سەرۆکى بەشى پەیکەرسازى زانکۆى سەلاحەدین ڕایگەیاند، لەلایەن مامۆستایەکى حزبى لە کۆلێژى هونەرە جوانەکانى زانکۆى سەلاحەدینەوە هەڕەشەى دەرکردنى نەک هەر لە کۆلێژ بەڵکو لە شارى هەولێریش لێکردوم کە شوێنى لەدایکبونمە.
ئازاد کەریم محەمەد، مامۆستا لە لە کۆلیژى هونەرە جوانەکانى زانکۆى سەلاحەدین، شارى هەولێر لەلاپەڕەى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک نامەیەکى کراوەى نوسیوە، وەک خۆى ئاماژەى پێکردووە بۆ خاوەن بڕیارەکان، کەکاتیان نیە یان کەمە گوێ لەقسەکانى من بگرن.
لە نامەکەدا هاتووە “داواکارم لە بەڕێزتان لێکۆڵینەوە لەگەڵ مامۆستا سامى ئیسماعیل مستەفا بکەن، وەک نوێنەرى مامۆستایان و بەرپرسى حزبى مامۆستایان، لەسەر هەڕەشەکردنى کەوا نەک هەر لە کۆلێژەکە بەڵکو لە شارى هەولێریش دەرم بکات کەشوێنى لەدایک بونمە.”
مامۆستا ئازاد ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات “ئەو هەڕەشەیە لە ئاکامى گفتوگۆکردن بووە لەسەر شکاندنى پەیکەرەکانى ناو کۆلێژەکەمان، کاتێ کۆبونەوەیەک سازدرا بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشەیە.”
ئەو مامۆستایە دەنوسێت “ئەو بەڕێزە وادیاربوو هەرە لەسەرەتاوە هەوڵیدا ڕێگام لێ بگرێت، بۆ بەشداربوونم لەو کۆبوونەوەیەدا، بۆیە بەشێوازى سەرشەقامییەوە بە هاوارەوە دەیویست دەرم بکاتە دەرەوەى ژوورەکەم، ئەوە لەکاتێکدایە من سەرۆکى بەشى پەیکەرسازیم و ئامادەبوونم لە کۆبونەوەکە گرنگە بۆ چارەسەرکردنى ئەم کێشەیە، لەگەڵ جێگرى ڕاگر و سەرۆک بەش.”
ناوبراو ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە “وادیاربوو ئەم مامۆستا بەڕێزە بەدەنگى دەسەڵاتى حزبیەوە گفتوگۆى لەگەڵ دەکردین، بۆیە هەر ئەو گفتوگۆى دەکرد، نەوەک ڕاگر و جێگر و سەرۆک بەش، خۆ ئەگەر سەیرى پلە ئیدارییەکە بکەین ئەو جێگرى سەرۆک بەشە، دەبوو دواى هەمووان قسەى بکردایە، بەڵام خۆى بۆ نەدەگیرا و هاوارى دەکرد، من بەرپرسى حزبى مامۆستایانم، وادیاربوو خۆى لەبیرکردبوو کە مامۆستاى زانکۆیە.”
مامۆستا ئازاد کەریم، ئەوەشى وتووە “هیوادارم ئاگادارى ئەم جۆرە کەسانەبن کە نوێنەرایەتى ئێوە دەکەن.”
هەروەها نوسیویەتى “ئەگەر دەتانەوێت ڕاستیەکان تەنانەت لەیەک لایەنەوە نەبێت، وەک ئەو بەڕێزەى کە باسى کردووە لەناوچەى حزبیەوە، ئەوە دەتوانن ڕاپرسیەک ئەنجام بدەن لەناوەوە و دەرەوەى کۆلێژ تابزانن مێژووى من چیە و مێژوى ئەو چیە.”
مامۆستا ئازاد ئەوەش وتووە، کە ٣٧ ساڵە خزمەتى هونەر دەکات و دەیان بڕوانامە و خەڵاتى بەدەستهێناوە و یەکێک لەو خەڵاتانە خەڵاتێکى جیهانیەوە بڕوانامەى ماستەرى لەیەکێک لە زانکۆ بەرزەکانى بەریتانیا بەپلەى نایاب بەدەستهێناوە، جگە لەوەى ئەندامى دامەزرێنەرى چەندین کۆمەڵە و ڕێکخراوى هونەرییە و لەئێستاشدا ئەندامى سەندیکاى هونەرمەندانى کوردستان و عێراقە.