لەگەڵ توندبوونەوەی هەر هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هەموو چاوەکان دەچنە سەر “گەرووی هورمز” کە شا دەماری ئابووریی و بارزگانیی ناوچەکەیە لەگەڵ جیهان، چونکە دەسەڵاتدارانی ئێران داخستنی ئەو گەرووە وەک چەکێکی بەهێز دژی جیهان بەکاردەهێنن، لەگەڵ داخستنی لە ١٩٪ پێویستی نەوتی جیهانیی و (١١.١٪)ـی بازرگانی دەریایی جیهان، پەکی دەکەوێت.
گەرووی هورمز و گرنگییەکەی
گەروی هورمز، بەو تەنگە ئاوییە دەوترێت، کە دەکەوێتە نێوان ئێران و عومانەوە، لەسەر کەنداوی فارسیی، کە ئێران تیایدا دەبێتە دراوسێی کۆیت و سعودییە و ئیمارات و عومان و عێراق، لەوێشەوە توانای پەیوەندی بە جیهانیی دەرەوە پێ بەخشیووە.
پانی گەرووەکە نزیکەی ٣٠ کیلۆمەتر دەبێت و قووڵایی و هەڵکەوتە سرووشتییەکەی گونجاوە بۆ تێپەڕبوونی کەشتییە گەورەکان.
گەرووەکە بە شادەمارو دڵی بازرگانی وزەی جیهان ناودەبرێت، چونکە یەکێکە لە گرنگترین هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت لە جیهاندا، نزیکەی ٢٠٪ـی بەکارهێنانی نەوتی جیهان، واتە نزیکەی ٢٠ ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، بەو گەرووەدا بەرەو بازاڕەکانی جیهان تێدەپەڕێت.
ئەو گەرووە بەر تەسکە دەکەوێتە ناو جوگرافیای ئێرانەوە و کۆنتڕۆڵەکە لە دەستی سوپای پاسداراندایە، بۆیە دەسەڵاتدارانی ئێران بەردەوام بە داخستنى ئەو گەرووە هەڕەشە لە ئەمریکا و ئیسرائیل و جیهان دەکەن، بەڵام چی لە هێرشی ١٢ ڕۆژەی ساڵی ڕابردوو چی لە هێرشەکانى ئەم چەند ڕۆژە نەیتوانیوە گەرووەکە دابخات و ئەو کارتە بەکاربهێنێت، بەڵام بە ناڕاستەوخۆ لە دوێنێوە جموجۆڵی کەشتییە نەوت هەڵگرەکان لە گەرووکەدا وەستاون.
گرنگی و مەترسی داخستنی گەرووی هورمز
گەرووی هورمز ڕێڕەوی هەناردەکردنی بەرهەمهێنەرانی سەرەکی وەک سعودیە، ئێران، کۆیت و ئیمارات بە هورمزدا تێدەپەڕێت، هەروەها نزیکەی هەموو هەناردەکردنی گازی سرووشتی شل (LNG)ـی قەتەر بە گەرووەکەدا تێدەپەڕێت، نەبوونی ڕێڕەوێکی دەریایی بەدیلیش مەترسی زیاتر دەخاتە سەر ئەم ڕێگایە.
داخستنی ئەو گەرووە دەبێتە کارەساتێکی ئابووری بۆ ناوچەکە، زۆرینەى وڵاتانی ناوچەکە سەرچاوەی ژیان و داهاتیان نەوت و گازە، بۆیە داخستنی گەروەکە دەبێتە هۆی خنکان و وێرانبوونى ئابووری وڵاتانى ناوچەکە بە ئێران خۆشییەوە، لەئەگەری بڕیارێکی لەو جۆرەش نرخی نەوت بەشێوەیەکی خەیاڵی بەرز دەبێتەوە کە دوور نییە نرخی یەک بەرمیل نەوت بگاتە ١٤٠ دۆلار.
جگە لە نەوت خاڵێکی گرنگی ترانزێتە بۆ گواستنەوەی کۆنتێنەرەکان لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، ئەگەر گەرووەکە دابخرێت، زیانی گەورە بەرۆکی بازرگانی جیهانی دەگرێت، بۆیە داخستنی گەرووەکە دەتوانێت هەڵاوسان لە سەرانسەری جیهاندا زیاد بکات، دووریش نییە دەیان قەیران لە کەرەستەی خاو و کشتوکاڵ و کاڵای بەکاربەردا دەستپێبکات.
