیتر.
بەڵام باشی رۆژنامەی ژیانەوە لەوەدا بوو کە بیری خستینەوە کە لایەنگری لەسەر ئەساسی وەلای ئاینی و ئایدۆلۆژی و نۆستالژی کۆن ناکاتە کوردایەتی کە “جلخوارەکان” پێیان وابوو، تاوانەکانی تورکیای بیردەخستینەوە کە حەقیقەت بوون.
هەڵەیە و زۆرێکیش دەکەونە ئەو هەڵەیەوە کە وادەزانن ژیانەوە رۆژنامەیەکی سەردەم و هاوگوتاری حکومەتەکەی شێخ مەحمود و کوردەکانە. ئینگلیز خاوەنیەتی بە پاداشت نوسەرانی کوردی ئەودەم وەک بەشێک لە گوتاری ئینگلیز لە عێراق و دژایەتی بلۆکی تورکی لە باشور و ریشەکێشکردنی گوتاری دژە ئینگلیزی بۆیان دەنوسی.
لەمرۆدا ئەگەر تەحلیل محتەوا بۆ شوێنی ئەمڕۆی کورد بکەین و بەراوردی جەوهەری نەک شکڵی بۆ جلخوارەکانی ئەودەمە بکەینلە چوارەچێوەی بلۆکبەندی جیهانی و هەرێمایەتیدا دەبنە کێ؟ بەڕەچاوکردنی ئەوەی کە لای من هیچ روگە و کوتلەیەکی سیاسی کۆن و نوێ نە جاش و نە جلخوار و نە قارەمانی ئەفسانەیین، هەموولا سیاسەت دەکەن و کوردن، بەڵام ئیتر خۆ لەنەتیجەدا ناکرێ هەموو لا بیبەنەوە.
سیاسەت نەتیجەکەی گرنگە و دور لە مەیلی کوردانەمان، دەرکەوت لە ناوچەکەدا بلۆکی ئینگلیزی و دژە رەگەزپەرستی ئایدۆلۆژی-ئاینی بردیەوە چونکە عەمەلگەرا و پراگماتیک و ئابوری-سیاسی بوو، کە ئەوکات ئینگلیز رابەرایەتی دەکرد. لەمڕۆدا ئەمریکا دیارە شوێنی بەریتانیای جارانی گرتووە و لەبەرامبەریشدا روسیا و هاوپەیمانە شەرمنەکانی بلۆکی جلخوارەکانی جاران و تورکیای نێوان دوو جەنگی ئەتاتورکیان گرتۆتەوە. چونکە غیرەت و ئایدۆلۆژیا و رەگ و زمان و شوناسی تەسک دەیانجوڵێنی نەک عەمەلگەرایی و پراگماتیک.
ئەمڕۆ جلخوارەکان لەمبەرن ئەوانەن کە لەگەڵ هێزە نەریتی و ئایدۆلۆژیەکاندا یەکیانگرتوە، ئەمڕۆ ئەگەر شێخ نوری شێخ ساڵەح کە لە نوسەرانی ژیانەوە بوو بمایە بە هەمان نەفەسی ئەوساوە، دیسانەوە دەبویەوە لایەنگری گوتاری عەملگەرایی و پراگماتیکی ئەمریکی و ئینگلیزەکان کە تورکیا پۆلیسی ئەوانە لەمڕۆدا ئەوکات فەیسەڵی یەکەم عەرڕابیان بوو، خێرا لەبری گوتاری (تورک و کورد-گورگ ومەڕ)ی ژمارە١٩ی ٣ی مارتی١٩٢٥ی ژیانەوە گوتاری (روس و کورد- گورگ و مەڕ)ی دەنوسیەوە و لە جیاتی تاوانەکانی تورک (کە ئەمڕۆ شوناسی تورک فراوانتر و دژە رەگەزی و پراگماتیکیانەیە) تاوانەکانی روسیای لە ئانی جەنگی یەکەمی جیهانی و کشانەوە شومەکەی لە جەنگ لە ١٩١٧ بۆ کورد و دەسخەڕۆکردنی قازی محەمەد و پشتکردنە شۆڕشی کوردی هاوچەرخ و ناچارکردنی خۆبەدەستەوەدانی ئۆجەلانی بیردەخستینەوە.
لای من هەولێری پایتەختئەمڕۆ لە روی جوگرافی و رۆڵەوە بەغدای جارانەبەشێکی رۆڵەکەی مەلیک فەیسەڵی یەکەمی عێراقی پێدراوە وەک جۆن ئینگلیز ئاشوری و کورد و تورکی بۆ کردە قوربانی و عێراقی بۆ ئەو کورە مودەلەلەی دروستکرد، هەروەک چۆن ئێرانیشی بۆ رەزا شا لەبەرامبەر هەژمونی کۆمۆنیزم و سۆڤیەت پاراست. ئاواش لە بەرامبەر داعش و سوریا و عێراقی دوای سەدام و روس ئێستا کوڕی مودەلەل هەرێمی کوردستانە بۆ ئەمریکا و ئەوروپا و تورک، هەرواش دیسان جوگرافیای هەرێم دەپارێزێت لەبەرامبەر هەژمونی نوێبونەوەی ورچە سورەکەی روس.
کەواتە “جلخوارەکان” بە رۆڵ لەمبەرن.