عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی
سەد ساڵ بەسەر جەنگی یەکەمی جیهانیدا تێپەڕیکرد. کاتێك کە جەنگی جیهانی یەکەم لە ١١/١١/١٩١٨ کۆتایی پێهات، تەواوی بازارو دوکانەکان دادەخرێن لە زۆریەی وڵاتانی جیهاندا و خەڵك بۆ بەرقاراربوونی ئاشتی دەکەونە سەماو گۆرانی. بەڵام خۆشی و شادیەکە زۆری نەخایاند، لە پشت ئەو جەنگەوە دوژمنێکی تر دروست دەبێ کە لە ژمارەی سەربازە کوژراوەکان زیاتر دەکاتە قوربانی.
لە ١١/٦/١٩١٨ دا نەخۆشیەك بەناوی نەخۆشی ئیسپانی بڵاو دەبێتەوەو یەکەمجار لە کۆمەڵێ سەربازی فەرەنسی دەدات.تا دەهات نەخۆشیەکە زیاتر تەشەنەی دەسەند و دەرکەوت کە ئەو ڤایرۆسە چەند کوشندەبوو، کە توانی لەماوەیەکی کەمدا ئەوەندە سەربازی ئەمەریکی بکوژێت کە لە جەنگەکەدا ئەوەندەیان بە گولە لە لێنەکوژرابوو. کاتێك کە جەنگی جیهانی یەکەم کۆتایی دێت سەربازە ئەمەریکیەکان ئەو نەخۆشیە لەگەڵ خۆیاندا دەبەنەوە بۆ ئەمەریکا، بەو هۆیەوە ڤایرۆسە کوشندەکە بە هەموو جیهاندا بڵاو دەبێتەوە.
هەر چەند ساڵێك دوای تەواو بوونی جەنگەکە کێشەی هەژاری و تێکشکاندنی بواری ئابووریش بەدوای خۆیدا دەهێنێت. لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپادا زۆرکەس لە برساندا و لەبەر هەژاری گیان لەدەست دەدەن. لە ساڵی ١٩٢٣ دا پارەی ئەڵمانی بووە بێنرخرتین پارەی جیهان. پاش تەنها شەش ساڵ ئابوری جیهان تەواو خراپ بوو. لە ساڵی ١٩٣٩ دا دیسانەوە جەنگیکی تری جیهانی کە بووە جەنگی دووەمی جیهانی دروست بوویەوە کە وەك باس دەکرێت تەواوکەری جەنگی یەکەمی جیهانی بووە. چی لە دوای ئەو جەنگەوە بوو تا ئێستا مەتەڵێکەو کارەساتێکی گەورەی مرۆیی لە گەڵ خۆیدا هێنا.
لەگەڵ ئەوەشدا کە نەخۆشیەکان بەردەوام مرۆڤایەتی لەناو دەبەن، کە مرۆڤ تەمەنێکی دیاری کراوی هەیە و تەمەن لە خۆیەوە دەڕوات، گرفت و تێکجوونی دەروونی دەتوانێ ڕوو لە هەموو مرۆڤەکان بکات، هەژاری زۆر ئاسان دەتوانێ بەرۆکی هەریەکەمان بگرێ، کە ئەم ژیانە هەر کۆتایی دێت کە چی مرۆڤ بۆ بەرژەوەندیە خۆپەرستانەکەی خۆی واز لە گەندەڵی و تیوەگلانی لە پۆخڵەوات و تووندوتیژی و خەلقکردنی جەنگ ناهێنیت. مرۆڤ زۆر ئاسانتر لایەنە دڕندەیەکەی خۆی بەکار دەهێنێ و تەواوی ژیری خۆی تەرخاندەکات بۆ لەناوبردنی ئارامی کەسانیتر بەبێ هیچ ویژدانێك و بیرکردنەوە لەوەی کە هەر ڕۆژێك بێ خوا دەتوانێ بەئاسانترین شێوە کۆتای پیبێنێت، و دەربازی نەبێ لە مردن.
من لەو بروایەدام زۆربەی دەرووناس و کۆمەڵناسەکان لە ئیستادا دەگەڕین و بیریان لەگەڕدایە، هەتا بتوانن شتێ بنوسن کە ئارامی بۆ تاکی کورد بگەڕیننەوە. بەڵام لەبەر ئاڵۆزی و زەحمەتی دۆخەکە ئاسان نیە کە مرۆڤەکان بگەیەننە ئەو ئاستەی کە هێورببنەوە و بتوانن سەر لەنوێ کار لەگەل بیرکردنەوەی خۆیاندا بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا من پێموایە دەبێ تاکی کورد ژیرانەتر مامەڵە لەگەڵ بیرکردنەوەکانی خۆیدا بکات. هەر بیرکردنەوەیەك لە دۆخی ئیستا و هەلسانگاندی بۆ دۆخەکە، نابێ هیچ خۆ بەدەستەوادانێکی تیابێ. دەبێ بزانی چ بیرکردنەوەیەك لەو بیرکردنەوانە جۆرێك لە خۆشی و دڵنیایی و شانازی تیایە، ئەو بیرکردنەوەیان هەڵبژیرێ. دەبێ هەمیشە چاوەروانی باشترینبین کە ڕووبدات نەك بە پێچەوانەوە، لەبەر ئەوەی لە دوایشدا هەر تۆ ئارامی جەستەی و دەروونی بەدەست دەهێنی. ناکرێت خۆت بۆ نارەحەترین بار خۆت ئامادە بکەیت کە تەنها شڵەژان و وزە بەفیڕۆدانی بەدواوە بێت، کە وزەیەکی زۆر لە دەوروبەرت هەڵدەوەرێنیت و توشی سەرئێشەیان دەکەیت.
ژیان هەمووی گرفتە و ئەوەندەی دەتوانی کاربکە بۆ چارەسەریان، ئەگەر هەر هیچت پێنەکرا ئەوا لەگەڵ خۆتا کاربکە. بزانە مانای ئارامی دەروونی چییەو چۆن لە هەموو دۆخێکی دژواردا پەلت دەگرێ و ڕزگارت دەکات.
بەداخەوە کە مرۆڤ هەمیشە لە هەڵپەدایە و بێئاگای خۆی لە دەست دەدات، شوێن هەستەکانی دەکەوێت و خودی خۆی و ئیستای بیر دەچێتەوە ،تەنانەت وا دەزانێ هەرگیز نامرێ، کە دەشمرێ هەست ناکات کە ڕۆژێ ژیابێ.
ئەگەر دەتەوێ چاوت داخە بۆ ساتیك و چەند هەناسەیەکی قوڵ و ئارام هەڵمژە. کە زانیت کەمێك خاو بویتەتەوە ئەوکاتە بیر بکەرەوە لە ئاشتی. پڕببە لە ئاشتی و ئارامی. کە چاوت کردەوە ئەو ئارامیە بە دەوروبەرت ببەخشە. ئەگەر شەڕ و توڕەبوون دەرکەیتە دەرەوە لە بە ئاگایماندا، ئەو کاتە دەروونمان شوێنێکی زۆری تیایە بۆ ئارامی.