هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لە خورماتوو نزیكەی 140 كەسیان لەیەكتری دەستگیركردووە و وەفدێكی باڵای حەشدیش بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە گەیشتە خورماتوو.
محەمەد فایەق بەرپرسی راگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو، بە بهشی كوردی دەنگی ئەمەریكای راگەیاندوه “شەوی رابردوو توركمانە شیعەكانی سەربە حەشدی شەعبی زیاتر لە 100 دوكانی كوردیان سوتاندووە و تاڵانكردووە، بۆیە ئەمڕۆش كوردەكان ژمارەیەک دوكانی توركمانە شیعەكانیان سوتاندووە.”
وتیشی”گفتووگۆ و دانوستان لە نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی بە ئامادەبوونی وەفدی ئێرانی بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە دەستیپێكردووە.”
بەپێی وتەی بەرپرسی راگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو، چەكدارانی حەشدی شەهبی نزیكەی 70 هاوڵاتی كوردیان دەستگیركردووە و كوردەكانیش لەبەرانبەردا ژمارەیەكی زۆر توركمانی شیعە مەزهەبیان گرتووە، بۆیە دوای هێوركردنەوەی دۆخەكە دیل بەدیلیان پێدەكرێت.
هاوكات حەسەن بارام جێگری بەرپرسی بازنەی حەمرینی یەكێتی، ئۆباڵی تەقینەوەی بارودۆخەكە لە خورماتوو دەخاتە ئەستۆی چەكدارە شیعەكان و ، دەڵێت” كوردیان ئیستیفزاز كردووە.”
نەجات حسێن فەرماندەی چەكدارەكانی حەشدی شەعبی كەبەمەبەستی گفتووگۆكردن رۆیشتووەتە قەزای خورماتوو، بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاند “ئێمە و كورد براین، كار و كاردانەوەی چەند گەنجێك برایەتیمان تێك نادات و دۆخەكە بە گفتووگۆ هێور دەكەینەوە.”
لە ئەنجامی توندوتیژیەكانی خورماتوو 4 چەكداری حەشدی شەعبی و 3 پێشمەرگە و چەند هاوڵاتیەكی مەدەنیش گیانیان لەدەستدا.