یەکێک لە هۆکارەکانی قورسی داخستنی گەرووەکە بوونى بنکەی سەربازی ئەمریکا، چین، فەرەنسا و وڵاتانی دیکەیە لە جیبۆتی، ئەمە وایکردوە هەرچەندە ئێران هەڕەشەی داخستنی دەکات، بەڵام ڕێگەی پێنەدراوە، لەسەروو هەمووشیانەوە چین بەردەوام فشار لە ئێران دەکات بڕیاری لەو جۆرە نەدات.
گەرووی هورمز و کاریگەری لەسەر عێراق
ئەگەر گەرووی هورمز دابخرێت ئەوا کاریگەری مەترسیداری لەسەر عێراق دەبێت، چونکە عێراق ڕۆژانە نزیکەی سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە بەندەرەکانی باشووری عێراقەوە لە رێڕەوی هورمزەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکات.
بەو پێیەی نزیکەى ٨٥٪ـی داهاتی عێراق پشتی بە فرۆشتنی نەوت بەستووە، داخستنی گەرووەکە مانای وەستانی نەوتی عێراق، بەوەش گورزی کەمەرشکێن بەر داهاتی حکومەتی عێراق دەکەوێت و بە ئەندازەیەکی زۆر کەم دەکاتەوە، وڵاتەکەش ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی ئابووری دەکاتەوە.
عێراق دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی جیهانە لەنێو وڵاتانی ڕێکخراوی ئۆپێکدا بۆ بودجەی خۆی پشت بە سەرچاوەی داهاتی نەوت دەبەستێت، ئەگەر ئەو سەرچاوەیەش نەمێنێت یان لاواز ببێت ئەوا دەماری ئابووری عێراق دەپسێت و هەژاری و قات و قڕی بڵاودەبێتەوە
بەرپرسانی حکومەتى عێراق دەڵێن ئەگەر گەرووی هورمز دابخرێت ڕێگای جێگرەوەیان هەیە بۆ هەناردەکردن ئەویش ڕێگای تورکیا و ئوردنە، بەڵام ئەو دوو ڕێگایە توانایان سنووردارە و ناتوانن قەرەبووی زیانی داخستنی گەرووەکە بکەنەوە.
لە حاڵەتى وەستانی هەناردەکردنى نەوتی عێراقیش زیانی ڕاستەوخۆشی بۆسەر هەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٢٣٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی سۆمۆوە دەفرۆشێت، بەغدا مانگانە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەدات کە زیاتر ٩٠٠ ملیار دینارە، بەوەش چیتر عێراق ناتوانێت مووچەی هەرێم بدات، چونکە ناتوانێت مووچەی خۆشی بدات، مەگەر لە ڕێگەی قەرزی دەرەکیی یان دەستبردن بۆ پارەی یەدەگ.
بۆچی ئێران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز دەکات؟
لە ساڵی (١٩٨٣)ـەوە ئێران بەبەردەوامی هەڕەشەی داخستنی گەرووەکە دەکات، لە سۆنگەی گرنگی ئەو ڕێڕەوەوە، وەک کارتێکی بەهێزی ئابووریی و بازرگانیی و سیاسیی، گەرووی هورمز کەنداوی عەرەبی بە کەنداوی عومانەوە دەبەستێتەوە، پاشان زەریای هیندی.
لە ١٩٪ـی پێویستی نەوتی جیهانی و (١١.١٪)ـی بازرگانی دەریایی جیهانی لێوە تێدەپەڕێت، لە ٨٥٪ـی نەوتی عێراقیش.
گەرووەکە، بە ڕێڕەوی سەرەکی نەوت و گاز لە ناوچەکەوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان دادەنرێت، ڕۆژانە نزیکەی (٢٠ ملیۆن) بەرمیل نەوت لەو گەرووەوە دەگوازرێتەوە، ئەمەش وای کردووە، کە ببێتە یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی بازرگانیی لە جیهاندا.
ڕۆژانە ٢٠ تا ٣٠ كەشتی نەوت هەڵگر پێیدا تێپەڕ دەبێت، بە جۆرێك هەر ٦ خولەك جارێک بارهەڵگرێك لە پێیدا تێدەپەڕێت.
هەر پەککەوتنێک لە هاتوچۆی کەشتیوانیی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر نرخی نەوتی جیهانی دەبێت.
سەرچاوە:رۆژنیوز