لە کۆتاییەکانی ساڵدا و ساڵانە لەکاتی راگەیاندنی ئەنجامی پێشکەشکردنەکانی خوێندکاران بۆ زانکۆ و پەیمانگاکان، هەندێک دیمەنی کۆمیدیی و زۆر جار تراژیدییی دەبینین، هەندێک لە ئەنجامی قبوڵکردنیان لە کۆلێژ و پەیمانگاکان ناڕازین، هەندێکیش بەناچاری ڕازین. گومانی تێدا نییە کۆمەڵێک هەوڵێکی زۆریان داوە و نەیانتوانیوە بچنە ئەو کۆلێژەی کە خۆیان مەبەستیان بووە.
ئاشکراشە ساڵانە هەڵئاوسانێک لە نمرەی خوێندکاراندا دروستدەبێت بەجۆرێک بۆ ئەوەی بتوانێت لە کۆلیژی پزیشکیی بخوێنێت پێویستە ڕێژەی سەد لە سەد بەدەستبێنێت.
ڕۆژانە لەنێوان چینە جیاجیاکانی کۆمەڵگەشدا باس و خواست لەسەر سیستەمی خوێندن و سیستەمی وەرنەگرتنی خوێندکاران دەکرێت بۆیە ناتوانین باس لە تەواوی کێشەکان و جیاوازییەکان بکەین و تەنها تیشک دەخەینە سەر خاڵێک و دەپرسین:
ئایا بەرهەمەکانی سیستەمی (قبوڵ مرکزی – ناوەندی وەرگرتنی فێرخوازی) کاریگەریی چییە لەسەر کۆمەڵگا؟
لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی سێهەمدا، کوردستان بە نمونە، زۆربەی داواکارییەکان وهیوا و ئاواتی منداڵان و گەنجان ئەوەیە لە پاشەڕۆژدا ببنە پزیشک یان ئەندازیار، هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ساڵانی پێشو کاتێک لە زۆرێک لە وڵاتاندا جەنگ هەبووە وڵات پێویستیی بە پزیشک بووە جگە لە لایەنە مادییەکەی وەک کارێکی مرۆڤایەتیی رۆڵی هەبووە. ئەندازیارییش لە بیناکردنەوەی وڵاتاندا رۆڵی گرنگی هەبووە و بەهەمان شێوە لایەنەکانی تر سودیان لێ بینیوە. ئەمەش وای کردووە زیاتر تیشک بخرێتە سەر ئەو دوو بوارە و بەشەکانی تری خوێندن فەرامۆشبکرێن و کۆمەڵگا ببێت بە چوار بەشەوە.
سیستەمی خوێندن لە کوردستان جیاوازییەکی نامۆی دروستکرد؛ هەمیشە ئەو قوتابییانەی نمرەکانیان بەرزە دەچنە کۆلیژی پزیشکیی یاخود ئەندازیاریی. بەشێکی تری دەچنە کۆلیژی زمان و زانستەکان کە دواتر دەبن بە مامۆستا و هەندێکیشیان پیشەی تر دەدۆزنەوە. بەشی سێهەم دەچنە کۆلیژەکانی زانستە سیاسییەکان و کارگێڕیی و ئابوریی و کارگێریی کار کە زۆر جار ئەم بەشانە ئیدارەی وڵات و شوێنە هەستیارەکانی دەستەڵات دەگرنەدەست و کۆنترۆڵی هەردو بەشی سەرەوە دەکەن، بەتایبەت ئەوانەی بە وەرگرتنی تایبەت (قبول خاص) وەرگیراون. بەشی چوارەم زۆر جار دەچنە بوارە سەربازییەکانەوە، ئەم گروپەش لە زۆربەی وڵاتی جیهانی سێهەمدا ئەگەر کودەتا نەکەن ئەوا بە شێوەیەک لە شێوەکان لەپشت پەردەوە حوکمدەکەن.
هەنوکە لە زۆربەی مشتومڕ و گفتوگۆکاندا قسەیەک دەکرێت کە کەسی نەشیاو دەچێتە شوێنی شیاو، بەڵام ئەگەر مەبەست لە باسکردنی کێشەکان چارەسەرکردن بێت، دەبێت لە بنەڕەتەوە چارەسەرێکی ریشەیی بۆ بکرێت لەبری دابەشکردنی خەتەکان. یەکێک لە چارەسەرییە بنەڕەتییەکانیش ئەوەیە نمرە نەبێتە هۆی دابەشکردنی چینەکانی فێرخواز بەڵکو حەز و ئارەزو و توانا و لێهاتوییەکان ببنە پێشینەیەک بۆ بەردەوامیی خوێندن و دیاریکردنی داهاتوی فێرخواز.